پەرلەمان یان مەكتەبی سیاسی..؟

پەرلەمان یان مەكتەبی سیاسی..؟

پەرلەمان بە یەکێک لە دەزگا شەرعییەکانی سیستمی دیموکراسی هەر وڵاتێك دادەنرێت، وە بە کۆڵەکەیەکی پتەوی بەشداری میللەت لە بڕیاردان و دەسەڵاتدا دادەنرێت، وەك دامەزراوەیەكی یاسایی دەبێ گوزارشت لە خواست و داواكاری خەڵكی كوردستان بكات و لە ئاست گۆرانكارییەكان و بەرپرسیارێتی خۆی دا بێت.

بەڵام ئەزموونی پەرلەمان لە كوردستان، لە زۆربەی كاتدا كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی حزب و لە ڕووبەرووبوونەوەی ململانێیە حزبیەكان دژە دیموكراسیانە ئاراستەكراوە. دوای ئەوە ڕۆژی ۷ی ئایاری ۲٠۲٠، لەسەر داوای دادگا، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لە دانیشتنێكدا بە دەنگی (٥۷) پەرلەمانتار لە كۆی ٥۸ پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بە شێوەیەكی یاسایی هەڵگیرا، جارێكی تر ئەم كەیسە بە سیاسی كراوە و لە ۱٥ ی ئەم مانگە ڕێواس فایەق وەك مەئموری حزب دەسەڵاتی موئەسەسەیەكی قانونی بەكاردێنێ، لە دژی یاسا و پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمان بڕیار دەدات لە پێناو ڕازیكردنی هاوسەۆكی حزبەكەی..!
ئەم بڕیارە لە پێناو چی..؟ چەسپاندنی دادپەروەری لە پەرلەمان یان نیشاندانی هەیمەنەی حزبێك..؟

لە ڕووی یاساییەوە، لە بڕگەی (۱) ی ماددەی دووی پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمانی كوردستان دا ئاماژە بە باڵادەستی و مەرجەعیەتی پەرلەمان كراوە، كە تیایدا هاتووە (( پەرلەمان لە هەرێمدا، باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە، مەرجەعی سیاسی و یاساییە و ئەو دەسەڵاتانە پیادە دەكات، كە لەم پەیڕەو لە یاسا كارپێكراوە پەیوەندیدارەكاندا ئاماژەیان پێدراوە))

سەبارەت بە ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆك پەرلەمانیش لە برگەی (۲) ی ماددەی هەژدەمی پەیرەو هاتووە یەكێك لە ئەركەكانی سەرۆك پەرلەمان ( جێ بە جێ كردنی یاسا و پەیڕەوی ناوەخۆ و بڕیارەكانی پەرلەمان) ە.

وە بەپێ ی برگەی (۲،۱) ی ماددەی بیست و چوار، پەرلەمانتار پارێزبەندی پەرلەمانتاری هەیە، بەم پێیەش مافی ئازادی ئاخافتن و ڕا دەربرینی هەیە بەڵام بە مەرجێ ڕەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم بكا و لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان بێ.
لە حاڵەتێكیش ئەگەر پێویست بوو، ئەوا سەرۆكی پەرلەمان، یان جێگرەوەكەی لە دانیشتنێكی ئاسایی دا دەتوانن پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی بخەنە دەنگدانەوە وەك ئەوەی لە كەیسی سۆران عومەر ڕویدا، كە لەسەر بنەمای بوونی چوار سكاڵایی یاسایی لە دادگا بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیەكەی درا، ئەمەش بە پێ ی برگەی ( ٤) هەمان ماددە ڕێگە پێدراوە.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەلایەن سەرۆك پەرلەمان كۆمەڵێ پرسیار دێنێتە ئاراوە، ئایا لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ماددە یاساییانەدا، چۆن سەرۆكی پەرلەمان ڕیگا بەخۆی دەدا زیادەرۆیی لە دەسەڵاتەكانی بكا، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوەخۆ و یاساكان ڕەفتار بكات..؟ دەسەڵاتی خۆی بەسەر شەرعیەتی بڕیارێكی پەرلەمانی فەرز بكا..؟

وەڵامەكان زۆر ئاشكران، شكاندنی ڕووە یاساییەكەی پەرلەمان لە پێناو بەهێزكردن و زاڵكردنی دەسەڵاتە حزبە، كە ئەمە بە تاوانێك هەژمار دەكرێ دەرەهەق بە سیستمێكی دیموكراسی.

لە جیهانی دیموكراسی دا، قودسیەتی پەرلەمان و دیموكراسیبوونی لەوە دایە كە لە ئاست خواست و داواكارییەكانی گەل بێ، هێز و لایەنەسیاسیەكانی بۆ ئەم بەرپرسیارێتیە وجودیان لەم موئەسەسە هەبێ، نەوەك سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەجێندا حزبیەكان بن لەسەر حیسابی پێشێلكردنی یاسا و شكاندنی شكۆی پەرلەمان.
جگە لەمەش، ئەو كاتەی پەرلەمان مەرجەعی سیاسی دەبێ، سەروەری بەسەر هەموو دەسەڵاتەكان دەبێ، ئەوكات خاوەن هەیبەت و شكۆی خۆی دەبێ.

كاراكردن و خولقاندنی پەرلەمانێكی دادپەروەر و هەمەلایەنیش بەندە بە بێ لایەنیی سەرۆكی پەرلەمان، كە رۆلگێری سەرەكیە لە هێنانەدی دادپەروەری لە نێوان لایەن و حزبە جیاوازەكان لە پەرلەمان.

بەڵام ئەم حەقیقەتەی ئێستا، ئەوە دەردەخات كە سەرۆكی پەرلەمان نەیتوانیووە ئەو بێ لایەنییەی خۆی مومارەسە بكا، نەیتوانیووە خۆ بگونجێنێ لە نێوان وەلائی حزب و ویژدانی تاكەكەسیانە. یان بە مانایەكی تر، نەیتوانی هاوسەنگی بدۆزێتەوە لە نێوان ئەو كار و بەرنامانەی كە دیسپلینی حزب دەیسەپێنێت لەگەڵ ئەو بیرورا و قەناعەت و بڕیارە ئازادانەی كە موڵكی خۆیەتی.

ئەوەی ڕوودەدات، هەوڵێكی بەرژەوەندیخوازانەی دەسەڵاتێكی تاكڕەوە، كە دەیەوێ مەكتەبی سیاسی حزبێك بكات بە مەرجەعی سیاسی باڵاترین دامەزراوە.
ئەمەش خەڵك دەخاتە گومانی زیاتر لە كارڕاییە سیاسیەكانی ئێستای پەرلەمان، گومانی ئەوەی كە ئایا پەرلەمان توانای دەرهاوێشتنی ئەو پەرلەمانەی هەیە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە جۆربەجۆرەكانیان بكا یان پەرلەمان تەنها ئاداتێكە بە دەست مەكتەبی سیاسی حزب، ئەوان دارێژەری سەرەكی بڕیارە سیاسیەكانن..؟

ئەمە بە هەوڵێكی وازح دادەنرێت بۆ بەڕێلابردنی ئاراستەی پەرلەمان و بەتاڵ كردنەوەی لە هەموو مانا ڕاستەقینەكانی خۆی، لە پێناو بە هێزكردنی هەژموونی پارتێكی دیاریكراو و نیشاندانی وێنەیەكی تر لە خۆ فەرزكردن بە بیانووی جیا جیا، دوای ئەوەی لە هەوڵی بەدەنگهێنانی شەقام و موزایەدە كردنی بە رۆحی خەڵك لە دژوارترین قۆناغی كۆرۆنا شكستیان هێنا، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان كە دەزگا فەرمیە حكومیەكان بخەنە ژێر كاریگەری حزب، واقیعێك دروست بكەن كە زامنی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان بێ، لە پێناو زیاتر كردنی ڕۆڵ و پێگەی خۆیان ئامادەن قەیران لە دوای قەیران بەرهەم بهێنن..!
Top