مسرور بارزانی دوای ساڵێک لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان

مسرور بارزانی دوای ساڵێک لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان

جوتیارێک کەپشتی بەستووە بەو زەوییەی کاری بەرھەمھێنانی تێدا دەکات، ساڵانە شەش مانگی یەکەم ئامادەسازییە وپلانە بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرترین بەرھەم و باشترین بەرھەم لە شەش مانگی دووەم بدورێتەوە.
ئەم نموونەیەش بۆ مسرور بارزانی دروستەو ھەرواشی کرد، لە ساڵی یەکەمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت پلانێکی ورد، بەڵام تۆکمە بۆ ئەو بەڵێنەی لە کاتی ھەڵبژاردن خۆی وحیزبەکەی بە بەلایەنگران وخەڵکی کوردستانیاندا بوو تاوەکو لە کارنامەی حکومەتەکەی جێگەی بکاتەوە.
ئەمە بێجگە لەوەی ھەر لەسەرەتاوە کۆت وبەندی زۆری سیاسی ناوخۆیی وئیقلیمی بۆ سنووردارکردنی تواناکانی حکومەت ھەوڵی زۆری بۆ درا، ئەمە سەرەڕای ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کولفەیەکی تاقەت پروکێنی لەڕووی داراییەوە دەویست، ئەمە بێجگە لەوەی ئەم پەتایەش بەسیاسی کرا، بەڵام مسرور بارزانی پیاوی ئەرکە قوڕسەکانە وبەسەر دڕک وداڵەکاندا ھەنگاوی ناو ئەو قۆناغەشی ئیدارەدا و تەنانەت وێڕای ئاستەنەگەکان و قەیرانی دارایی لە ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بوو و شەقامی بازنەی ١٥٠ مەتری ھەولێری بۆ قۆناغێکی دڵخۆشکەر بەڕێ کرد.

ئیمڕۆ کەساڵی دووەمی کابینەکەیەتی لەسلێمانییەوە دەستپێدەکات وبەردی بناغەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی دادەنێت، کە بەسێ قۆناخ بەماوەی سێ ساڵ جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش مشتێکە لە خەرمانی کارکردنی ئەم کابینەیە، لەوانەیە ئەوەی مایەی گلەیی بێت دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانە، ئەمەش ھۆکار گەلێکن کە بەسیاسی کراوە، بەغدا وەک پیشەی ھەمیشەیی بودجەو مووچە نانێرێت، بۆ ئەوەی حکومەت لە خزمەتکردن ڕابگرێت، بێگومان ئەمەش بەھاوکاری ونۆکەرایەتی ھەندێک کارەکتەری سیاسی وئیداری کە بە بێ چاو و ڕوویی لە بەرچاوی ڕاگەیاندنەوە داوایان دەکرد بەغدا مووچە بۆھەرێمی کوردستان نەنێرێت، ھەر ئەوەش نا داوایان دەکرد عێراق ھێز بجوڵێنێت بەئاڕاستەی ھەولێر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی شکۆی ھەرێمی کوردستان.
بەڵام لوغمەکان یەک بەیەک پوچەڵ کرایەوە خائینان سەرشۆڕو ھەولێر سەربڵند مایەوە، مسروربارزانی سیاسەتێکی نەرم بۆ کوردستان وبەرژەوەندییەکانی ھاوڵاتییان لەشێوەی ئاو ڕێڕەوەکانی دەکردەوە، ھاوکات ڕەق لەپۆڵا ڕەقتر لە بەرامبەر ئەو تەوژمانەی لە دەوربەرمان دێن تا داشەکانیان لە ناو ھەرێمی کوردستان بجوڵێنن و ئاژاوە بنێنەوە ئەمەش ھاوشێوەی پیلانەکانی رابردوویان پوچەڵکرایەوە.

سەربەرزو شکۆدار بێ ھەرێمی کوردستان لەژێر ڕێنمایی وفەرمانڕەوایی سەرۆک مسعود بارزانی
Top