حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بۆ چی ناگەنە ڕێکكەوتن؟

حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بۆ چی ناگەنە ڕێکكەوتن؟

یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی سەختی بواری دارایی و ئابووری لەجیهان و كوردستاندا كۆرۆنایە، بەڵام پێش كۆرۆناش بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەرێم تووشی قەیرانی دارایی و ئابووری بووە. هەر بۆیە هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارۆدوخە سەختە و لەم چوارچێوەیە چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵواسراوی نێوانیان، بە تایبەت کێشە داراییەکان، بەڵام هەتا وەکو ئێستا نەگەیشتوونەته‌ هیچ ئەنجام و ڕێکكەوتنێک.
لێرەدا پرسیار بۆ هەموو لایەک دروست دەبێت: ئایا هۆکاری ئەمە چییە؟ ئایا حکومەتی هەرێم جددی نییە و نایەوێت بگاتە ڕێکكەوتن، یان کەمتەرخەمییەکە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ؟
ئەگەر بۆ چەند مانگێک بەر لە ئێستا بگەڕێینەوە، وەڵامەکە بۆمان روون دەبێتەوە، لە ۱۰ی۷ی۲۰۱۹ کاتێک سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە بەردەم پەرلەمان متمانەیان وەرگرت، سەرۆکی حکومەت لە بەرنامەی کاری خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد،کە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی پەیوەست بە : ( مادەی ۱٤۰- پێشمەرگە- نەوت- دارایی - بودجە و هەموو مافە دەستورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم) لە سەر بنەمای دەستور گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین و تەنيا دوای چەند رۆژێک بۆ ئەم مەبەستە، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد. دواتر شاندێکی باڵای عێراق سەردانی هەرێمیان کرد و، هەموو وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەکانی نێوانیان باس کرا و بڕیار درا بۆ دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ بەدوا داچوونی زیاتر.
لە مانگی دوازدە هەر دوو لایەن لە سەر پرسی دارایی و نەوت گەیشتنە لێک تێگەیشتنێکی باش و، بڕیار بوو لە ناو بودجەی ۲۰۲۰ی عێراق جێگیر بکرێت و، حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەڕبری کە مانگانە ۲٥۰هەزار بەرمیلی نەوت رادەست بکات، كه‌ لەو کاتەدا نرخی بەرمیلێکی نەوت ٦۰دۆلار بوو.
لە مانگی چوار هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق رووبەڕووی شۆک بوو، کاتێک ئەمینداری گشتی بە نووسراوێک داوای کرد (مستحقاتی) هەرێم ببڕدرێن. دووبارە شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و بە ئاشکرا و روونی پێیان وترا کە ئەمە بریاری لایەنی شیعییە.
لێرەدا دەردەکەوێت کە هۆکاری ڕێككنەکەوتن، نە حکومەتی هەرێمە و نە دەستوور و یاسای ترە، بەڵکو حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتا جددی نەبووە و نیيەتیشی نییە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێک بکەوێت، بە تایبەت ئێستا کە بارودۆخی ئابووريی خۆیان زۆر سەختە و تەنانەت توانایی ئەوەیان نییە مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان دابین بکەن و گیرۆدەی دەیان کێشەی ناوخۆیين وەک گەندەڵی و نەبوونی شەفافيیەت و دیارنەبوونی داهاتی خاڵە سنۆرییەکان و ملمڵانێی تائیفی و سیاسی و... بوون، لە لایەکی ترەوە ئەم عەقڵيیەتە شۆڤینیيەی کە هەیانە بەرامبەر بە گەلی کورد هەمیشە رێگر بووە لە ددان پێدانان بە مافە رەواکانی گەلی کورددا.
لەم کاتەدا پێموایە کە هیچ پێویست ناکات، ئێمە بچینە ژێر باری مەرجەکانیان و باشترین بژاردە ئەوەیە کە یاسای چاکسازی بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و، بەردەوام بین لە چاکسازيی ڕیشەیی لە سەرجەم سێکتەرەکان و رێکخستنی داهاتەکان و دانانی سیستەمێکی نوێی مووچە لە ژێر رۆشنایی ئەم داهاتانە، هەروەها زۆر گرنگە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت خۆیان بە دوور بگرن لە موزایەدە و هەموو پێکەوە مل بدەن بە بەرپرسیاریەتی و هاوکاری حکومەت بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قورسە.








ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
تایبەت بۆ گوڵان نووسیويه‌تى
Top