لە جەنابی وەزیر، یان له‌ ویژدانی جەنابی وەزیر بپرسم؟

لە جەنابی وەزیر، یان له‌ ویژدانی جەنابی وەزیر بپرسم؟

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵای ڕاگرت، چونکە ئەگەر خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێم بەردەوام بووایە، ئەوا بارودۆخی تەندروستی لەدەست دەردەچوو. ئێستا لەشوێنی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمان ئامار ڕێژەی مردن دەبوو.
ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر وەرگرتنە، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان نیگەرانن له‌وه‌ى كه‌ ئایا پێدانی کرێی خوێندنی کۆرسی دووەم بۆچی و لەپای چی؟ لە کاتێکدا قوتابیان دوای کۆرسی یەکەمی خوێندن نەگەڕاونەتەوە ناو هوڵەکانی خوێندن، لانیکەم دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بارودۆخی ئێستای قوتابیانی لەبەرچاو بووایە، کە ئایا قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرێی خوێندنی کۆرسێک کە نە وانەی تێدا خوێندراوە، نە قوتابیان دەوامیان تێدا کردووە، بە چ هۆکارێک بدەن.
من لێرەوە لە وەزیری خوێندنی باڵا ناپرسم، بەڵکو لە ویژدانی وەزیری خوێندنی باڵا دەپرسم: ئایا بە چ پێوەرێک و چۆن قوتابیان کرێی خوێندنی ساڵێک بدەن لە کاتێکدا خێزانی ئەو قوتابیانە بەهۆی بارودۆخی ئابووريی هەرێم و دواکەوتنی مووچەو هەروەها ڕاگرتنی کارو کەسابەتی خێزانیەکانیان کرێی خوێندنی کۆرسێکیان لێ وەربگرن، ئايا ویژدانتان قبوڵ دەکات؟ لانیکەم دەبوو پێش ئەوەی قوتابی خوێندنی پارالێل و ئێواران پێشنیاریان بکردایە لە لێخۆشبوونی کرێی کۆرسێک ئێوە وەک وەزارەت داشکاندنتان بە ڕێژەیەک بۆ ئەو قوتابیانە بکردایە.

لە ئێستادا قوتابیانی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە دۆخێکی ناجێگیردان، کە ئایا نمرەکانیان چۆن بەدەست بهێننەوە، لەکاتێکدا بڕیاری زانکۆکان بەو جۆرە بێت، ئەگەر قوتابی هەردوو کرێی کۆرسی یەکەم و دوەمی ڕادەست نەکردبێت، ئەوا نمرەی پێ نادرێتەوە؟
پێویستە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر بابەتێکی لەو جۆرە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگار بکاته‌وه‌، کە دەبێت کرێی کۆرسی دوەمی خوێندن لە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان وەر نەگیردرێت، زانکۆکانیش پێشنیار بکەن بۆ وەزارەت و کار بکەن لە سەر پرسێک کە پەیوەستە بە قوتابیان و ساڵێکی خوێندنیان.
Top