شوناس، خاکمان کورد و کوردستانییە ..

شوناس، خاکمان کورد و کوردستانییە ..

ھەر لەوکاتەوەی گەلی کورد دوور لەویستی خۆی خاک و نیشتیمانی بە ئێستای عێراقەوە لکێنرا، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان عێراق دەستیان بە پرۆسەی گۆڕینی شوناس و مۆرکی نەتەوایەتی و بە عەرەبکردنی کوردستان و ھەوڵدان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیمای دیموگرافی و ئەتنوگرافییەکەی بەئاراستەی بەرژەوەندی نەتەوەیی عەرەب یەکێک لە ئامانجە ھەرە سەرەکییەکانی حکومەتەکانی عێراق بووە، دەسەڵاتدارەکانی عێراق ھەر لە کاتی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە کەوتنە کار بۆ داڕشتنەوەی بونیادە جیاوازەکانی ئەم ھەرێمە بە بەرگێکی عەرەبی، ئەویش لە رێی پرۆسەکانی بە عەرەبکردن و راگواستنی دانیشتوانەوە، بێگومان ئەم پرۆسانە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دی، لە رژێمێک بۆ رژێمێکی دی بە گوێرەی تواناو ھێزی حکومەتەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و مرۆیی لە ھەڵکشان و داکشاندا بووە، تا تا بە ئێستاش زیاترو ھەمەلایەنتر بیری لێکردۆتەوەو توندوتیژترو بەرفراوانتر ئەنجامدراوە.
ئەنفالکردن ، وێرانکاری ، چەکی چەکی کۆمەڵکوژ ، چەکی کیمیایی ، ھەوڵدان بۆ ھەڵتەکاندنی مۆرکی نەتەوایەتی ، گەمارۆدان و برسیکردن ، سیمبولی بە زۆر بەعێراقی بوونی گەلێکی رٍەسەنە کە بە زۆر و دوور لە ویستی خۆی خاک و نیشتیمانەکەی بە زۆر لکێنراوە .. لەڕاستیدا شوناس ھەم خودییە، واتە مرۆڤەکان دەتوانن بەخۆیان شوناسێک بۆ خۆیان ھەڵبژێرن, دەشکرێت شوناسێکیش ڕەتکەنەوە، ھەم بابەتیشە، واتە کۆمەڵێک فاکتی بابەتی دەبنە ھۆی دیاریکردنی شوناس بۆ مرۆڤەکان وەک شوێنی لە دایکبوون‌و دایک‌و باوک‌و زمان‌و ھتد.کەسێک لە دایک وباوکێکی کورد لەدایکبووبێت‌و لە ماڵەکەیاندا کوردی فێربووبێت بەگشتی دەبێتە کورد. کوردبوون لێرە شوناسی ئیتنی یان نەتەوەییە نەک نیشتیمانیی کە وابەستەی دەوڵەتە.

ئەو کەسە کوردە لە عێراق بەتەنیا لەبەرئەوەی کە لە وڵاتێک لە دایکبووە ناوی عێراق مەرج نییە ببێتە عێراقی. ڕونتربڵێم، کوردێک ئەگەر ھەڵگری جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی بێت مەرج نییە ببێتە کەسێکی عێراقی، چونکە عێراقیبوون شوناسێکی دەوڵەتییە، شوناسی دەوڵەتی لەئاکامی عەقدێکی کۆمەڵایەتی لەدایک دەبێت‌و ھەر لەسەر ئەو ئەساسەش دادەمەزرێت، کە بنەماکەی ماف‌و ئەرکە، واتە ھاوڵاتی. بەواتایەکی دیکە ئەو کوردەی لە عێراق دەژی بە جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی ئەگەر بشبێتە عێراقی لەڕووی یاساییەوە عێراقییە نەک لە ڕووی کۆمەڵایەتی‌و ڕۆحی‌و زاتی.
کورد دەکرێت ببێتە عێراقی بەڵام تەنیا کاتێک کە دان بە مافە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرھەنگی‌و کەلتورییەکانی نرا. ئەگەر ئەو مافانەی پێشێلکرا ئەوە دەبێتە عێراقییەک لە ڕووی یاساییەوە بەڵام لە ڕووی زاتییەوە لەوانەیە کەسەکە خۆی بە عێراقی دانەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق دەیبینین کە کوردێکی زۆر سەرەڕای ئەوەی کە ھەڵگری جنسیەو پاسپۆرتی عێراقین بەلام لەڕووی زاتییەوە خۆیان بە عێراقی دانانێن. ئەمەش بەکورتی ئەوەمان پێدەڵێت کە شوناسی دەوڵەت ڕەھەندی زاتی‌و بابەتی ھەیە بەڵام شوناسی ئیتنی‌و نەتەوەیی زیاتر ڕەھەندی بابەتیان ھەیە.

ئەو کوردانەی کە تەنیا لەبەرئەوەی جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقیان ھەیە خۆیان بە کورد دادەنێن بەگشتی بەھەڵە لە پرسی شوناس گەیشتون. لەنێو ئەو کەسانە کەسانێک ھەن کە خۆی بەعێراقی دادەنێت لەبەرئەوەی جنسیەی عێراقی ھەیە کەچی ھەموو ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتی عێراقی‌و سەربەخۆیی بۆ کوردستان. ئەمە پارادۆکسێکە کە ئەو کەسانە تێیکەوتون.
بۆیە، بەدرێژایی ھەوڵ و پیلانگێری زۆر چ لەسەرئاستی عێراق و لە رێگەی بەکارھێنانی تاقم وکەسانێکی دروستکراو وئاراستەکراویی نەیارانی گەلەکەمان بۆ لاوازکردنی ھەستی نیشتیمانپەوەری و کوردپەروەری وعێراقپەرستی کاری لە سەر کراوە ، بەڵام بە خۆراگری و حیکمەت وسەرکردایەتیی کوردستان بەتایبەت سەرۆک بارزانی ئەو ھەوڵانە مایەپووچکراونەتەوە.

بەکورتی گەلی کورد لە نێو عێراقی بە زۆر دروستکراو عێراقی نین چونکە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی کوردان نەک ھەر دان بە مافەکانیان نەنراوە بەڵکو دووچاری جینۆسایدو، پاکتاوی ڕەگەزیی‌و کۆچی بەزۆرەملێی بوون، واتە ئەو عەقدە کۆمەڵایەتییەی کە گوتم بنەمای شوناسی دەوڵەتییە نەک ھەر پێشێلکراوە بەڵکو ھەر دروست نەبووە.
Top