قوتابخانەی ئەلیکترۆنی تایتڵی ساڵەھای خوێندن ئاوەژوو دەکا و لە (پەروەردە و فێرکردن)ەوە دەیگۆڕێت بۆ تەنھا (فێرکردن)ێکی ناکامڵ

قوتابخانەی ئەلیکترۆنی تایتڵی ساڵەھای خوێندن ئاوەژوو دەکا و لە (پەروەردە و فێرکردن)ەوە دەیگۆڕێت بۆ تەنھا (فێرکردن)ێکی ناکامڵ

سەرەڕای سەرنجەکان پەنابردن بۆ فێرکردنی ئەلیکترۆنی بۆ قۆناغێکی وەکو ئەمڕۆ دەبێ وەکو سەرکەوتن بۆ وەزارەتی پەروەردە دانی پێدابندرێ و بە ڤاکسینی پەروەردەیی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەژمار بکرێ.
لە سایەی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ (ڤایرۆسی کۆرۆنا) کە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا گیرۆدەی بوون، سیستەم و دامەزراوە فێرکاری و پەروەردەییەکانی جیھان وەکو ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ بەردەوامیدان بە کرداری خوێندن پەنایان بۆ فێرکردنی ئۆنلاین برد، ئەویش لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکانی ئاخاوتن و گفتوگۆی بە دەنگ و ڕەنگی وەکو زووم و گوگڵ و میتینگ و وێب ئێکس میت و سکایب و ... ھتد. بەپێی راگەیاندنی ماڵپەڕی (تیک کرینش) تەنھا لە ماوەی یەک حەفتەی مانگی ئازاری ئەمساڵ و بە دەستپێکردنی قەدەغەی ھاتوچۆ و کوارەنتینەکردنی ھاووڵاتیان بەھۆی کۆرۆناوە، دابەزاندنی ئەو ئەپلیکەیشنانە گەیشتە (٦٢) ملیۆن جار.
یەکێک لە ھۆکارەکانی دەرکەوتنی فێرکردنی ئەلیکترۆنی کە لە وڵاتانی جیھان و بە ئینتەرنێت لێرنینگ و زۆر ناوی دیکە دەناسرێ لەبەر بەرزبوونەوەی خواستی فێربوون و زیادبوونی ژمارەی قوتابیان بووە، کە قوتابخانە و زانکۆکان چیتر ناتوانن لەخۆیان بگرن و خوێندنیان بۆ فەراھەم بکەن، بۆیە پەنا بۆ ئەوجۆرە فێرکردنەی لە رێگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری بردراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەھۆی رێکارەکانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتوچۆ و داخستنی دەرگای قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و بە ناچارییەوە دەستی بۆ ئەو جۆرە خوێندنە ئەلیکترۆنییە برد. لێرە لە ھەرێم و لە زۆرێک لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەبەستی سەرەکی لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی یان خوێندنی ئۆنڵاین لە دەستنەچوونی ساڵێکی خوێندن بوو، ئەویش بە ھۆی ھەڕەشە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمەوە ئەوە ئاشکرا کراوە کە قوتابخانەی ئەلیکرۆنی وەکو سیستەمێکی پاڵپشتیکارە بۆ فێرکردنی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن، بەوپێیە دەتوانین بڵێین بوونی ئەو سیستەمە ھەموو ئامانج و خواستی حکومەت و ھەروەھا مامۆستا و قوتابیانیش بۆ فێربوون پڕ ناکاتەوە و بەدەستی ناھێنێت. ھەروەھا بوونی ئەو رێگایە تایتڵی ساڵەھای خوێندن ئاوەژوو دەکا و لە (پەروەردە و فێرکردن)ەوە دەیگۆڕێت بۆ تەنھا (فێرکردن)ێکی ناکامڵ. دەشێ بگوترێ کە دەستبردن بۆ قوتابخانەی ئەلیکترۆنی بۆ ھەلومەرجێکی وەھا تەنھا ھۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ دانەبڕانی قوتابیان و نەپچڕانیان لە کەشوھەوای خوێندن و پێداچوونەوە و لەبیر نەکردنی ئەو وانانەی کە ھەتا بەر لە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان فێرکرابوون. لە رێگای سەیرکردنی ئەو وانانەی کە لەو پلاتفۆرم و وێبسایتەدا داندراون قوتابی جۆرێک ئامادەگی دەبێت بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم.
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە لە بارودۆخێکی وەکو ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، قوتابخانەی ئەلیکترۆنی نابێتە جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤێکی تەواوی فێرکردنی راستەوخۆ و بەراورد ناکرێ لەگەڵ فێرکردنی نێو ھۆبەکانی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەش دەرک بەو راستییە دەکات، ئەویش بەھۆی ئەوەی خوێندنی بەو شێوازە ھەم بۆ قوتابی و مامۆستایانیش ئەزموونێکی نوێیە، وێرای چەندین لایەنی دیکەی وەکو بەردەست نەبوونی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت وەکو پێویست و نەبوونی کۆمپیوتەر و تابلێت و ئامێرە زیرەکەکان کە راستەوخۆ کاریگەرییان ھەیە، لەوەی تێکڕای قوتابیان وەکو پێویست دەستیان بە فێربوونی ئەلیکترۆنی نەگات، سەرباری ھەموو سەرنجەکان دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگیرێ لە کاتێکدا ئەگەر یەک لەسەر چواری قوتابیانی ھەرێم لەو دۆخە نەخوازراو و ناچارییەدا لە رێگەی بەکارھێنانی ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنیە سوودمەند بن، ئەوا سەرەڕای سەرنجەکان ئەوا فێرکردنی ئەلیکترۆنی بۆ قۆناغێکی وەکو ئەمڕۆ دەبێ وەکو سەرکەوتن بۆ وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان دانی پێدا بندرێ و بە ڤاکسینی پەروەردەیی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەژمار بکرێ.
Top