هەر دەم پێشەنگی كوردایەتی وكوڵنەدان..

هەر دەم  پێشەنگی كوردایەتی وكوڵنەدان..

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك رێبازێكی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی و سەردەمیانە لەدایكبوو،كە گوزارشتی لە هەموو چین و توێژەكانی كوردستان دەكرد و ئامانج و خەبات و شێوەی كاركردنی روون و ئاشكرابوو.پارتی خاوەنی هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانە، كە درێژترین و بەهێزترین و پڕ دەستكەوتترین شۆڕشی گەلی كوردستان بوون لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا.پارتی خاوەنی رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970‌، كە بەرهەمی شۆرَشی مەزنی ئەیلوولە و چەندین دەستكەوتی گەورە و مێژوویی بۆ كوردستان وەدیهێنا و بۆیەكەمجار لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەكەی كوردستاندا، لەم بەشەی كوردستاندا بە فەرمی دان نرا بە بوونی كورد وەكو نەتەوەی سەرەكی لە عێراقدا و وەكو خاوەنی قەوارەیەكی ئۆتۆنۆمی لەو وڵاتەدا.سەركردەی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی ، خاوەنی بیرۆكە و دەستپێشخەری بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی بوو كە بەو هۆیەوەو بەو یەكریزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان، راپەڕینە شكۆمەندەی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا.سەرۆك بارزانی، كە سەرۆكی پارتی و هاوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانیش بوو، لە راپەڕینە مەزنەكەی ئاداری 1991دا سەرپەرشتی راپەڕینەكەی دەكرد و رۆڵی گەورە و بەهێزی بینی ، كە ورەیەكی پۆڵایینی بە پێشمەرگە و بە جەماوەری راپەڕیو بەخشی تا رزگاركردنی نزیكەی هەموو خاكی كوردستان بە كەركووكی خۆشەویستیشەوە.سەرۆك بارزانی یەكەم سەركردە بوو كە هەر دوای راپەڕین لە كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەرییدا له ‌شاری كۆیە، لەپێناو بەڕێوەبردنێكی دامەزراوەیی و یاسایی، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكراسیانەی لە كوردستاندا كرد و ئەوەبوو ئەو هەڵبژاردنەش لە رێكەوتی 19/5/1992دا ئەنجام درا و پارتی دیموكراتی كوردستان لە51%ی دەنگەكانی بە دەست هێنا.پارتی رۆڵی یەكەم و سەرەكی هەبوو لە دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر چەسپاندنی فیدڕاڵی بۆ كوردستان، كە سێ دەستكەوتی گەوره ‌و مێژوویی بوون بۆ گەلی كوردستان و لەو ساوە هەتا ئێستا وێڕای كەموكورتییەكانیشی، هێشتا ئەو قەوارەیە بەردەوامە وەكو نیمچەدەوڵەتێكی سەربەخۆ و بووەتە نەوای ژیانێكی ئارام و ئازاد بۆ دانیشتوانی كوردستان و كوردانی پارچەكانی دیكە و، هەموو ئەو ئاوارانەیش كە لە ناوچەكانی عێراق لە ترسی كوشتن و لەناوچوون روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.پارتی دیموكراتی كوردستان توانی لە ماوەیەكی كەمدا لە متمانەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوووری بە دەست بێنێ‌ و هەرێمی كوردستان بەرەو پێشكەوتن و سەركەوتنی گەورە ئاراستە بكات .سیاسەتی كرانەوە به ‌ڕووی دەرەوەدا و بەهێزكردن و پێشخستنی پەیوەندییەكان و دیپلۆماسییەتی دەرەوە و هێنانی دەیان كۆنسووڵگەریی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان، دەستكەوتی پارتی بارزانییە. هەروەها دەیان كۆمپانیایی گەورەی بواری نەوت و غاز روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و سەرمایە گوزاری بكەن . لەلایەكی ترەوە بینیمان هێزی پێشمەرگەی كورستان بە رابەڕایەتی و سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی رووبەڕووی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بووەوە كە دەیویست كوردستان داگیر بكات، كە گەورەترین و مەترسیدارترین هێزی تیرۆریستی جیهانی بوو، بەڵام تێكی‌شكاند كە بەو هۆیەوە ناوی پێشمەرگە هێندەی تر لەسەر ئاستی جیهان ناووبانگی پەیدا كرد و بووە جێگەی متمانە و رێز و خۆشەویستیی ئاشتیخوازانی جیهان.پارتی و سەرۆك بارزانی، خاوەنی پڕۆژەی ریفراندۆمی 25/9 بوون، ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان، دەستكەوتێكی گەورە و مێژوویی و پڕ لە شانازی بوو بۆ كوردستان، چونكە سەركەوتنێكی مەزنی به ‌دەست هێنا و تیایدا نزیكەی لە 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە بەڵی بۆ سەربەخۆییی كوردستان دا و، ئەوەی ئەو ریفراندۆمەی بایەخداتر و گەورەتر كرد، بەشداریكردنی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بوون.پارتی و هێزی پێشمەرگە دوای شەڕی داعش جارێكی دیكە كوردستانیان لە داگیركردن پاراست و لە داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە هێزی داگیركەری حەشدی شەعبیان تێك‌شكاند كە دوای داگیركردنی شاری كەركووك و خورماتوو و خانەقین لەلایەن ئەو هێزەوە لە ئەنجامی خیانەتی تاقمێكەوە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، دەیانویست هەموو كوردستان داگیر بكەن. ئێستاكەش دەبینن جارێكی تر هەموو دونیا لە خەتە جارێكی تر بەهێزتر لە جاران پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ گەلی كورد بەرەو پێشەوە ببات و حكومەتی كوردستان بەهێزتر لە جاران بێتە نێو هاوكێشە سیاسی و دیپلۆماسییەكانەوە . ئەوەش خۆی لە خۆیدا پێمان دەڵێت كە هەرێمی كوردستان لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی پارتی و بارزانیی پێشەنگە و بەرەو ئایندەیەكی پر هیوا هەنگاو دەنێ‌..
Top