وتاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ٠٠٠ ھیوابوونێک لە نێو کومەڵێک باری سەختدا
May 23, 2020
وتار و بیروڕا
ئاراستەکردنی وتەیەک لە بۆنە و جەژنەکان نەریتێکی باوی بەکارھاتووە، دەیبینین بەبۆنەی ھاتنی ڕوژێکی تایبەت چ ئاینی بێت یان نەتەوەی سەرۆکان وتارێک ئاراستەی گەلەکانیان دەکەن، گرنگی وتارەکە لە ناوەڕۆک و چۆنیەتی داڕشتنی مەبەستەکان خۆی دەنوێنێ، لەمیانی خوێندنم بۆ وتاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی، دەبینین چەندین خاڵی گرنگی بابەتیانەیان خستۆتەروو، ھەر بۆیە وتارەکەیان وەک تەنیا وتارێکی ئاسایی نە بوو بۆ پیرۆزبایی و بەسەرکردنەوە، بەڵکو دەتوانم بڵێم بابەتگەلێکی ھەستیاری خستۆتەروو و پرسەکان زۆر بەوردی بڕس کراون، وا ھەست دەکەین کە مەبەستی بەڕێزیان ڕوونکردنی ڕاستیەکان و ھەوڵدانە بۆ ئەوەی ھەرتاکێکی کوردی ئەم ھەرێمە وێنەی ئەمڕۆی گوزەرانی کوردستانی بۆ ڕوون بێت، ھەر بۆیە باس لە پرسە گرنگەکان کراوە وەک داھات و دواکەوتنی مووچە و ڕێژەی خەرجییەکان و ئەو گوڕانکاریانەی بەسەریان دا ھاتوون، لەگەڵ ئەوەی بەڕێزیان ھەوڵی داوە زۆر بە شێوازێکی ساکار و ڕەوان ڕاستیەکان بۆ خەڵکی خۆی ئاشکرابکات، کەئەمەش نیشانەی بە ھەندزانینی دروست کردنی متمانەیە لەنێوان حکومەت و خەڵک و ھەوڵدانە بۆ نەھێشتنی بۆشایی و ھەڵە لەیەک تێگەیشتن، بۆیە پێویستە تاکی کورد وەک چۆن بەڕێزیان ئاماژەی بۆکرد بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بڕوانێتە سەرھاتەکان و ڕێی لە چەواشەکردن بگرێت و لە بەرەی راستی لا نەدەن، لە ھەموویشی گرنگتر کە سەرۆکی حکومەت بە تۆی ھاوڵاتی دەڵێت من لە بەرەی ھاوڵاتیانم ، کاتێ باس دێتە سەر پرسی چاکسازی کە یەکێکە لە دیارترین داوا و سکاڵای ھەر ھاوڵاتیەکی پاکی ئەم ھەرێمەمان و شەڕی دژ بە گەندەڵی لە ھەر جۆرە شەرێک کە لەپێناو پاراستنی خاک و وڵاتمان دەیگرینە بەر ھیچی کەمتر نییە، بێگومان بە یەکگرتووی بەرەی حەق سەردەکەوێت، کە بەرەی ھاوڵاتیانە و سەرۆکی حکۆمەتیش لەو بەرەیە دەجەنگێ، سەرۆکی حکومەت ھیوای پێ بەخشین کە ھەر چەند بەربەستەکان گەورە بن بەڵام ھەڵگڕانی ئاڵای چاکسازی ناوەستن، لە کاتێکدا گەر سەرپێچیکاران و گەندەڵکاران لەم جۆرە پەیام و وتارانە دەشڵەژێن ئەوا ھاوڵاتیان و ھەژاران لەم وتارەدا خۆیان دەدۆزنەوە و ئاوی ئومێد تێنوێتیان دەشکێنێ، رۆژێک دێت بەسەرکەوتوویی دۆخە سەختەکان تێبپەڕێنین، ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ ڕاستە سەختە بەھۆی ئەم پەتایە و دۆخە نالەبارەی کە ھەموو جیھانی شڵەژاندووە و چەندین سیستەمی ئابووری بەھێزی لەقاندووە و ھەرچی حکومەت ھەیە بۆ دەربازبوون لەم وەزعە پێداچوونەوە بۆ کارنامە داراییەکان دەکەن و چەندین گۆڕانکاری دەخەنە کار، ئەمەش ئەو کاتە سەردەکەوێت ئەگەر تێگەیشتن و ھەماھەنگی نێوان حکومەت و خەڵک ھەبێت، وەک دیدی خۆم خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەر وەک چون باوەڕیان بەو ڕێکارانە ھەبوو کە حکۆمەت گرتیە بەر بۆ کونتڕۆڵ کردنی پەتای کۆڕۆنا و پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و سەرکەوتنی حکۆمەتی ھەرێم لەم بابەتە باشترین نموونەیە کە متمانە پێکردن و ھاوکاریکردن دوو بناغەی سەرەکین بۆ سەرکەوتن و زاڵ بوون بەسەر گەورەترین کێشە ھەر بۆیە کێشەی داھات و مووچە و بژێوی خەڵک ھەروەک کێشەی سەلامەتی و ژیانی ھاوڵاتیانە و ھیچی لێ کەمتر نییە، بۆیە تەنیا لە ڕێگەی ھاوکاریکردن، خۆ بە بەرپرس زانین دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین، بوونی ھیوا و باوەڕ بوون بە توانا و حیکمەتی رێکارەکانی حکومەت و بەرپرسیارەتی ھەردوو لا و ھەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی بارە سەختەکان ھەر ئەمانەن ئامانج دروست دەکەن و کوردستان ھەر بە سەر بڵند دەھێلێتەوە٠
• ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی