عێراقی پڕ کێشەو سەرۆک وەزیرانی ئەمجارە

عێراقی پڕ کێشەو سەرۆک وەزیرانی ئەمجارە

لە دوا ساتەکانی رێکەوتی(٦ی مایسی ٢٠٢٠) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی تایبەت بە متمانە بەخشین بە کابینەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو(مستەفا کازمی) بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی و لە نێو گێژاوی سیاسی عێراق دەنگی دا بە کابینە نوێیەکەی (کازمی).
ئەم متمانە بەخشینە لە کاتێک دابوو کە پێشتر دوو کاندیدی دیکە ھەر یەکە لە(محەمەد تۆفیق عەللاوی) و (عەدنان زورفی) لە نیوەی رێگاکەدا بەجێمان و نەیانتوانی کۆدەنگی لایەنەکانی نێو پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
رازی بوون لەسەر کاندید کردنی (مستەفا کازمی) و گەیشتنە رێککەوتن لەسەری، لە نێو ماڵی شیعە بابەتێکی وا ئاسان نەبوو. ھەر پێشتریش و ئەو کاتەشی کە (عەللاوی) و(زورفی) ناویان دەھات بۆ کاندید کردن، ناوی( مستەفا کازمی)یش یەکێک بوو لەو ناوە بەھێزانەی کە زۆر لەسەر زمانان دەھاتودەچوو.
ھەر زوو گومانی ئەوە دەکرا کە ئەو یەکێک بێت لەو کەسانەی کە لە جیاتی (عەللاوی) یان (زورفی) بێتە راسپاردن بۆ ئەو پۆستە، بەڵام جگە لەوەی کە شەقامی کوڵاوی خۆپێشاندەران رەتیان دەکردەوە، ئەوا ھەر خۆشی لە دەسپێکدا رەتی دەکردەوە کە ئەم پۆستە وەرگرێت، بەڵام دواتر ھاوکێشەکە گۆڕاو (اعتژار المکلف وتکلیف المعتژر)ی لێکەوتەوە. (زورفی) ھەر پێش ئەوەی کابینەکەی بباتە پەرلەمان داوای لێبوردنی کردو پاشەکشەی کردو (کازمی)یش کە پێشتر داوای لێبوردنی کردبوو، تەکلیف کرا بۆ پێکھێنانی کابینە.
لە دانانی ھەر یەک لەو کاندیدانە مشتومڕی زۆر لە نێو ماڵی شیعە ھەبوو، ھەر بۆیەشە ھەردوو کاندیدەکەی پێشتر ھەر یەکە لە( عەللاوی و زورفی) نەیاتوانی لە بەدەست ھێنانی متمانەی لایەنەکان، سەرکەوتوو بن. ئەم مشتومڕەش چەندەی پەیوەندیدار بوو بە کێشمەکێشی ھەر دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئیران، کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق نفوزیان ھەیە، ھێندەش پەیوەندیدار بوو بە بەدەست ھێنانی پشکەکانی ھەر یەکە لەو پارتە شیعانە لەو وەزارەتانەی بەریان دەکەوێت لە ئەنجامی پشتگیری کردنیان بۆ کابینە حکومییەکەی (کازمی).
لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوەو بە تایبەتیش دوای کۆتایی ھاتنی حوکمی مەدەنی (پۆل بریمەر) و دوبارە داڕشتنەوەی دەسەڵات و دامودەزگا شەرعییەکانی عێراق و نوسینەوەی دەستور و ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمە بۆتە عورفێکی سیاسی کە پۆستی سەرۆک وەزیران لە پشکی شیعەیەو ھەر یەک لە سەرۆک کۆمارو سەرۆک پەرلەمانیش پشکی کوردو سوننەیە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە لایەن و پێکھاتەکانی دیکەی سیاسی مافی ڤیتۆیان نەبێت لە دەست نیشان کردنی کەسەکان کە ئەمەش پێش و لە نێو ھۆلی پەرلەمانیش و لە کاتی دەنگ دان بە باشی ھەستی پێدەکرێت.
بێگومان ھەرێمی کوردستان و دامودەزگا شەرعییەکانی و سەرکردایەتی سیاسییەکەی بێ ئاگا نەبوون و نین لەو کێشمەکێش و مشتومڕەی کە دوای دەست لەکارکیشانەوەی سەرۆک وەزیرانی بە زۆر دەست لەکارکێشاوەی عێراق (عادل عەبدوڵمەھدی) لە نێو ماڵی شیعی و لە ئەنجامی دەست نیشان کردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دروست ببوو. بگرە ھاوکاری باشیش بوونە بۆئەوەی لایەنە شیعەکان بتوانن لە ھەڵبژاردنی کەسێکی گونجاو بۆ ئەو پۆستە سەرکەوتوو بن، بەمەرجێک رەچاوی خەسەلەتە دەستورییەکانی عێراقی فیدراڵ و پێگەو ماف و داخوازییە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.
چونکە ھەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی و بەتایبەت لە ویلایەتی دووەمی مالیکی و عەبادییەوە ھێندەی کێشەی لەگەل کەسەکان ھەبووە، ھێندە کێشەی لەگەل کارنامەی حکومی ئەو کاندیدانە نەبووە کە بەچەند لاپەرەیەک چەندین گفت و بەلێن و بەندیان بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی ھەردوو حکومەت رازاندۆتەوە.
شاراوە نییە کە میزاجی کەسی لەبەرێوەبردنی عێراق و بیری تائیفی و عەقڵیەتی پەڕاوێز خستن لەعێراق باڵا دەستە و بە پێی قۆناغ و کات و شوێن، تەنیا رێژەکەی دەگۆڕدرێت، ئەگینا ھەمیشە ھەر ھەبووە، ھەر بۆیەشە لەم چەند ساڵەی دوایی و لەو کاتەی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو ھەر یەکە لە (عەبادی و مالیکی ) دەستیان بۆ بڕینی قوتی خەڵک برد، مەترسی و ترپەی لێدانی دڵی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش زیاتر بووە کە ھەمدیسان کەسە دەسەڵاتدارەکانی بەغداو بە میزاجی کەسی و دوور لە دەستور و یاسا و بێ گوێدانە گفت و بەلێنە نوسراوەکانیان دێن و یاری بە قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەیکەنە کارتی فشارو لە نێو گفتوگۆکانی ھەر دوو حکومەت لەسەر پرسە ھەڵواسراوەکانی دیکە بەکاری دەھێنن. ئەگینا مووچەو قوتی خەڵک بابەتێکەو بابەتی نەوت و رادەست کردن و نەکردنی بابەتێکی دیکەیە.
کوردو ھەرێمی کوردستان لەئێستادا بەدەستی میزاجی کەسی (سەرۆک وەزیرانەکانی عێراق) بە تایبەت لەسەردەمی(مالیکی وعەبادی) زۆر کێشاویانە، بۆیە ھەر کاتێک سەرۆک وەزیرانێک متمانەی پێدەبخشرێت یەکەم پرسیار کە لای ھاوڵاتیانی کوردستان دروست دەبێت ئەوەیە، ئایا ئەم سەرۆک وەزیرانە چۆن دەبێت لەگەل کورد؟ ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە عێراق ھێشتا نەبۆتە دەوڵەتی موئەسەساتی کە بە پێی دەستور ویاسا کارەکانی رایی بکات، ھێشتا رزگاری نەبووە لە عەقڵیەتی پەراوێز خستن و بە یەک چاوسەیرنەکردنی ھاوڵاتیانی. ھێشتا ھەزمی ئەوەیان نەکردووە کە جگە لە سیستەمی وڵات، شێوەی دەوڵەتی عێراقیش گۆڕاوەو بۆتە فیدراڵی. ھێشتاش نەتەوەکانی دیکە تێیدا ئاسودە نین و ناتوانن بە روونی داھاتووی خۆیان ببینن.
عێراق نقومی دونیایەک کێشەی جیدییە، لە نێو گێژاوی بیر تائیفی و مشتومڕی سیاسی و کێشمەکێش و بگرەو بەردەی وڵاتانی زلھێزی ناوچەکەو گەندەڵییەکی بێکۆتایی و شەڕی تیرۆر و قەیرانی دارایی وئابوری و قەیرانی بێ متمانەیی و قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی و بێ خزمەتی و بێ پلانی و بوونی سەدان میلیشای ھەزار مەرجع و ئێستاش کۆرۆنا، گیری خواردووەو دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی، ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکە سەرۆک وەزیرانێک و نزیکەی نیوەی کابینەکەی لە لایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدراوەو ھێشتاش مشتومڕ لەسەر ناوی ھەندێک لە وەزیرەکانی ھەیە کە دەیەوێت کاندیدیان بکات.
لەوە لاوەش ھەندێک لە کوتلە شیعەکانی دیکە دژی متمانە پێدانی بوون و دەیانەویت ببنە ئۆپۆزیسیون، ئەمە جگە لەوەی کە کوتلەی سائیرونی (موقتەدا سەدر) سەرەڕای ئەوەی کە دەنگیان بە کابینەکەی دا، خۆی لە کەمین داناوە، بزانێت ئەم سەرۆک وەزیرانە چی لە ھەگبەی دایە، جا ئایا ئەم جارە لەم کارەی سەرکەوتوو دەبێت یان نا، ئەمە لە ئایندە دەردەکەوێت.
(کازمی) سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق تەنیا دوو ساڵی لەبەردەمە کە بتوانێت بەو جۆرەی کە خواستیەتی ھەول بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە بدات کە لە کارنامە حکومییەکەی پێشکەشی پەرلەمانی کردووە، بەڵام ئایا بەراستی دەتوانێت؟
ئاڵنگارییەکانی بەردەم (کازمی) زۆرن، (کازمی) یش وەک سەرۆک وەزیرانی بە زۆر دەستلەکارکێشاوە(عادل عەبدولمەھدی) سەر بە ھیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نییە کە پشت وپەنای بێت، بۆئەوەی پلانە ئیداری و بڕیارە بوێرەکانی خۆی لە رێگەی پەرلەمانەوە بە یاسایی و بەھێز بکات، ھەر بۆیە، لە ھەر کاتێک کە بە گونجاوی بزانن و خواستیان لەسەر بێت، ئەوا فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی بە بچووک و گەورەوە دەتوانن پشتی تێبکەن و بیھێنە بەردەم پەرلەمان و سین و جیمی بکەن. وەک ئەوەی بەرامبەر بە (عادل عەبدولمەھدی) کردیان.
ئەمە جگە لەوەی کە شەقامی عێراقی و خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و وەسبە و... ھتد، ریژە ھەرە زۆرەکەی لە دەستی پارتە باڵادەستە شیعەکانی عێراقە کە جار جارە تێکەڵی خواستی ئەجێندای ئیقلیمیش دەبێت بۆ دروست کردنی فەوزا بۆ یەکلاکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکان لەسەر خاکی عێراق. کەواتە ئایا سەرۆک وەزیرانی نوێ چی پێیە بۆ رازیی کردنی شەقام؟
ئەمە جگە لەوەی کە (کازمی) لەم قەیرانە داراییەی عێراقی گرتۆتەوە لەبەردەم تاقی کردنەوەیەکی سەخت دایە، کە ئایا چۆن دەتوانێت موچەی ئەو حەشامەتەی فەرمانبەرانی عێراق بدات کە بە بێ پلان و بۆ رازیی کردنی لایەنگرەکانیان دایانمەزراندوون، لە کاتێکدا عێراق ھیچ ژێرخانێکی بەھێزی نییە بۆ کەرتی تایبەت و لەو ماوە کورتەش ناتوانێت کەرتی تایبەت بەھێز بکات و ھەلی کار بڕەخسێنێت و نرخی نەوتیش لە دابەزین و ناسەقامگیری دایە، داعەشیش لەو لاوە خەریکی خۆرێکخستنەوەو بەھێزبوونە، سەرەڕای ئەوەی کە گەندەڵی تەواوی جۆمگەکانی ئیداری و تەواوی دەسەڵاتەکانی عێراقشی گرتۆتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت ھاوسەنگی ھەر دوو ھێزی ئەمریکی و ئێرانیش رابگرێت.
لە کاتێکیشدا دەست بەکار بوو کە جارێکی تر کێشەی بوجەو مووچە لە نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ھاتۆتەوە رۆژەڤ و ئیستا وای لێھاتووە کە بەڕێوبەرە کارگێرییەکانی وەزارەت و دیوانەکان ئەو موچەو بوجە کەمەی ھەرێمی کوردستانیش رادەگرن.
دوای راسپاردنی (کازمی) بەسەرۆک وەزیران، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ھەر زوو پێشوازیان لە راسپاردنی(مستەفا کازمی) کرد بۆئەو پۆستە، بەڵام بیرمان نەچێت کە خودی عێراق لە لوتکەی قەیرانی دارایی و ئابوری دایەو ھەرچەند (ئەو) نیازشی ھەبێت، بەڵام من وای بۆ ناچم کە (سەرۆک وەزیرانی نوێ) بتوانێت لە (عادل عەبدوڵمەھدی) زیاتر بۆ کوردو ھەرێمی کوردستان بکات. چونکە بیرمان نەچێت پێش ئەوەی (کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، کەسێکی شیعەی ئەم عێراقەیە و خودی عێراقیش لەقەیرانی ئابووری و دارایی و سەدان کێشەی دیکەی ناوخۆیی دایە. ئاشکرایە کە لە ترسی شەقامی شیعی و ئەجیندایی دەوڵەتی ئیقلیمیش ناتوانێت لە مامەڵە کردن لەگەل گرفتەکانی عێراق و بەتایبەت ئەوانەی تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، دەستکراوە بێت.
بینیمان کە نەیتوانی بە روونی و بە ووردی باسی کێشە ھەڵوسراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەت بکات وبە رووکەشی ولەبەندی ھەشتەم و کۆتاییەکەی و بە یەک رستە و ھەروەک سەرۆک وەزیرانەکانی دیکە لە کارنامەکەی باسی ھەماھەنگی دەکات لەگەل ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، کە ئەم بەندەش پێشتر ھەر نەبوو و بە تەدەخول و پێداگری جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) لە کارنامەی کابینەکەی زیاد کرا.
سەرەڕای ئەوەی کە خۆشی دەزانێت گەر پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی کوردو جەنابی سەرۆک بارزانی نەبوایە رەنگە بە دەردی (عەللاوی و زورفی) چووبوایە، بۆیە گرنگە کە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە ئاست ئەو پاڵپشتییە بێت کە کورد و جەنابی سەرۆک بارزانی لێی دەکات و وەک ئەوانی دیکە ھەولی دژایەتی و لاواز کردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان نەدات و لە خەمی بە دەستوریانە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەر دوو حکومەت بێت و ھەلەکانی (مالیکی) و (عەبادی) دوبارە نەکاتەوە، چونکە لاواز بوونی ھەرێمی کوردستان وپشت گوێخستنی ماف وبەرژەوەندیی و شایستە دەستوررییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە واتای لەرزۆک بوونی پێگە سیاسەکەی ئەو دێت لە داھاتوودا، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێتە ھۆی زیاتر قوڵکردنەوەی گرفت و کێشەکانی ھەر دوو حکومەت.








* پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
Top