گەنج و کۆچڕەوی بەردەوام!

گەنج و کۆچڕەوی بەردەوام!

‏‎کۆچکردن رۆیشتنێکی ناچاریيە، چوونی هەیە، گەڕانەوەی نیيە. سەرهەڵگرتنێکی ئەبەدیيە بۆ غوربەتێک، کە رەنگە گەڕانەوە ئەستەم بێ، یان گەڕانەوە، وەک سەفەرێکی کاتی لە ئارادابێ. کۆچکردني گه‌نجان بۆ وڵاتانى بيانى زياتر به‌ هۆی بێ ئومێدیىانه‌ و به‌ هيواى دواڕۆژێكى باشتر په‌ناى بۆ ده‌به‌ن.
رۆژ دوای رۆژ گەنجان زیاتر بێ ئومێد دەبن، لە باشکردنی گوزەرانیان و رەخساندنی ھەلی کار و کۆتايینەھێنان بە قەیرانە دروستکراوەکان. ئاشکرایە ئەم دۆخەی ئێستا زادەی بێ پلانی دەسەڵاتی حوكمڕانه‌، بەرانبەر چینێکی گەوهەريی کۆمەڵگە، كه‌ لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا بە بەنرخترین سەروەت ھەژمار دەکرێن، بەڵام لەم هەرێمی کوردستانەدا، کە سەردەمی بووژانەوە و گۆڕانکاريیە پێویستەکانە بۆ دوبارە رێکبوونەوەی باری ژیان، نەک سوود لە توانای گەنج نابیندرێ، بەڵکو ناچاری دەرپەڕاندنیان دەکەن. ھەزاران گەنج ئامادەن به‌ هۆى بەتاڵيی جزدان و گیرفانيان کارێك بکه‌ن، کە لەگەڵ پسپۆڕيیشيان نەگونجێت، تەنیا لە پێناو خەون و حەزو ئارەزوەکانی ژیانیان، ھەشیانە کارکردنەکەی لەپێناو کۆکردنەوەی داھاتە تا بۆ ئەبەدی وڵات جێ بێڵێ...
له‌ راستيدا بوونی رێژەیەکی زۆری کارمەندانی بیانی لەم ھەرێمەدا، بووەته‌ رێگر لە بەردەم دەرفەتی کار بۆ ھەزاران گەنجی کورد، پێویستە لە بری ئەوەی ئەو کارانەی بە کرێکاری بیانی دەدرێن، دەرفەتی کار بۆ گەنجی کورد بڕه‌خسێنن و ئاسانكارييان بۆ بكه‌ن. هەرکاتێک گەنجی کورد بێكار نه‌بوو، يان ئاماده‌ نەبوو ئه‌و كارانه‌ بكات، ئەو کات دەرفەتی کار بۆخ ەڵکی بیانی بڕەخسێنن. خاوەن کار ھەیە، دەڵێ: گەنجی کورد ئامادە نييه‌ هه‌موو كارێك بكات، بەڵام ئەمە دووره‌ له‌ راستى و گەنج ھەیە لە پێناو کەرامەت و شەھامەتی خۆی ئامادەیە ته‌نانه‌ت كارى كه‌ناسى بکات.
‏‎یەکێک لەو هۆکارانەی كه‌ وا دەکات، گه‌نج بڕیاری سەرهەڵگرتن بدات، زیادبوونی هۆشیاری و ئاشنابوونه‌ بە دونیای دەرەوە... کاتێ گەنج ئەو جیاوازیيانە دەبینێت لە لایەنی مرۆیی و لایەنی ئابووريی بەهێز و داهاتی تاک و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و به‌راوردى ده‌كات له‌گه‌ڵ ژيانى خۆى، جیاوازیيەکان بەوە لێک دەداتەوە کە لەو وڵاتانەدا گه‌نج په‌راوێز ناخرێن و ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بەرانبەر تاک و کۆمەڵ و نیشتمان. گه‌نجان کاتێک ناعەداڵەتی دەبینن، ئامادەن ھەزاران مه‌ترسى و رێگا پڕ سەختیيەکان تاقی بکەنەوە. خۆیان بدەنە دەست قەدەر و ئاوی ئیجە بۆ دەربازبوون لەم دۆزەخە دەستکردەی بۆیان دروست کراوە. لەبەرانبەر ئەوەشدا دەزانن مەسيئول زادەکان لە چ بەھەشتێکدا دەژین، کە ئەوەی ھەیانە و بەدەستیان ھێناوە، بە کارکردن وھەوڵدان نه‌بووە، بەڵکو بەھۆی گه‌نده‌ڵى له‌ سەروەت و سامان و خێر و بێری وڵاتێکە کە مووڵکی ھەموو گەلە، بەڵام بێ شەرمانە قۆرغیان کردووە و دەستییان بەسەردا گرتووە، لە سامان و داھاتی گشتى دەگرنەوە بۆ خۆشی و ناز و نیعمەتەکانی خۆیان. بۆیە گه‌نجان ئاماده‌ن رێگه‌ى سه‌خت و ته‌نانه‌ت مه‌ترسيى گيانى تاقى بكه‌نه‌وه‌، نەک لێرە رۆژی هەزارجار شەرمەزاری ژیان بن.
ئەم دۆخەی ئێستا نزیک دەبێتەوە لە ھەرەسھێنانی کۆمەڵگه‌، کە دەستی کار و كارامه‌بى رۆژ دوای رۆژ کەم ده‌بێتەوە، لەبەرامبەردا چینی بەساڵاچوو زیاتر ده‌بێت.
ناکرێت لە ھەرێمێکی بچووک کە خاوەنی داھاتێکی زۆر و سەرچاوەی مرۆییە، گەنجان ئەمە حاڵیان بێت، بەھۆی سیاسەتی ھەڵە و بێ پلانی نەتوانراوە کەرتەکانی ديكه‌ لەپەنای کەرتی نەوت بەرەوپێش ببرێت، کە سەدان و ھەزاران ھەلی کار بڕەخسێندرێت بۆ ھەموو ئەوانەی نائومێد و ماندوو بوونە بە دەست دۆخی خراپی ژیانیان، به‌ڵام له‌ ئێستادا گه‌نج هيواى گه‌وره‌ى چاكسازييه‌كانى حكومه‌ته‌ و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چيدى پشتگوێ نه‌خرێن.
*چالاکی سیاسی و مەدەنی
Top