لە نێوان ئەنجام دانی چاکسازی و رێککەوتن لەگەل بەغدا کامیان؟

لە نێوان ئەنجام دانی چاکسازی  و رێککەوتن لەگەل بەغدا کامیان؟
پرسی چاکسازی کەلە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا ھاتووە لە ھەمان کاتدا پرسی ریککەوتنی ھەرێمی کوردستان لەگەل بەغدا دوو بابەتی گەرمی رۆژن و پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیانی چینی ھاولاتیەوە بەندە چونکە لە ئێستادا جیھان بە گشتی بە قەیرانێکی ئابوری لە ناکاو دا تێدەپەرێت بە ھۆی فایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەریی ئەم قەیرانە لەسەر ولاتانی بەرھەمھێنەری نەوت قولترە چونکە بەشێکی ئەو ولاتانە پشت بە داھاتی نەوت دەبەستن بەم ولاتانەش دەوترێت (دەولەتی رانتی) واتە ئەو ولاتانەی کە پشت بە نەوت وەک سەرچاوەی داھات دەبەستن ھەروەھا بە (نەخۆشی ھۆلەندی)یش ناسراوە کاتێک ھولەندیەکان لە سالانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بۆ یەکەم جار نەوت و غازێکی زۆریان لە باکوری ھولەندا دۆزیەوە و حکومەت پشتی بەم سەرچاوەیە بەست و سێکتەرەکانی تری فەرامۆش کرد ھۆلەندای رووبەرووی ئابورییەکی ترسناک کرد چونکە ئەم سیستەمە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر سیستەمی سیاسی و ئابوری ولات دروست دەکات لە ئەگەری دروست بوونی قەیران دا, ئەمە بو ولاتانی رۆژھەلاتی ناوەراستیش راستە چونکە نەوت سەرچاوەی داھاتی زور ولاتی ناوچەکەیە بۆ یەکەم جار حوسێن مەھداوی کە نۆسەرێکی ئێرانیە لە سالانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەم چەمکەی بۆ ولاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست بەکارھێنا.

ھاتنە خوارەوەی نرخی نەوت لە ماوەی ٦ سالی رابردوودا زۆربەی ولاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست کە پشت بە نەوت دەبەستن خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەخت, ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەی ٦ سالی رابردووەوە کاریگەری نەرێنی سیستەمی رانتی لەسەرە لە ماوەی ١٥ سالی رابردوودا کەرتەکانی تری وەک کشتوکال و گەشتوگوزار وەک پێویست گرنگی پێنەدرا بە بەراورد بە کەرتی نەوت ھەربۆیە ئەو کاریگەرییە نەرێنیەی کە سیستەمی رانتی بۆ دەولەتان لە ھەگبەی دایە کاریگەری خۆی لەسەر ئابوری ھەرێمی کوردستانیش بەجێھێشت لە ٢٠١٤ەوە. لە ئێستادا ئاماژەکانی بازاری جیھانی ئەوە دەرناخەن کە نرخی نەوت وا بە زوویی بەرزببێتەوە بۆ دۆخی جاران. بۆیە دوای ٥ سال لە قەیرانی دارایی کارنامەی کابینەی نۆیەم زیاتر لەسەر بنەمای چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی سیستەمی دارایی و ئابوری کوردستان و خوگونجاندن لەگەل پێشھاتەکان چرکرایەوە ئامانجی سەرەکیش بریتیە لە خۆ دەرباز کردن لەم سیستەمە و فرە چەشن کردنی سەرچاوەکانی داھات, کرۆکی فرە چەشن کردنی داھاتیش پێویستی بە زەمینە سازی و دابینکردنی ژێرخانێکی تۆکمەیە بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکال و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی کەم تا زۆر ببنە بەشێک لە دابینکرنی سەرچاوەی داھات بۆ موچە و پەرەپێدان. زوو یان درەنگ دەبوایە حکومەتی ھەرێم دەستی بەم ھەنگاوە کردبا چونکە لە ئێستادا بازاری جیھانی بەرەو ئەو ئاراستەیە ھەنگاو دەنێت کە چیتر نەوت وەک سەرچاوەیەکی وا گرنگ نەمێنێتەوە بۆ بازاری جیھانی.
لە پال ئەمەشدا پرسی چاکسازیش یەکێکی ترە لەو بابەتە ھەستیارانەی کە کابینەی نۆیەم زۆر بە جدی ھەلوەستەی لەسەر دەکات بۆتە تاکە پردی مانەوەی متمانە لە نێوان حکومەت و ھاولاتی چەند رۆژێکە ئەم پرۆژەیە چووتە بواری جێبەجێکردن, بەلام نابێت وا چاوەروان بکەین کە لە ماوەیەکی کەم دا بەرھەمی کۆتایی چاکسازی بەدیاردەکەوێت ئەم پرسە لە ئێستادا چەندە پرسێکی ئابوری و دارایی بێت ئەوەندەی تر سیاسیە لێرە و لەوێ لە ژێر ھەر بیانویەک بێت دژایەتی کراوە و دەکرێت. ئەم پرسە لە کاتێکدا خراوەتە بواری جێبەجێکردن کە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قولی دارایی دایە خەلکێک لە ئێستادا بەھۆی درەنگ کەوتنی مووچە شکستی ئەم کابینەیەی راگەیاندووە بەلام ئەگەر ئێمە جیوپولوتیکی کوردستان عێراق و ناوچەکەشمان لەبەرچاو بێت ئەوا ئەوەمان پێدەلێت کە ناتوانین تا سالێکی تریش ھەلسەنگاندن بو بەرھەمەکانی ئەم کابینەیە بکەین چونکە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی جیۆََ_کۆنفلێکتە و ھەر کاریگەرییەک لەسەر ناوچەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت.

ھاوتەریب لەگەل پەرەسەندنە ناوخۆیەکانی ئەنجام دانی چاکسازی پرسی رێککەوتن لەگەل بەغدا یەکێکی ترە لە ئەولەویەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. عێراق ولاتێکی دامەزراوەیی نیە تا بە پێی بەرنامە مامەلە بکات لەگەل کێشەکان بەلکو کارێزمایی کەسایەتیەکان رۆلیان لە ھەلسوراندنی کاروبارەکان ھەیە بە تایبەت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان. لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا زۆر بەھێز نیە و کارتی کەمی لە دەستە, بەغدا ئێستا بە دەرفەتێکی زێرین دەبینێت بۆ ئەو خەونە چەند سالەی کە سێکتەری نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان کۆنترۆل بکات و ئەو رۆل و پێگەیەی کە ھەرێمی کوردستانی ھەیەتیش نەھێلێت و بێھێزی بکات ئەمە زیاتر لە ئاستی خوارەوە دەکرێت چونکە کازمی ئەو سەرۆک وەزیرە نیە بتوانێت بریاری یەکلاکەرەوە بدات لە ئێستادا ئەو لە بەردەم شۆکێک دایە لەو ھەموو کێشانەی کە ئێستا لە عێراق دا ھەن نازانێت لە کوێ دەست پێبکات لە کوێ کۆتایی پێبێنێت. بۆیە تا ئێستا تێروانێنکی روونی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستانیش نیە, تەنھا لەو کاتەی شاندی ھەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا ئەو ناوی ھەرێمی کوردستان دەھێنێت, ئەگەرچی لە ناو کارنامەی کابینەکەیشدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدای کردبوو بەلام ئەم خالە لە بەرنامەی کۆی سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆیشی ھەبووە بەلام وەک دکتۆر عەلی وەردی دەلێت عێراقیەکان تەنھا لە دروشم دا زیرەکن و دروشمەکانیان ھەمیشە بێ کردارن.

مستەفا کازمی زیاتر کاندیدێکی ھەلقولاوی نێو جەماوەرە نەوەک نوخبەی سیاسی بە مانایەکی تر شەقامی عێراقی ھۆکار بوو بۆ دەست نیشان کردنی کازمی وەک سەرۆک وەزیران ئەو وەک فریادرەسێک بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغەی حوکمرانی و راگرتنی بالانسێک لە نێوان شەقام و نوخبەی سیاسی و ئامادەکاری بۆ ئەنجام دانی ھەلبژاردنی پێشوەخت کراوە بە سەرۆک وەزیران ئەو زیاتر فۆکسی لەسەر شەقامی عێراقیە, بۆیە بەغدا زۆر ئاگای لە ھەرێمی کوردستان نیە و وەک ئەولەویەتێک لە کارەکانی سەیری ناکات چونکە خۆیشی لە قەیرانی ئابوری دایە. بۆیە رێگای چارەسەری کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەولێر چارەسەر دەبێت نەوەک بەغدا بەلام بەو مانایە نا کە بەغدا پشتگوێ بخرێت.




Top