ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان

ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان
لە سەرەتادا پێویستە پێناسەێکی کورت بۆ دەستەواژەی ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات بکەین کە بریتی یە لە زیادکردنی سەرچاوەی داھات بۆ بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە رێگای ھاندان وبووژانەوەی فرە کەرتی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ئەویش لە رێگای زیادکردنی ژمارەی کەرتەکان بێت یان وەبەرھێنان لە جۆرچاکی بەرھەمەکەی بێت، واتە بە ماناێکی تر زیاد کردنی داھات وسەرچاوەکانی لە رێگای ھەمەجۆرکردنی کەرتی ئابووری وە پشت بە سەرچاوەی داھاتی زیاتر لە یەک کەرتی ئابووری ببەسترێت وەکو (کشتوکاڵ - پیشەسازی – بازرگانی - گەشت وگوزار – ھتد) نەوەک تەنھا پشت ببەسترێت بە کەرتی نەفت وداھاتە ناجێگیرەکەی کە لە ئێستادا لە سیستەمی ئابووری ھەرێمی کوردستان دا دەگوزەرێت.
ئەوەی شایەنی باسە لە سالی (٢٠١٥) وە حکومەتی ھەرێمی کوردستان باس لە ھەمەجۆرکردن کەرتی ئابووری و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات دەکات بەڵام بە بێ ھەبوونی ھەنگاوی کرداری و راستەقینە لە سەر ئەرزی واقع تەنھا بریتی بوو لە درووشمی بریقەدار ، بەڵام خۆش بەختانە وادیارە حکومەتی نوێ وکابینەکەی ئەم جارەیان نیەتی راستەقینەیان ھەبێت لە پراکتیزە کردنی ئەم بابەتە وە خاڵێک بوو لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نوی ی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا راستە گەواھی ئەوە دەدەین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا لە کاتی تەنگانە و ھەبوونی شەری داعش وقەیرانی ئابووری و نزم بوونەوەی نرخی نەوت خوازیار ببێت بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات بەڵام لە گەل نەمانی ئەو ھۆکارانە ئەو بیرۆکەیش نەما ولە بیرکرا وکاری بۆ نەکرا، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ھەمەجۆرکردنی ئابووری و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات واتە چاکسازی لە کەرتی ئابووری و وەبەرھێنان بە گشتی ئەوە خۆی پرۆسەێکی درێژخایەن و بەرداوامە وە پێویستی بە پلان دارێژی و ستراتیژیەتێکی وە سیاسەتێکی مام ناوەند ودورخایەنی ھەیە وە بە شەو و رۆژێک ئەنجام نادرێت. وە دەبێت سوود لەو پەندە کوردیە وەربگرین کە دەڵێت ( نابێت دووجار مار بتگازی لە ھەمان کوون)، بەڵکو پێویستە ھەنگاو بە ھەنگاو ئەنجام بدرێت واتە بە شێوەێکی رێژەیی بێت بۆ نموونە پێویستە حکومەت پلانی مام ناوەندی ھەبێت کە چۆن بتوانێت تا ساڵی (٢٠٢٥) حکومەت بتوانێ تا رێژەی (٦٠%) خواست و پێوبستی ناوەخۆی ھەرێمی کوردستان دابین بکات بە پشت بەستن بە بەروبوومی کشتوکاڵی ناوەخۆیی واتە خۆماڵی، لە ھەنگاوی دووەم ئەم رێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ (٨٥%) تا ساڵی (٢٠٣٠)، وە ھەروەھا لە کەرتی پیشەسازی بە ھەمان شێوە واتە لە ھەنگاوی یەکەم حکومەت پلانی نزیک مەودای ھەبێت تا ساڵی ٢٠٢٣ بە رێزەی ٣٠% پشت بە بەرھەمی پیشەسازی ناوەخۆیی ببەستێت جا چ لە پیشەسازی سووک بێت یان مام ناوەند یان قورس بێت وە بە تایبەت لە پیشەسازی خواردن وجل وبەرگ و پێداویستی پزیشکی و دەرمان بێت، وە لە ھەنگاوی دووەم واتە پلانی مام ناوەند ئەم رێژەیە بەرز بکاتەوە تا ساڵی (٢٠٢٧) بۆ رێژەی ( ٥٠%) لە پیشەسازی پترۆکیمیاوی وپیشەسازی تر ، وە ھەروەھا لە ھەنگاوی سێ یەم واتە پلانی درێژ خایەنی ھەبێت تاوەکو ساڵی (٢٠٣٠) بتوانێت ئەم رێژەیە بەرز بکاتەوە بۆ رێژەی (٧٠%) لە دابینکردنی پێداویستی ناوەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە بواری پیشەسازی قورس و مام ناوەند وسووک، واتە بتوانین لە پاش سالی (٢٠٣٠) بگەینە ئاستی ھانەردنی کاڵا و بەرھەمی کوردستان بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، وە ھاوتەریب حکومەت پلانی ھەبێت واتە ھەر بەم شێوەیە حکومەت بتوانێت لە کەرتی نەفت پلانی ھەبێت لە چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەم کەرتە وە ھەروەھا کاری جددی بکات بۆ پێداچوونەوە بە گرێ بەستەکانی نەفت لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەفت کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن وە ھەروەھا زەمینە ساز بکات بۆ دەرچەی قانونی تا بتوانێت دووبارە دانووستان (إعادە التفاوچ) وە پێداچوونەوە بەم گرێ بەستانە بکرێت چونکە مانەوەیان بەم شێوەیە زیانێکی گەورە بە حکوومەت و ھاونیشتمانیانی کوردستان دەگەیەنێت، واتە شایەنی باسە حکوومەت پلانی ھەبێت کە بتوانێت تا ساڵی (٢٠٣٠) بتوانێت تا رێژەی (٣٠%) پشت بە داھاتی نەفت ببەستێت لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان وە ئەمەش دەکرێت بە ھەنگاو بێت واتە لە ئێستادا زیاتر بە رێژەی (٩٠%) پشت بە داھاتی نەفت دەبەستین لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان، لە ھەنگاوی یەکەم واتە بتواندرێت لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ سالی ٢٠٢٥ بە رێژەی (٦٠%) پشت بە داھاتی نەقت ببەستین وە لە ھەنگاوی دووەم ئەم رێژەیە کەمتر بکرێتەوە واتە بتوانین لە سالی (٢٠٣٠) بە رێژەی ( ٣٠%) لە بوودجەی ھەرێمی کوردستان پشت ببەستین بە داھاتی نەفت، چونکە ئاشکرایە کە نرخی نەفت لە بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەدایە بەردەوام.
وە ھەروەھا دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە لە کەرتی گەشت وگوزار پلان ھەبێت بۆ ئەوەی داھات ی ئەم کەرتە زیاد بکرێت وە کاری جددی بکرێت بۆ ئەوەی کە رتی گەشتیاری بە پیشەسازی بکرێت واتە پیشەسازی گەشتیاری (ێناعە السیاحە) بێتە کایەوە.
وە ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە لێرەدا، دەبێت شان بەشانی ئەم ھەنگاوانەی لە سەرەوە باسمان لێوە کرد ئەوا ھاوشان وھاوتەریب کار و ھەنگاوی راست ودروست و بە پەلە ئەنجام بدرێت بۆ خێرا کردنی ھەمەچەشن کردنی سەرچاوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان ئەمانیش بریتین لە :
١- دەرچواندنی کۆمەڵە یاساێک وسیستەم و رێنمایی کە ھاندەر بن بۆ ئەم پرۆسەیە. بۆ نموونە یاسای (پاراستنی بەرھەمی ناوەخۆیی – یاسای ھاندانی وەبە رھێنانی پیشەسازی- یاسای ھەناردەکردن وھاوردە کردن – یاسای دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی و ناوچەی بیشەسازی – یاسای بازرگانی نوێ)
٢- کاری خێرا وجددی بکرێت بۆ ھاندان و ڕەخساندنی بازرگانی ترانسێت و دووبارە ھەناردەکردنەوە (إعادە التێدیر) .
٣- پێدانی قەرزی ھاندانی کشتوکالی و پیشەسازی و گەشتیاری .
٤- پێدانی کەرتی تایبەت بە رۆلی راستەقینەی خۆی لە ژیانی ئابووری.
٥- ھاندان وبەروپێشبردنی پەرەپێدانی ئابووری و مرۆیی لە ھەرێم لە سایەی ھەبوونی سیستەمی حوکمرانی جێگیر.
٦- پیشەسازی ستراتیژی لە سەرەتادا پێویستی بە پالپشتی بەھێزی حکومەت ھەیە بە تایبەت لە بواری توێژینەوە و بەرەوپێشبردن( البحپ والتگویر R&D)
٧- پێویست لە بواری پیشەسازی تا بکرێت پشت بە کەرستەی خاوی خۆماڵی وە کرێکاری خۆماڵی ببەسترێت.
٨- ھاندانی وە بەرھێنانی کوردی – کوردی.
٩- ). بەرەوپێشبردنی پیشەسازی پێویستە پالپشتی لێ بکریت بە تەرکیز کردن لە سەر پالپشتی کردنی خوێندن وبەرەوەوپێشبردنی.
١٠- سالانە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران بە دواداچوون و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم قۆناخانە بکرێت وە رێژەی ئەنجامدانی ھەر قۆناخێک ئاشکرا بکرێت وە خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکان دیاری بکرێن.
وە بەم شێوەیەش ھەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٢٠) تا وەکو ساڵی (٢٠٣٠) پێویستە بەم قۆناغانە تێبپەرێت .
١- قۆناغی پیشەسازی وەک جێگرەوەی ھەناردەکردن.
٢- راستکردنەوەی پەیکەری کەرتی پیشەسازی.
٣- قۆناغی پیشەسازی ھەناردەکردن
٤- قۆناغی دروستکردنی پیشەسازی قورس (کە پشت دەبە ستێت بە کەرستەی خاوی ناوەخۆی دەبەست.
وە ھەروەھا پیویستە لە ھەرێمی کوردستان بە ھەنگاوی یەک لە دوای یەک کار بۆ دامەزراندنی
١- دەستەی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی .
٢- دەستەی بەرھەمھێنانی نیشتمانی .
٣- دەستەی گەشەپێدانی بازرگانی دەرەوی ھەرێمی کوردستان.
٤- دەستەی پیشەسازی قورس، بکرێت.
وە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێن بۆیە پێویستە ھەنگاو بە ھەنگاو کار بۆ ھەمەجۆرکردن کەرتی ئابووری بکرێت بە مەبەستی ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان کە ئەم ھەنگاوانە ھەژمار دەکرێت بەچۆنیەتی وەبەرھێنان لە کۆرۆنا دا بکرێت وە ھەروەھا ئامادە سازیەکانی حکومەت بۆ قۆناغی دوای کۆرۆنایە .






زانکۆی سەلاحەددین - کۆلێژی یاسا
پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە یاسای بازرگانی و وەبەرھێنان
Azad.salih١@su.edu.krd
Top