پشتبەخۆبەستن سەرکەوتووتر و بێ مەترسیدارتره

پشتبەخۆبەستن سەرکەوتووتر و بێ مەترسیدارتره
لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان کەوتووه‌تە نێو گێژاوی قەیرانی ئابووری، سیاسی و چەندین قەیرانی دى، بەڵام قووڵترینیان قەیرانی ئابوورییە کە سەرچاوەی زۆربەی قەیرانەکانی ديكه‌يە، هۆکارەکانی ئەم قەیرانانە زۆرن و هەر کەسێک بە دیدگای خۆی تێڕوانینی تایبەتی بۆى ھەیە، بۆیە بە پێویستى نازانم کە ئاماژەیان پێ بدەم، دياره‌ ئاماژەدان بە هۆکارەکان كارى شاره‌زا و نوخبەکانه‌، به‌ڵام ئەوەی پێویستی بە باسکردن و هەماهەنگی هەیە، پرسى چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەیە، بەتایبەتی قەیرانی ئابووری کە پێویستی بە هەوڵ و هەماهەنگيی هەمەلایەنە هەیە، بۆیە لە روانگەی مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی دکتۆر زوبێر رەسووڵ، هەرێمی کوردستان سێ ئوپشێنی دیاری لە بەردەمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانه داراییە، یه کەم: رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند، دووەم: چاکسازی، سێیەم: هەماهەنگيی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
بۆ بژاردەی یه‌کەم کە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، هەندێک هۆکار و رووداو هەن، کە ئەم بژاردەیە بە ناسەرکەوتوو دادەنرێت، له‌وانه‌: سەرنەکەوتنی رێککەوتنەکانی پێشووتر لە کاتێکدا کە باری دارایی عێراق زور لە ئێستادا باشتر بوو، دووهم: هەستیاريی بارودۆخەکە وادەکات کە حکومەتی عێراق داواکاريی زیاتری هەبیت که هەرێمی کوردستان ناچار بە دانی باجی زیاتر دەکات، به‌وه‌ش مافە دەستووری و یاساییەکانی ئەم هەرێمە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، زیاتر لە مە، خودی حکومەتی عێراق تووشی قەیرانی ئابووری، سیاسی و چەندین قەیرانی دى بووه‌تەوە، بە جورێک کە توانای چارەسەركردنی کێشەکانی خۆی نییە، کەواتە چۆن کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەت؟! بە کوردی و کورتی، کەسێک کە توانای بەخێوکردنی منداڵەکانی خۆی نەبێت، چۆن ده‌كارێ منداڵی خه‌ڵكى ديكه‌ بەخێو بکات؟
بێجگە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا،وەک دیارە حکومەتی هەرێم دەستی کردووە بە پرۆسەی چاکسازی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، بەڵام لەم پروسەیەدا پێویستە گشت دامەزراوە سەرەکییەکان بکەونە ژێر سێبەری چاکسازی ( لە بەرزترین ئاست تا نزمترینیان)، زیاتر لە مە، ئەم چاکسازییە نابێت تەنيا خۆی لە بواری ئابووريدا جێگیر بکات، بەڵکو پێویستە بوارەکانی وەک سه‌ربازى، قسەوباسی دوو ئیدارەیی و کاروباری حزبایەتی بکەونە ناو ئەم پرۆسەیەوە کە پێویستی بە هەماهەنگی و لێبوردەیی ته‌واو هەیە.
کۆتا خاڵ کە خۆی لە هەماهەنگيی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبینێتەوە، پێویستی بە میکانیزمی جۆراوجۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە، کێبڕکێی حزبە کان بۆ چەواشەکردنی یه‌كتر و تۆمەتبارکردنی یه کدى، نەک تەنيا چارەسەر نییە، بە پێچەوانەوە کێشەکان قووڵتر دەکات، کەواتە ئەمە ئەرکی حزبە دەسەڵاتدارەکانە کە بە رۆڵی خۆیان هەستن لە سەر ئاستی باڵا و بە هەماهەنگی کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بکەن، لەم هاوکاريیە دا پێویستە حزبە کان دەستبەرداری هەندێک لە مافە داراییەکان و تمووعى خۆیان بن، لە پێناوى بەرژوەنديی حکومەت و خەڵکی کوردستان بەگشتی، هەروەها وا باشترە هێزە چەکدارەکان دووربن لە دەسەڵاتی حزبی و کۆ بکرێنەوە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتيی هەرێم، بۆیە لە ئەم ئۆپشنە تەواوکەر و پاڵپشتیکارێكی گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی.
لە کوتاییدا، دەرئەنجامی رێککەوتنەکانی پێشووتری هەرێمی كوردستان و حکومەتی ناوەند ئەمە دەسەلمێنێت کە لەم کاتەدا رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بێ بەرهەم و مەترسیدارە، هەروەها، پێویستە بە شێوەیەکی گشتگیر کار لە سەر پرۆسەی چاکسازی بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەماهەنگی، هاوکاری و لێبوردەیی حزبەکان تەواوکەری ئەم پرۆسەیەن، بۆیە زۆربەی کات پشتبەخۆبەستن سەرکەوتووتر و بێ مەترسیدارتره لە پشتبەستن بە حکومەتی ناوەند کە خۆی لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بێبەری کردووە.
Top