دوێنێ‌ بەناوی كرێكاران بوو.

دوێنێ‌ بەناوی كرێكاران بوو.

دیاریكردنی رۆژێك وەك جەژن بۆ كرێكار لە كۆی 365رۆژ، تەنها لاف لێدانە، لەوەزیاتر هیچ مانایەكی تر ناگەیێنێت. ئەو رۆژە لەسەر بنەمای بەرهەڵستی كرێكاران دژ بەچینی خاوەن كار وسەرمایە دیاركرا. بۆ یەكەم جار كرێكاران لە ئوستورالیا ساڵی 1856 لە پێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن هەڵوێستیان وەرگرت، دوای ئەوە ساڵی 1886 لە ئەمریكا، جارێكی تر كرێكاران بۆ پێدانی ماف، بە دروشمی (8كاتژمێركاركردن، 8كاتژمێر پشودان و 8كاتژمێرخەوتن) دەنگی ناڕەزایەتیان لێبەرزبویەوە دەستیانكرد بە خۆپیشاندان.
راستە شۆڕشی پیشەسازی قۆناغێكی نوێ‌ بوو جیهانی گۆڕی، بەڵام لە هەمانكاتدا بۆچینی كرێكار گۆڕانێكی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵكو ئەوەی ئاوەژوكرایەوە چینی بوارژی و فیوداڵی گۆڕا بۆ خاوەن كارگە، بانك و پیشەسازیەكان.
بێگومان لە هەموو قۆناغێكی گەشەسەندنی كۆمەڵگە چینێكی چەوساوە هەیە، لە ئەنجامی هێزی كاركردنی سامانێكی زۆر بەرهەم دەهێنێت، چینی باڵادەست و خاوەن سەرمایەش كۆنترۆلی ئەو سامانە دەكات.
هەرچەند لە كۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخ، خاوەنكار خاوەنی جەستەی كرێكار نیە، رێگەش نادرێت سزای جەستەی بدات ئەگەركرێكار رەتیبكاتەوە كارێك بكات، بەڵام بەرێوەبەر خاوەنی كارە، بۆیە كرێكار بۆ ئەوەی نەمرێت لەبرسان و دەستی هاوكاری لەبەر كەس پاننەكاتەوە، سەربەرزانە بژی ناچارە كارێك بكات ئەوپارەی وەریدەگرێت كەمتر بێت لە ماندوو بوون و ئەو بەرهەمەی بۆخاوەنكار بەرهەمی دەهێنێت.
راستە كرێكار كرێ‌ وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو كارەی دەیكات، بەڵام ناكاتە 1% ئەو قازانجەی خاوەنكار لە ئەنجامی ئەو كارو ماندوبوونەی كرێكار دەستی دەكەوێت. واتە دەگمەنە كرێكار بەركەوتەی خۆی لەكارەكە دەست بكەوێت، دەبێت بەردەوام بە كوڵەمەرگی ژیان بكات، ئەو ئاوات و ئامانجەی هەیەتی بۆ ژیان بەدەگمەن پێیبگات و نەتوانێت لە خۆشگوزەرانیدا بژی. ئەوە بەشێوەیەكی گشتی بۆ چینی كرێكار راستە لە جیهان.
بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان رەنگە خەرابتر لەم شێوازە بێت كە باسمانكرد، چونكە لێرەدا بارزگان، خاوەن كارو كارگە كادرانی حزبن یاخود خاوەنی پشكن لە كارەكە. ئەوە لە كاتێكدایە زۆربەی ئەو حزبانەی دوای ساڵی 1970 دامەزران لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كورد لە(توركیا، ئێران و سوریا) هەموویان بەناوی كرێكارو بەرگریكردن لە مافی كرێكاران دامەزران، كەچی لەوكاتەدا هیچ كارگەیەك لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان نەبووە. بەڵام لە ئێستادا ئەوحزبانەی بە دروشمی كرێكاران رەگیان داكوتا، ئێستا كارلەسەر زەوتكردنی مافی كرێكار دەكەن سەردەمی كۆنی كۆیلایەتی خەریكە لە هەرێمی كوردستان نوێدەكەنەوە.
هەر ئەو حزبانەی بەناوی كرێكار و بەرگریكردن لەمافەكانیان و دژە دەرەبەگ سەریان هەڵدا، ئێستا خۆیانكردۆتە ئاغا، چینی خوراەوە دەچەوسێننەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەن گوزەرانی كرێكاری (یەخە سپی)، بە گشتی كرێكار، وردە بورژواز و هەژاری كۆمەڵگە تێكبدەن. بەشێكی تریش لە حزبانەی هەڵگری دروشم و ناوی كرێكارن بونەتە مەترسی گەورە بۆ سەر چینی كرێكار و جوتیاری هەرێمی كوردستان.

Top