لە نێرگەلەو کافتریاوە بۆ مادەی هۆشبەرو .....

لە نێرگەلەو کافتریاوە بۆ  مادەی هۆشبەرو .....
ئه‌و سه‌ردێڕه‌، ڕێک وێناى ئەو کەیسانەیه‌ كه‌ چاڕەسەریان بە ڕێنمایی ویستووە، دوای ڕێنمايی پێدانيش زۆریانم ڕەوانەی پزیشکی دەروونی کردووە !ناڵێین هەموو، به‌ڵام زۆرێک لە کافتریاکان حەبی جۆراوجۆری ئاڵوودەبوون لە توتنی نێرگەلەدا بەکاردەهێنن، نێرگەلەکێشانيش هۆكاره‌كه‌ى باشتر ده‌زانن! كاتێك نێرگەلەکێش لە کافتریایەک لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێكى دىسەرى زياتر گێژ دەبێت، يان کافتریایەکى ديكه‌ سەرى پتر قورس دەبێت، دوای ماوەیەکی کەم لە کێشانی ئه‌و جۆره‌ نێرگه‌له‌يه‌، لەخۆوە هەست بە دڵخۆشی دەکات، قسەکردنى زۆر و خێرا دەبێت، لە یەکی دى ئارەزوی قسەکردنى نامێنێ و تەنيا حەزى لە تەنيایی و خەیاڵەو ...هتد. ئايا تۆى نێرگەلەکێش قەت لە خۆتت پرسیوە: بۆچي ئەوەندەت حەز بە نێرگەلەی کافتریاکانە و هەردەبێت بۆی بچیتەوە!؟ ڕوونە لای بەکاربەرانی، ماددەی کحولی، یان هۆشبەر لەسەرەتاوە بڕی کەم بەکار دێت و ماوە دوای ماوە، تاسە و حەسرەتيان بەو بڕەی پێشوو ناشکێ و، پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی بڕی زياتر و قورستر لە بەکارهێنان بۆ لەهۆشچوون!!لە هه‌ندێك کافتریا، بێ ئەوەی ئاگاداربێت کە لە ژێر چاودێریدای، وەکو نێچیرێک بۆ بازرگانە بێ بەزەییەکان دوای ئەوەی هاتن و چوونت بەردەوامە و بە باشی کاریان لەسەرت کردووە و، گەیشتوویتە قۆناغێک کە خۆشت دەزانی نێرگەلەکێشانت لە سنوور دەرکردووە، پاشان لەو شوێنانە هاوڕێی نوێت بۆ دروست بێت، بێ ئەوەی ده‌رک بکەیت، کە ئەوان باش فێرکراون، پاشان لە ڕێگەی خۆیان، یان مێرمنداڵێکی نەناسراو خوڵک دەکرێی بۆ ماددەی هۆشبەر، ئەوانەش بە گوتە زۆر شیرنەکانیان و بەناو دڵسۆزی و برادەرایەتی و هاوڕێیەتی بۆ هەڵخەڵەتاندن، مەدح و پیاهەڵدانێکی زۆر دەکە،ن بۆ ئەوەی کە گوایە ... مادەکە خۆشە ! جاری یەکەم و دووەم بە خۆڕایی و یان بە پارەیەکی ڕەمزی و زۆر کەم پێت دەدەن، پاشان کە تێکەڵ خوێنت بوو، پەیوەستیش بوویت پێوەی، دەگەڕێیتەوە بۆ بەدەستهێنانی، دواتر بە بیانووی نەماوە و مەترسیدارە و گران بووە و، ئاسایش چاودێريی چڕکردووە و ... هتد، تۆڵە و قازانجی ئەم جارە و دووجارەکەی پێشووتریشت لێ دەکه‌نه‌وە، تا دوای چەند جارێک پارەت نامێنێت بۆ پەیداکردنی، لێرەدا كێشه‌ى گه‌وره‌ى رۆحى و ئالووده‌ييت بۆ دروست ده‌بێت، به‌ڵام پێويسته‌ بزانيت، هێشتا دره‌نگ نه‌بووه‌ و دەتوانی بەسەردانی پزیشکێکی دەروونی و لە ژێر چاودێريی ڕێنمایيکارێکی دەروونی بە ماوەیەکی کورت خۆتی لێ دەرباز بکەیت. بەڵام کاتێ بەردەوام دەبیت و پارەت نيیە بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەوان گەر بەکەڵکی کارەکانی ئەوان بێیت، ئەوە فێرت دەکەن، بۆیان بفرۆشیت و لەبەرامبەردا بەشی بەکارهێنانی خۆت بێ بەرامبەر دەبێت، بێگومان ئەوەش دزین و هەرەسە و سووکایەتيی زۆر و بابەتی زۆر قێزەونی تیایە ...ئەوانەش کە بەڵکی کارەکانی ئەوان نایەن، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان، ڕه‌نگه‌ داوای کاری قيزه‌ون و نه‌شياوى وه‌ك هاوڕەگەزبازی بکەن، یان کڕیاری لەشفرۆشیت بۆ پەیدا دەکەن، تاکو پارە پەیدا بکەیت بۆ کڕینی ماددەکە، پاشان کە چوویتە ئەم ژینگە قێزەونەوە نەخۆشیيەک نا، بەڵکو چەندین نەخۆشيی دەروونی و جەستەیت بۆ درۆست دەبێت جگە لە ئابڕووچوونی کۆمەڵایەتی و بێگومان چاودێريی ئاسایش و گرتن و سزادانيشى لێ ده‌كه‌وێته‌وه و‌، ره‌نگه‌ لە بەندیخانەش نه‌توانى خۆت لەو خووه‌ قێزەونانە ڕزگاربکەيت، به‌وه‌ش چاره‌نووسى خۆت به‌ ته‌واوى تاريك ده‌كه‌يت. بۆيه‌ باشترين رێكار و چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌يه‌، لە هەر قۆناغێک بتەوێ وازبهێنی و ڕزگارت بێت، په‌نا بۆ دکتۆر و توێژەری دەروونی ببه‌يت، به‌وه‌ش دەتوانی کۆتایی بەو حاڵەتانەت بهێنیت. تا زووتر واز بهێنی، زووتر دەگەیتە چارەسەرو كه‌سايه‌تيت زووتر ساغ ده‌كه‌يته‌وه‌. * توێژەری دەروونی
Top