ئابووری عیراق بەرەو کوێ

ئابووری عیراق بەرەو کوێ

فاکتەری بەھێزی ھەر وڵاتێک بوونی ئابوورییەکی بەھێزە کە بتوانرێت بەھۆیەوە رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە و بتوانێت چارەسەر بۆ قەیرانەکان بدۆزێتەوە.
لێرەوە ئەگەر بە وردی سەرنج لە دۆخی ئابووری عێراق بدەین ئەو وڵاتە بەدۆخێکدا تێپەر دەبێت کە لە پێشتر دووچاری نەبووە، دەتوانم بڵێم یەکەم جارە عێراق بەدۆخێکی لەو شێوە تێپەڕێت، کە لەلایەک دابەزینی نرخی نەوت و لایەکی تر ململانێی لایەنە سیاسییەکان و لایەکیتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە ھەموشیان خراپتر گەندەڵی دارایی و کارگێڕی بەشێوەیەک بەرۆکی گرتووە کە دەربازبوون لێی رەنگە ھەم کاتی بوێت و ھەم پاڵپشتییەکی تەواوی لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی نێو حکومەتی فیدراڵی بوێت.
خەرجی و بە فیرۆچوونی داھات:
ئەگەر بەداتا و ژمارە باس لە دۆخی ئابووری و ناریَِکی لە خەرجکردنی بودجە بکەین، تووشی سەرسووڕمان دەبین، کە رەنگە زۆربەمان تا ئێستا لە ھیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەمان بیستبێت کە عێراق بەو دۆخە مەترسیدارە تیدەپەڕێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی باس لەوە دەکات کە ئەوانەی زیاتر لەیەک مووچە وەردەگرن وە لەگەڵ ئەو ناوە ساختانەی کە لەعێراق مووچەیان پێ وەردەگیرێت مانگانە نزیکەی ٢ ملیار دۆلار زیان لە بودجەی گشتی عێراق دەدەن، لە لایەکی ترەوە بە پێی راگەیاندراوی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە عێراق زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار مووچە خۆری ھەیە، کە زیاتر لەیەک مووچەو وەردەگرن، ھاوکات بەپَیی لێکدانەوەی ئابووریناسان تەنھا ئەو پلە باڵایانەی لە عێراق مانگانە زیاتر لەیەک مووچە وەردەگرن ساڵانە ١٨ ملیار دۆلار زیان لە بودجەی گشتی عێراق دەدەن، ئەوە جگە لەوەی کە بە ھەزارەھا ناوی سەختەو دروستکراو کە مانگانە مووچەیان پێ وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی ئەو زیانەی بەر بودجەی گشتی دەکەوێت لە عێراق دەگاتە ٢٤ ملیار دۆلار لە سالێکدا کە ھەروەک لە پێشتریش ئاماژەم پێی کرد مانگانە دەگاتە ٢ ملیار دۆلار. کە دەگاتە دوو ئەوەندەی ئەو بودجەی کە عێراق لە باشترین حالەتدا بۆ ھەرێمی کوردستانی دەنارد لە پێشوودا.
قەیرانی داھات و ھەڵاوسان:
لەرووی داھات عێراق دووچاری چەندین گرفت بووە کە سەرەکیترینیان دابەزینی نرخی نەوتە لە ئێستادا، ھەروەھا سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا کە ئەویش پێویستی بە خەرجیەکی زۆر ھەیە، بۆ رووبەروو بوونەوەی، سەبارەت بە قەیرانی بێکاری عێراق لە ئێستادا رێژەی بێکاری گەیشتۆتە ٣٣% ئەوە بەپێی وتەی وەزیری کاری عێراق )عادل رکابی( کە لەپێشتر ئەو رێژەیە ٢٢% بوو، کە بە ژمارە دەکاتە ١٣ ملیۆن بێکار ئەمە بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق ژمارەیەکی زۆر زۆر مەترسیدارە لە چاو ژمارەی دانیشتوانی کە نزیکەی ٤٠ ملیۆن ھاوڵاتییە، بە پێی ھەمان سەرچاوە نزیکەی ٢ ملیۆن عێراقی دەستیان ناگاتە خواردنی تەندروست.

دەربارەی گەشەی بەرھەمی ناوخۆ لە نێوان ٢٠١٠-٢٠٢٠ گەشەی بەرھەمی ناوخۆیی کە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتان دادەنرێت، واتە ھەرچەندە گەشەی بەرھەمی ناوەخۆ زیاتر بێت ئەوا ئابووری وڵات بەھێزتر دەبێت، بەپێچەوانەش لاوازتردەبێت. سەبارەت بە عێراق بە گوێرەی ئاماری فەرمی رێکخراوی(GDP) Gross domestic product کە تایبەتە بە ئامارو بە دواداچوونی گەشەی بەرھەمی ناوەخۆی وڵاتان، ئەگەر بەشێوەی ئینفوگرافیک باسی لێوە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق لە ماوەی سالانی ٢٠١٠ – ٢٠٢٠ بەم شیوەیە بووە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کەوا گەشەی بەرھەمی ناوەخۆی عێراق زۆر بەرزونزمی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی ھەیە لەسەر ئاییندەی ئابووری عێراق، بە شێوەیەک کەوا نەتوانیت بەرچاو روونی ھەبێت لە دانانی ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ دانانی پڕۆژە و وەبەرھێنانەکانی.
قەیرانی ئابووری و بەرژەوەندی کەسی، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کەوا ئەو قەیرانە ئابووریەی کەوا ئێستا عێراق تێیدا کەوتووە دەرەنجامی رەفتار و گەندەڵییەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانە، کە لە ٢٠٠٣ لە دوای رووخانی رژێمی ئەوکات تا ئێستا کە ھیچ گرنگەیەک بە بوژانەوەی ئابووری و ژێرخانی وڵات نەدرواوە، ئەوەی کە گرنک بووە لای بەرپرسانی ئەو حکومەتانە تەنھا بەرژەوەندی تاکە کەسی بووە.
لەئێستادا حکومەتی عێراق دەستەوەستانە لەبەردەم ئەو قەیرانە، زۆر ئەستەمە بەو نەریتەی ئێستای بتوانی کەوا ئابووری وڵات بەرەو پێش ببات بەھۆی داڕمانی زۆربەی سێکتەرەکان ( کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار) ئەمە جکە لەوەی کەوا گەندەڵی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو لە گشت دام و دەزگاکاندا زۆر بە روونی بڵاو بۆتەوە.
ئەو سەرگەردانیەی کە ئەمڕۆ ئابووری عێراق تێیداکەوتووە، وایکردووە کەوا چارەسەر نیمچە مەحاڵ بێت، چونکە سیاسییەکان لە عێراق بۆ داپۆشینی ھەر قەیرانێکی دارایی پەنا دەبەنە بەر قەرز، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ماڵوێرانییەکی ترە، کە بەرۆکی ئابووری عێراق دەگرێت، چونکە ھەروەک دەزانین بێگومان ئەو قەرزەش سوودی لەسەرەو دەیخاتە ژێر چەندین کۆت و بەند، کە سەرەنجام بە خراپی لەسەری دەشکێتەوە، ھەروەھا لە ئێستاو پێشووتریش سیاسییەکان لە عێراق بیریان لە چارەسەری تر نەکردووەتەوە، وەکو کەمکردنەوەی خەرجی و پەرەپێدانی کەرتە ئابوورییەکان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار.
لەکۆتاییدا دەڵێم ئایا بەو شێوەیە دەتوانرێت ئابووری عێراق بەرەو پێش بچێت؟ یان ئەوەی کە باسمان کرد ھەمووی بە بڕیارێکی سیاسی دەرەکی چارەسەر دەکریت؟
• مامۆستای زانکۆ/ دکتورا لە بواری ژمێریاری و کارگێڕی و دارایی

Top