چاکسازییەکانی بیبی ئیسرائیل بەھۆی چاکسازییەوە وڵاتی پێشخست پێنج جار سەرۆکایەتی حکومەتی پێ سپێردرا

چاکسازییەکانی بیبی ئیسرائیل بەھۆی چاکسازییەوە وڵاتی پێشخست پێنج جار سەرۆکایەتی حکومەتی پێ سپێردرا

لە ساڵی ٢٠٠٣ کە شارۆن سەرۆکایەتی حکومەتی ئیسرائیلی دەکرد، پۆستی وەزارەتی دارایی لەلایەن بنیامین ناتانیاھۆ بەڕێوە دەبرا، ئەو پۆستەکەی بۆ چاکسازیی ئابووری بەکارھێنا تاکو دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە گەیشتە ئاستێکی ھەرە پێشکەوتوو.
ناتانیاھۆ بڕیاری لە گرتنەبەری رێکاری سەخت دا، کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی تێکڕای باج و خەرجییەکان و کرێی فەرمانبەرانی حکوومەت تاکو ئاستی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چوار ھەزار لە فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای فراوانکردنی بەشی دەسەڵاتی حکوومەت لە بواری ئابووری و کۆمپانیا گشتییەکانی فڕۆکەوانی نیشتمانی ( ئی ئێڵ ئەی ئێڵ) و کۆمپانیای پەیوەندییە نیشتمانییەکانی (بیزیک)، ئەو بە رێژەی ٦٤% تا ٤٤% باجی لەسەر ھاووڵاتیان و لەبەرامبەریشدا بە رێژەی ٣٦% تا ١٨% باجی لەسەر کۆمپانیاکان کەمکردەوە و چاکسازی گرینگی لەبواری ئابووریدا سەپاند.
رون دیرمیر کە وەکو راوێژکار لەگەڵ چوار لە وەزیری دارایی ئەو وڵاتە کاری کردووە بە ناتانیاھۆشەوە؛ سەبارەت بە چاکسازییەکانی بیبیی (کە مەبەستی ناتانیاھۆ)یە, دەڵێت: (رۆڵی ھەناسەبڕاویی حکوومەتی لە ئابووری چارەسەر کرد، بیبی ریفۆرمەر نەبوو بەڵکو شۆڕشگیڕ بوو؛ چاکسازی ئەوکاتە دەکرێ کە سیاسەتی حکوومەت بگۆڕی و شۆڕشیش ئەوکاتە بەرپا دەبێ کە کار لەسەر گۆڕینی ئەقڵییەتی وڵات بکەی، من لەو بڕوایەدام کە بیبی توانی گۆڕانکاری لە ئەقڵییەتدا بکا).
لەھەما کاتدا بنیامین ناتانیاھۆ خودی خۆی چەندین چاکسازی لە کەرتی بانکیدا کرد ئەویش بە نەھێشتنی سەنەدە حکوومییەکان, بەھۆی ئەو سەنەدانەوە دامەزراوەکانی ئیسرائیل ھیچ پاڵدەرێکیان نەبوو وەبەرھێنان لە سندووقەکانی وەبەرھێناندا بکەن، بەڵام دوای چاکسازییکردن لەو کەرتەدا دامەزراوەکان دستیان کرد بە کۆکردنەوەی نزیکەی (٣٠٠) ملیۆن دۆلار بۆ وەبەرھێنان لەھەر مانگێدا. دەرەنجامی ئەو چاکسازییانە بە ئەرینی بەسەر ئابووری ئیسرائیلدا شکایەوە و ھەر بەھۆی ئەمەشەوە ناتانیاھۆ لەنێو گەلی ئیسرائیلدا پێگەی جەماوەری فراوانتر بوو.
ناتانیاھۆ بیرۆکەی بازاڕی ئازادی پەیڕەو کرد و لەبارەی پرسی چاکسازیشەوە خۆی بەمشێوە باسی لێوە دەکا و دەڵێت: (بۆ گەلی ئیسرائیلم شیکردەوە کە ئابووری کەرتی تایبەت پێشتر لەشێوەی پیاوێکی لەڕ و لاواز کە پیاوێکی قەڵەوی لە کۆڵ کردبوو، لە کاتێکدا ئەو چاکسازییانەی کردم پشێوی گەورەی لەنێو کرێکاراندا دروست کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تێڕوانینی من بۆ ئابووری ژێیەکی ھەستیاری پێکا. ھەر کەسێک لە ئیسرائێل ھەوڵی ئەوەی دابێت کارێکی وەھا بکات ئەوا ئەویشی گرتەوە و ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت سەرکەوێت ئەوا ناچارە رۆڵەکان پێچەوانە بکاتەوە، بۆ کەرتی تایبەت پێویستە ببێتە ئەو پیاوە قەڵەوە؛ ئەوە تەنھا بە کەمکردنەوەی باج و سنووردارکردنی خەرجییە گشتییەکان دەکرێ).
بە درێژایی پەنجا ساڵ کۆمپانیا حکوومییەکان بێھودە بەدوای غازی دەریادا گەڕان، تەنھا بە راسپاردنی کۆمپانیا تایبەتەکان و لە سەردەمی حکوومەتی ناتانیاھۆدا کانگایەکی غازییان دۆزیەوە کە بە بەھای میارەھا دۆلار دەبوو، ئەوەش ھاوکار بوو لەوەی حکوومەت سەرچاوەی داھاتێکی گرنگی دەسکەوێت بۆ پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی لەبواری پەروەردە و چاودێری و ژێرخانی ئیسرائیل.
بیبی توانی موعجیزەیەکی ئابووری دروست بکا و ئیسرائیلی گەیاندە ئاستی وڵاتانی ھەرە پێشکەوتوو، تەنھا لەو کاتەی کە وەزیری دارایی بوو وەبەرھێنانی راستەوخۆ ساڵانە لە ئابووری ئیسرائیلدا گەیشتە رێژەی ٣٨٠%.
ئەو لەمیانی ئەو سیاسەتەی ناوی نا (پیاوی قەڵەو/ پیاوی لاواز) ئەوەی سەلماند کە تەکنۆلۆژیا بەبێ بازاڕی ئازاد وڵاتان ناخاتە سەر رێچکەی پێشکەوتن، ھەموو ئابوورییە نیشتمانییەکان لەو پێشبڕکێیەدان کە کەرتی گشتی لەسەر ئەستۆی کەرتی تایبەتدا بێت، ئەوسا کەرتی گشتی دووچاری ھەڵئاوسانێکی زۆر ببووەوە, بیبی سیستەمی پارێزیی قورسی بۆ خۆراکەکانی داڕشت و ھەموو بەربەستەکانی لەبەردەم کێبڕکییەدا لابرد کە ببوونە ئاستەنگ لەبەردەم کەرتی تایبەتدا... بەوە بەرەو پێشەوە پێشکەوت.
ئیسرائیل ئابووری بازاڕی ئازاد و تەکنۆلۆژیای ھەڵبژارد و ئەوە ھۆکاری پێشکەوتن و بەھێزبوونی ئابووری ئەو وڵاتە.
ئیسرائیل یەک لە وڵاتە ھەر پێشکەوتووەکانی بواری تەکنۆلۆژیایە لەسەر ئاستی جیھان؛ بەشێوەیەک کە نزیکەی (٤٠٠٠) کۆمپانیای تەکنۆلۆژی لەو وڵاتەدا تۆمار کراون, لە کۆی (٥٠٠) گەورە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە ئیسرائیل خاوەنی (٨٠)یانە کە توێژینەوە و داھێنانەکانی لەرێگەی لقەکانی لەناوەخۆی وڵاتدا ئەنجام دەدات و بڵاویان دەکاتەوە.
کۆمپانیاکانی فەیسبووک و ئاپڵ و مایکرۆسۆفت و ئینتڵ و بایباڵ و ئەمازۆن و ئی بی ئێم و سیسکۆ و چەندین کۆمپانیای دیکە کە بە گرینگترین کۆمپانیا لە جیھاندا ھەژمار دەکرێن و رۆژانە بەرھەمەکانیان بەکار دێ، پشت بە توێژینەوە و پێشخستن دەبەستن و ھەمووی لە رێگەی لقەکانیان لە ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن،
o وەکو گەورەترین ناوەندی تەکنۆلۆژی لە جیھان؛ تەلئەڤیڤ لەدوای سیلیکۆن فالی ئەمریکا بە پلەی دووەم دێت.
o لەبواری ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی بۆرسەی ناسداک کە لە جیھاندا بە گەورەترین بۆرسەی تەکنۆلۆژیا ھەژمار دەکرێ, ئیسرائیل لە پلەی سێیەمدایە لە دوای ئەمریکا و چین.
o ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی ئیسرائیل لەو بۆرسەیەدا گەورەترە لەوەی وڵاتانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ھۆڵەندا.
o کەرتی توێژینەوە و پێشخستن رێژەی ١٢.٥% لە کۆی بەرھەمھێنانی ناوەخۆ لە ئیسرائیل پێکدەھێنێ، و لەمڕووەشەوە ئیسرائیل لە جیھاندا بە یەکەمین وڵاتە دێت کە ئەو رێژە سەدییەی ئابووری لە چالاکییەکانی توێژینەوە و گەشەداندا خەرج بکا.
ئیسرائیل دەستی ھەبووە لە پێشخستنی چەندین داھێنانی نوێی کۆمپانیا جیھانیەکان، وەکو ئۆتۆمبیلی کارەبایی و ئۆتۆمبیلی بێ شوفێری گوگڵ و کۆمپیوتەری لاپتۆپ و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکانی کۆمپانیای ئەنتڵ. خەڵکی لەھەر شوێنێکی دنیا لە داھێنانەکانی مۆبایل سوودەمەندن کە ئیسرائیل خاوەنەکەیەتی لە سیستەمی دەریاوانی و رێوبان و داودەرمانە رزگارەکانی ژیان و ئامێرە پزیشکییەکان و چەندین داھێنانی دیکە کە رۆژانە بەکار دێن.
پاشەڕۆژ مولکی داھێنەرانە، بۆیە ئیسرائیل پێگەیەکی گرینگی لە پاشەڕۆژدا دەبێت و لە ئێستادا لەڕووی گەشەی ھەرە خێراوە؛ پلەی سێیەمی لە ریزبەندی یانەی ئابووری جیھانیدا گرتووە.
کۆمپانیا نوێیەکانی ئیسرائیلی بە بڕی نزیکەی ٢٠% لەبواری ئەلیکترۆنیدا چانسی وەبەرھێنانی تایبەتی جیھانییان ھەیە، لەلایەکی دیکەشەوە لە ئیسرائیل رێژەی ٨٧%ی ئاوی بەکارھاتوو دەپالێوێت و پێنج جار بەکار دەھێندرێتەوە، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ھەر وڵاتێکی دیکە؛ مانگای ئیسرائیلی بڕە شیرێکی زۆرتر دەدات.
پرسیار ئەوەیە, لە کاتێکدا ئیسرائێلدا خاوەنی زەوییەکی وشک و بەدەم کێشە و قەیرانی یەک لەدوای یەکدا دەیناڵاند... چۆن گەیشتە ئەو ئاستەی پێشکەوتنە؟
لەمێژووی ئیسرائیلدا دوو ھەنگاوی زۆر گەورە نران، سیاسەتی حکوومەتەکانی ئەو وڵاتە رۆڵی ھەبوو لە خێرایی گەشەسەندن و ھۆکاری ھەرە سەرەکی بۆ ئەم گۆڕانکارییە رێگەخۆشکردن بوو لەبەردەم کەرتی تایبەت دا.
ھەنگاوی یەکەم لە ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ١٩٧٠ نرا، لەو ماوەیەدا پشکی تاک لە تێکڕای داھاتی ناوخۆدا بۆ چوار ھێندە بەرز بووەوە و چڕی دانیشتووانیش سێ ھێندە زیادی کرد. ئەوە سەرەڕای ھەڵگیرسانی سێ جەنگی گەورە لەو کاتانەدا. ھەنگاوی دووەمیش لە ساڵی ١٩٩٠ بوو کە تاکو ئێستا بەردەوامە کە ئیسرائیلی لە دۆخی چەقبەستوویی و متبوونەوە گۆڕییەوە بە ناوەندێکی سەرکێشیکردنی داھێنانی جیھانی، لەو سەردەمەدا بە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشوو جیاوزای گەورە کەوتە پەیڕەوی کارکردن و نیشانەی ھەر بەرچاو رۆڵی کەرتی تایبەت بوو لە پێشخستنی وڵات دا.
لە ساڵی ١٩٦٥ ئەندازیاری ئیسرائیلی (سمیحا بلاس) پێشنیاری بیرۆکەی ئاودێری بە شێوازی دڵۆپاندن کرد، و ئەوە بووە سەرەتایەک بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ بە کۆمپانیای جیھانی ((Netafim بۆ ئاودێری و دڵۆپاندن ناودەبرێ. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گەشەدانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ھارفارد کە پێشتر وەزیری گەشەدان بووە لە حکوومەتی ڤەنزویللا، دەڵێت: (ئەوەی لە ئیسرائیلدا رووی دا ئەوە بوو کە پرسی کەمیی ئاو گۆڕدرا بۆ سەرکردایەتیکردن لەبواری کشتوکاڵی بیابان ئەویش لەڕێگەی سیستەمی دڵۆپاندن و دامالێنی لە خوێ).
رێژەی ٩٥%ی زەوی ئەو وڵاتە وشک و بیابان بوو کە وەکو کێشە سەیر دەکرا, ئەو کێشەیە وەکو سامان و سەرمایە بۆ وڵاتەکە گەڕایەوە و چارەسەر کرا، لەو کاتەی کە ئیسرائیل دامەزرا بیابانی نەقەب خەریکبوو رێگاکانی قودس و تەلئەڤیڤیشی دادەپۆشی تاکو دواجار ئەو پەڵھاویشتنەی بیابان پێچەوانە کرایەوە و گۆڕدرا بە کێڵگە کشتوکاڵی و دارستان، تاکو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئیسرائیل پێشەنگە لەو بوارە و سێ ھێندەی ئیسپانیا کرداری پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوی تێدا ئەنجام دەدرێ.
ھەروەھا رێگایەکی نوێ بۆ بەکارھێنانی ئاوی نەشیاو بۆ خواردنەوە بیندرایەوە، بەمەودای پێنج یاریگای تۆپی پێ کرداری ھەڵکۆڵین کرا بۆ دۆزینەوەی ئاوی گەرم و سوێر، لە دەسپێکدا ئەوە مایەی دڵخۆشی و بە دۆزینەوەی گەورە سەیر نەکرا تاکو گەیشتنە ئەوەی کە ئەو جۆرە ئاوە بۆ بەخێوکردنی ماسی ئاوە شلەتێنەکان زۆر گونجاو و سەرکەوتوو دەبێت؛ ئەوە بوو بۆ وەکو بەرھەمێکی بازرگانی ئەو ئاوە خرایە نێو حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی و ئەوی دیکەش ئاودانی درەختی زەیتوون و دار خورما و ھەورەھا رێگا و شێوازی دیکە بۆ کشتوکاڵی میوە و سەوزە داھێندرا. لەئەمڕۆدا ئەو زەوییەی کە (مارک توین) بە زەوی وشک ناوی ھێنا نزیکەی (٢٤٠) ملیۆن درەختی لە ئامێز گرتووە و دارستانەکان ھەموو وڵات دادەپۆشێت و ئیسرائیل بە تاکە وڵات ھەژمار دەکرێ کە رووبەری بیابانی لە کەمبووندایە.
بۆ پێشخستن و بەھێزکردنی ئابووری ئیسرائیل (١٠) سندووقی سەرمایەی وەبەرھێنان بۆ ھاندانانی وبەرھێنە جیھانییەکان لە رێگەی پرۆگرامێک بە ناوی ((Yusma پێکھێنرا, ئەوە بووە ھۆی دەرکەوتنی ملیارەھا دۆلار لە وەبەرھێنە جیھانییەکان بۆ پشتیوانیکردنی پرۆژە و کۆمپانیا نوێیەکان بەمەبەستی پشتگیری کردن لە بیرۆکە داھێنەرەکانیان, ئەمە نەک تەنھا بووە ھۆی قازانجی دارایی بەڵکو بووە ھۆی پتەوبوونی شارەزایی و ئەزموون و تەکنۆلۆژیای نوێ, بۆیە لەمیانی ھەشت ساڵ لە ١٩٩٢ تاکو ٢٠٠٠ ژمارەی ئەو سندووقانەی سەرمایەی وەبەرھێنان لە بیستەوە بەرز بووەوە تاکو گەیشتە (٥١٣) و لە ئەنجامیشدا ئیسرائیل وەکو یەک لە باشترین ژینگەی بۆ سەرکێشیکردنی کار ناسرا.






وەرگێڕان و ئامادەکردن: عیسا بۆتانی
Top