پێش چاکسازی حکومەت، با چاکسازی لە بیرکردنەوەی خۆماندا بکەین، کۆِرۆناش بە نموونە!
June 2, 2020
وتار و بیروڕا
رۆژانە زۆر بە بەرفراوانی گوێبیستی ئەوە دەبین کە حکومەت چاکسازی دەکات، ئەبێت بە زووترین کات یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بھێتەکایەوە و ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە، بێ گومان ئەمەش خواستی ھەموو خەلکی کوردستانە و چاوی ھەموو ھیواکان لەسەر سەرکردەی خواستی خەلک بۆ چاکسازی کاک مەسرور بارزانییە. بەڵام ئەبێ ئەوەش بزانین چاکسازی حکومەت بریتیە لە دووبارە رێکخستنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردن و دارایی وڵات لەسەر بنەمایەکی دروست و ھێنانەکایەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی،نەک گۆڕانکاری لە دید و بیر و بۆچوونەکانماندا. بۆیە روونە کە پرۆسەی چاکسازی بریتی نییە لەوەی چاکسازی بکرێت لە شێوازی بیر و ھزری ھەر یەکێکمان، لێرە لە باشووری کوردستان، کێشەی ھەرە سەرکیمان ئەو دەبەنگیەیە! لە راستیدا لێرە یەک جۆری بیرکردنەوە ھەیە کە زۆرە شازە! ھەمیشە لە ھزری خۆیاندا وا وێنا دەکەن کە باوەریان بە ھیچ نەبێت، ھەڵسەنگاندەکان لە دیدی خودی خۆیانەوە ئەنجام دەدن و ئەوەی بیانەوێت ئەو بە راست و حەقیقەت دەزانن و بە پێچەوانەشەوە ئەوەی تر ھەمووی درۆیە، تەنیا بیریان لای ئەوەیە بلێن ھەموو شت سیناریۆیە و راست و دروستی و حەقیقەت لەم وڵاتەدا بونی نیە، دیدێک و جیھانبینێکی زۆر شاز و سەیریان ھەیە! با کۆرۆنا بکەین بە نموونە، ئەگەر بێت و لە پێش چاوی ئەو جۆرە کەسانە کەسێکی بەرکەوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بمرێت بەو پەتای کوشندەیە، بە دڵنیایەوە دەڵێن درۆیە،بیانوی جۆراو جۆر دەھێنەوە تاکو بلێن کە کۆرۆنا نیە.وەک بیانوو ھێنانەوەیەکیش دەڵین "حکومەت لەبەر بێ مووچەیی باس لە کۆرۆنا دەکات"! دیارە ٢٠٠ وڵاتی جیھانیش لەبەر مووچەیی باس لە ھەبوونی کۆرۆنا دەکەن؟
ئەم جۆرەی بیرکردنەوە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا بە ھەزار و یەک یاسای چاکسازی و رێنمایی تەندروستی و شێخ و مەلا چاک نابێت و ناکەوێتە سەر رێگای راست. راستیەکەی ئەوەیە کە وا راھاتوون ھەر شتێک روویدا، کارەساتێک دروست بوو، لافاو ھات، کێوێک رووخا، یانیش کۆرۆنا ھات پەیوەستی بکەن بە مووچە، بە ناراستی لە قەلەمی بدەن، دڵەراوکێ و بێ باوەری بڵاوەپێبکەن، لە سەرانسەری جیھان باس باسی کۆرۆنا و زیانەکانی و لێکەوتەکانیەتی، کە چی لێرە بە پێ ی بیرکردنەوەی ھەندێ کەس بێت، کۆرۆنا درۆیە، ئەسلەن نییە. ئێ خۆ لە دیدی ئەو جۆرە کەسانە گرنگ نییە، کێ دەمری و کێ بێ باوک دەبێت و کێ ئازیزانی لە دەست دەدات، ژیان نرخی نیە لای ئەو جۆرە کەسانە! نرخی ژیان لای ئەوان ئەوەی بلێن ھەرچی ھەیە درۆیە، تەندروستی کۆمەل و ژیانی خەلک و ھەبوونی ئازیزان گرنگ نییە، گرنگتر لەم شتانەی کە ئاماژەم پێی دا لە دیدی ئەم جۆرە کەسانە ئەوەیە، بچێتە سەر شەقام و پابەندی رێنماییەکان نەبێت. قسەی دەبەنگێک لای ئەو نرخی زیاترە لە رێنوێنی دکتۆرێکی نەخۆشخانە، قەرزدارێک بۆ ئەوەی قەرزەکانی نەگەڕێنیتەوە خەزێنەی گشتی، بە حکومەت دەلێَ کۆرۆنا درۆیە، ئەو دید بۆگەنانەش دەلێن راستە درۆیە کۆرۆنا نییە، پەرلەمانتارێک بۆ ئەوەی تەنیا بلێَت من راستم و ھەموو دونیا ناراست! خەڵک ھان دەدات پابەند نەبن، ئەو خەڵکەش ھەر لە خوایانە دەڵێن راستە کۆرۆنا درۆیە! لە ئێران و تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەراست و ھەموو دونیا زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس تووشی ئەو پەتایە بوون و نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، کاکیشم لەناو بازاڕی رانیە و شارەزوور ھەر بە ئاوازی "شوتی فرۆشتن ھاوار دەکات کۆرۆنا نییە درۆیە"!
زۆربوون ئەوانەی دەیانگوت درۆیە و کۆرۆنا وجودی نییە، دکتۆری زانکۆ ھەر بە تۆنی وانە وتنەوەو و گەرانی سەرچاوە بۆ توێژینەوەکان کاتێ کە دەرئەنجامێک رادەگەینرا سەرنجێکی دەنووسی و دەیوت "شەرم ناکەن درۆ دەکەن"، منیش ئەلێم شەرم دەکەم لە وڵاتێک دەژیم کە تۆی تێدا پرۆفیسۆرە! لەولاشەوە نوخبەی رۆشەنبیران و خۆ بە نووسەر زانانی وڵات، کە چی ئەوان لەمێژە قەلەمەکەیان لە ئاست دڵسۆزی بۆ نیشتیمان لە کار کەوتووە و ھەروەک ئاغاکانی خۆیان فێری ھەرزان فرۆشتن بوونە و قەلەمەکەیان بە حەراج لە بازاری نیشتمان فرۆشان فرۆشراوە، بە تۆخی دەیان نووسی حکومەت موفلیسە، کۆرۆنا نییە درۆیە! منیش دەلێم کۆرۆنا ھەیە و داوام وایە پێش ئەوەی ھەژارێک و خزمەتکارێکی ئەو وڵاتە تووشی ئەو پەتا جیھانییە ببێت، کۆرۆنا یەقەی تۆ بگرێت و نیشتمان بحەسێتەوە لە ئاست ئەو دەبەنگیەت. چینەکانی تری کۆمەڵگاش بە ھەمان شێوە! ھەمان دید و بۆچوونیان ھەبوو! خوا رەحم بکات بەم گەلە خێر لە خۆ نەدیووە....
بۆیە پێش ئەوە باس لە چاکسازی کارگێری و دارایی بکەین، با خەمێک لە شێوازی بیرکردنەوە و رەفتاری خۆمان بخۆین، حکومەت ھیچ نەما نەیکات تەنیا بۆ ئەوەی من وە تۆ پارێزراو بین، تۆش وە من ئەگەر کەمێک پابەندبین ئەوە پەتایەش ھەروەک رابردوو دەبەزێنین. بیرسازی و نوێبونەوەمان پێویستە، خۆمان نەوەیەکمان پێگەیاندووە رەشبین و بێ باوەربێت، لە جێی ئەوەی نیشتمانی خۆشبوێت، رەقی لێیەتی! لە جێی ئەوەی دڵسۆز بێت بێ باکە و وڵات بە بە نیشتمانی خۆی نازانێت. دڵنیابن یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت و زۆر شتیش دەگۆرێت، بەڵام ئەگەر بیرسازی و چاکسازی لە خودی خۆماندا نەکەین، ھەر ئاوا دەبین و ئاییندەشمان ھەروا دەمێنێتەوە لەوانەشە خراپتر بێت.
بە پابەندبوون بە رێنوێنیە تەندروستیەکان، خۆمان و ئازیزانمان و وڵاتمان و کوردستان دەپارێزین.