دوو سەنگەر و یەک پەتا حکومەتی ھەرێم و ھاوڵاتی و پەتای کۆڕۆنا

دوو سەنگەر و یەک پەتا حکومەتی ھەرێم و ھاوڵاتی و پەتای کۆڕۆنا

لەمانگی مارسەوە ھەموو جیھان لەشەڕێکی قوڕسدایە، ئەویش لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ – کۆڤید ١٩، ئەم شەڕە تەندروستییە ئابووری ھەمووی جیھانی شڵەژاند و پەکی خست، وڵاتانی جیھانی تووشی قەیرانێکی دارایی سەخت کرد، کوردستانیش لەم شەڕە قورسە بێ بەش نەبوو، بەڵکو بە تووندترین شێوە رووبەڕووی بووەوە.
وڵاتانی جیھان لەسەرەتا زۆر بایەخیان بە ڤایرۆسەکە و رێکار ورێنماییەکانی بەرگری کردنی نەدا، بۆیە زۆر زوو تەشەنەی کردو بەھەزارەھا مرۆڤ بوونە قووربانی ئەم ڤایرۆسە.
لە کوردستان بە ھەموو قەیرانە داراییەکانیشەوە حکومەتی ھەرێم لە سۆنگەی بەرپرسایەتی بەرامبەر ھاوڵاتیان بە پلانی پێشوەختە توانی ھاوڵاتیان لەم پەتایە بپارێزێت، حکومەتی ھەرێم ھەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە چەندەھا رێکارو رێنمایی باشی گرتە بەر و بە کاری زۆر و ماندوو بوونی زۆر ھەموو توانای خستەگەڕ تا ھاوڵاتی و کوردستان بەدوور بگرێت لەھەر کارەساتێکی ترسناکی تەندروستی.
ھەموومان ئەوە دەزانین کە توانای خزمەتی تەندروستی ھەرێم سنوردارە، ئەگەر بەراود بکرێت لەگەڵ وڵاتانی تری جیھان بە تایبەتی وڵاتانی پێش کەوتوو، قەیرانی دارایی کە ھۆکارێکی سەرەکییە لە سنووردار کردنی توانای خزمەتی تەندروستی. بەڵام سەنگەری حکومەتی ھەرێم زۆر بە توندی دژی پەتای کۆڕۆنا راوەستا و سنوورداری کرد، لە ئێستادا کاتی ئەوە ھاتووە کە سەنگەری ھاوڵاتی لە سۆنگەی بەر پرسایەتی خۆیەوە دەست بکەن بە کارکردنێکی دروست، بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەم پەتا ترسناک و کوشندەیە.
ئەوانەی باوەڕیان بە پەتای کوڕۆنا نییە و دەڵێن کەوا ترسناک نییە، بەداخەوە چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە و خزمەتی نەزانی دەکەن.
جێگای داخە لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان لە کوردستان دەردەکەوێ کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بەردەوامە. کەواتە پێویستە ھاوڵاتی لە سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی رۆلی خۆیان ببینن و بەردەوام بن لە خۆ پارستن، بەدوور بوون لە شوێنی قەرەباڵغی و دوور بوون لەیەکتر و دانانی ماسک و دەستکێش زۆر گرنگ و پێویستە.
راستە قەدەغەی ھاتوو چۆ و داخستنی زۆر شوێن قەیرانێکی دارایی قورس و بار گرانییەکی زۆری خستە سەر کوردستان و خەڵک، بەڵام کارەساتی تەندروستی لە وڵات دوور خستەوە، کەچی لھەزۆربەی زۆری وڵاتانی جیھان لەپاڵ کارەساتی ئابووری کارەساتێکی تەندروستی ترسناکیشی بوونی ھەبوو.
حکومەتی زۆربەی وڵاتانی جیھان لە خزمەتی میلەتە لەبەرەنگار بوونەوەی کۆڕۆنا، میللەتیش لەخزمەتی خۆیەتی بە پلەی یەکەم تاوەکو بەسەر حکومەت و وڵات نەبێتە بارگرانی.
لە کوردستان خۆش بەختانە حکومەتی ھەرێمیش لەخزمەتی میلەتدایە، بەڵام دەبێت میللەتیش بەلایەنی کەم بە خۆ پارستن لە خزمەتی خۆیدا بێت، تاوەکو نەبێتە کەسێکی نا تەندروست و بارگران بەسەر خێزان و حکومەت.
ژیانێکی تەندروست دوور لە پەتای کۆڕۆنا خۆی بە خۆی شەڕێکە بەردی بنچینەی سەرکەوتن لەم شەڕە، پێکەوە بوونی ھێزی سەنگەری حکومەت و ھێزی سەنگەری ھاوڵاتییە.
Top