حزبوڵلا لەجیاتی ئیسرائیل لوبنانی سوتاند.. !!

حزبوڵلا لەجیاتی ئیسرائیل لوبنانی سوتاند.. !!

تەقینەوەکەی بەندەری لوبنان، هەر تەنیا لوبنای گڕ نەدا، بەڵکو تەواوی دونیاشی لەهەمبەر سیاسەت و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی لوبنان و نیازەکانی حزبوڵڵا بەئاگا هێنایەوە. ژمارەیەکی زۆر مردن و بەهەزارەهاش برینداربوون و بەسەدان هەزاریش سەرگەردان دەبن. پایتەختی دارایی و ناوەندی گواستنەوەی دەریایی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵا گڕی گرت.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەو ناوچەیە، کە یەکێکە لەدەروازە دەریاییەکانی لوبنان و لەژێر دەسەڵات و فەرمانڕەوایی حزبوڵڵایە، نە کحوومەتی لوبنان و نە پێکهاتەکانی دیکە ناتوانن لەم شوێنەدا فەرمانڕەوایی بکەن، لەکردەوەدا ئەم شوێنە وەکو سەرچاوەیەکی ستراتیژی لەلایەن حزبوڵلا بەکارهێنراوە و سەرچاوەیەکیش بووبێت بۆ دروستکردنی کەرەستە و بۆمبی جەنگ و تەقینەوە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
حزبوڵلا لەفشارە سەربازی و ئەمنی و ئابوورییەکانی و دواتر گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی لوبنانی سەرکەتوو بووە، نەک هەر ئەوەش هەمیشە کاری کردووە سەروەری لوبنان لەهێز و فشار و بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەرجەستە بکات. ئێمە دەزانین لوبنان یەکێک لەو وڵاتانەی نزیکەی نیو سەدەیە لەنێو ناکۆکییەکی توندی تائیفی و شەڕ و کاولکاریدا دەژیت. ئەمجارە دەرکەوت حزبوڵڵا کەرەستە و چەکی ترسناکی لەشوێنی ژیانی هاووڵایان شاردۆتەوە، ئەنجامەکەشی ئابڕووچوونێکی سیاسی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لایەنەکان لوبنان بەئاشکرا (حزبوڵڵا) بەسەرچاوەی ئەم کارەساتە مرۆییە ترسناکە دەزانن، بەکردەوەش ئاشکرایە ئەو کەرەستانەی لەم شوێنە شاردراوەتەوە، موڵکی حزبوڵڵایە. نەک هەر ئەوە ئەو لایەنانە سوپا و هێزی ئەم لایەنە بە بەشێک لەپێکهاتەی سوپا و هێزی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنێن. هیچ کەسێکیش ناتوانێت ئەو هاوبەشی و هاوکاری و تێکەڵییە بشارێتەوە کە لەنێوان حبزوڵلا و سوپاسی پاسداران و لایەنە ئێرانییەکاندا هەیە.
ئایا کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ئەم ڕووداوە ئیستغلال دەکات بۆ ئەوەی سزایەکی توندتری حزبوڵڵا بدەن؟ ئایا حکومەتی لوبنان لەجیاتی سنووردارکردنی مەترسییەکانی ئەو هێزە ناوەخۆییە، جارێکی دیکە دەست بەگفتوگۆیەکی دۆڕاو دەکات و لەجیاتی گێڕانەوەی سەرەوەری بۆ فەرمانڕەوایی، خواستەکانی ئەم حزبە جێبەجێ دەکات؟. یان لەڕووداوی ئەو گەورەدا حکوومەت دەبێت دەست لەکاربکێشتەوە؟ هەرچەندە ئێمە دەزانین سەرۆک وەزیرانی ئێستا بەڕەزامەندیی هێزی شیعەی لوبنانی دەست بەکاربووە.
لایەنە عەرەبییەکان دەرفەتێکی دیکەیان بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی حکوومەتی لوبنان و دەوڵەتێک بکەن، کە نوێنەرایەتی لوبنانییەکان بکات، نەک هێزی دەرەکی، کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و ئارامی. ئەمە لەکاتێکدا ڕوو دەدات، لوبنان لەنێو قەیرانی دارایی و سیاسیدا بەرەو خنکانە، دەسەڵاتی ئێستاش وەکو دەسەڵاتێکی کاربەڕێکەر هەڵسوکەوت دەکات و لەبنەڕەتدا حکوومەت و دەسەڵاتی قەیرانەکانە، نەک حکوومەتی چارەسەری قەیرانەکان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوخەمی لەگەڵ لوبنان دەربڕی، ئەم هاودەنگییە، دوور نییە ببێتە بەشێک لەفشاری سیاسی و دیبلۆماسی دژی باڵادەستی و خۆسەپێنی حزبوڵڵا، بەمەرجێک سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان بتوانێت، وەکو هەنگاوێکی مێژوویی بڕیار و بەرنامەی دەربازکردنێکی بنەبڕ پێشکەش بکات.
لوبنان دەهەژێت و یەکپارچە دەبێتە خەلووز، کەچی سیاسییەکان و حزبەکان خەون بە خەونە کۆنەکانیان دەبینن و حزبوڵڵا تازە بەتازە دەیەوێت کارتە کلاسیکییە ڕۆتینیەکەی بەکاربهێنێت و (حەسەن نەسروڵڵا) گوتی ئیسرائیل دەسوتێنین. مۆدیلی ئەم گوتار و گوتارە پەرچەکردارە نەماوە، هەقیقەتی ڕووداوەکان ئاشکران، کەچی بەکردەوە وەکو هەموو جارێک، ئەم جارە بەدەستی خۆیان لوبنانیان سوتاند. پێشتر لەسایەی شەڕەکان دژی ئیسرائیل، زەمینەی ئەوەیان ساز دەکرد لوبنان تەخت بکرێت، بەڵام ئەم جارە خودی حزبوڵڵا تۆپەکەی بەهەڵە ڕوو لە لوبنان کرد و بێ ئەوەی سوپای ئیسرائیل فیشەکێک بتەقێنێت، لوبنان سوتا و گەورەترین زیانی مرۆیی و دارایی و سیاسی پێگەیشت. ئەوەیە هەڵە، حزبوڵڵا لەجیاتی ئیسرائیل بسووتێنێت، لوبنای سوتاند.
بابزانین هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چۆن ئەم تەقینەوە و ئاراستە مەترسیدارەی حزبوڵلا و لاوازیی و کەساسی لایەنە سیاسییەکانی و لەڕی حکوومەتی لوبنان بەکار دەهێنێت، ئایا ئەمە دەکەنە کارتێک دژی ئێران، یان بەپێچەوانەوە ئەوانیش کارتەکە بەشێوەیەک بەکاردەهێنن، لوبنان پتر و پتر بەرەو پەرواێز و تەپین دەبەن. گرنگ لوبنان گڕی گرت، با بزانین لایەنە سیاسییەکان خەونەکانیان دەگۆڕێت، یان لەسەر هەمان پاشەگەردانی پێشوو بەردەوام دەبن؟.
Top