له‌م بارودۆخه‌دا چی بكه‌ین ؟

له‌م بارودۆخه‌دا چی بكه‌ین ؟

ئه‌م بارودۆخه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانه‌كراو له‌م كاته‌دا به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ له‌ ئه‌نجامی لێكه‌وته‌كانی بلاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس و دابه‌زینی نرخی نه‌وت,به‌ده‌ر نیه‌ له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ به‌رۆكی زۆر وڵاتی جیهانی گرتوه‌. به‌لام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ جیاوازه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌ كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی زیاتره‌ . چونكه‌ حكومه‌تی عێراق له‌م بارودۆخه‌یشدا وه‌ك هه‌میشه‌ لێمان بووته‌ دێوه‌زمه‌ و له‌به‌هانه‌ ده‌گه‌ڕێ بۆئه‌وه‌ی فرسه‌تمان لێ بێنێت و په‌لۆپۆمان بشكێنێت و له‌ریگه‌ی گوشاری دارایه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه‌ له‌ده‌ستمانی ده‌ربێنێت .
له‌ هه‌لومه‌رجێكی له‌م جۆره‌دا كه‌ بارودۆخه‌كه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ناوخۆش هه‌ریه‌ك له‌ ئاوازێ ده‌خوێنێ ,هه‌ندێ یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن , هه‌ندێ كه‌موكوریه‌كان ده‌ورژێن و خۆیان به‌ فریادره‌س وێناده‌كه‌ن, هه‌ندێ تر دوای ڕوخانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و لێكدانه‌وه‌ خراپانه‌ تیبگه‌ن یان نایانه‌وێ تێبگه‌ن كه‌ چ كاره‌ساتی به‌دوای خۆیدا دێنت .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی باشه‌ تاكۆ ئیستا پێكهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناو حكومه‌تدا به‌به‌رپرسیاریه‌تی وه‌ مامه‌ڵه‌ ‌ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش خالێكئ ئه‌رێنی گرنگه‌ .
به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆتای ئه‌م بارودۆخه‌ دیارنیه‌ به‌تایبه‌تی پرسی قه‌یرانی دارای هه‌ر ئه‌مه‌ش كرۆكی كێشه‌كانئ ئێمه له‌ ئیستادا ‌. به‌جۆریك كیشه‌ی دارای خه‌ریكه‌ وا ده‌كات كێشه‌ ستراتیژیه‌كان له‌بیربچیته‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدریت ئه‌م قۆناغه‌ تیپه‌ڕیت و ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان به‌ره‌و باشی بگۆریت و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئالۆزی و داروخانی دارای بپاریزریت . له‌وبروایه‌دام حكومه‌تی هه‌رێم پێوسته‌ ئه‌م رێوشوێنانه‌ بگریته‌به‌ر چونكه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌نوسی خه‌لك و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و كاری جدی و خێرای ده‌وێت‌ .
١- كۆنگره‌یه‌كی سیاسی له‌یه‌ك رۆژدا ببه‌ستریت و به‌به‌شداری كه‌سی یه‌كه‌م هه‌موو حزبه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ كاریگه‌ره‌كان و تیدا به‌راشكاوی ئاریشه‌كان بخریته‌روو بۆ گه‌یشتن به‌هه‌لویستیكی یه‌كگرتوو نیشتمانی .
٢- كۆنگره‌یه‌ك بۆ بژارده‌ی بازرگان و پیاوانی خاوه‌نكار و كه‌سانی شاره‌زاو ئه‌كادیمی ئابوری ببه‌ستریت سود له‌ راسپارده‌ و پێشنیاره‌كانیان وه‌ربگیریت.
٣- له‌به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی بغداد هه‌رێم كارتی كێشه‌ هه‌لواسراوه‌كان زۆر به‌جدی بوروژێنێ به‌ تایبه‌ت دۆسیه‌ی كركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ئه‌مه‌ی كراوه‌ته‌ واقع حال قبول نه‌كریت بۆ ئه‌وه‌ی واتینه‌گه‌ن هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ وازی له‌ هه‌موو شت هیناوه.
٤- باری ناوخۆی ئاسای بكریته‌وه‌ و هاوڵاتی بخریته‌ به‌رده‌م خۆپاریزی كه‌سی و هه‌ولبدریت له‌ ڕیگه‌ی كۆنترۆلی سنوره‌كان و بڵاوكردوه‌ی هوشیاری و چاودیری به‌رده‌وام دۆخی ته‌ندروستی گشتی پاریزگاری لێ بكریت .
٥- به‌باشی داهاتی خاله‌گومرگیه‌كان و داهاتی ناخۆ به‌گشتی كۆنترۆل بكریت و هه‌ولبدرێ ئاسنكاری كار و جوله‌ی بازرگانی بۆ خه‌لك بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ به‌رزبكریته‌وه‌ .
٦- یاسای چاكسازی بخریته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و خالانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌راندنه‌وه‌ی داهات بۆ حكومه‌ت .
٧- له‌گه‌ل به‌غداد به‌رده‌وامی به‌دانوستان بدریت و له‌سه‌ر كێشه‌ی بوجه‌ و كۆی كێشه‌كان .
٨- تا بكریت تا سێ مانگی تر ده‌ستكاری موچه‌ نه‌كریت هه‌ولبدریت ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگه‌ی قه‌رزی ناوخۆی و ده‌ره‌كیش بووه‌ به‌رده‌وامی به‌ مووچه‌ بدریت تا ئاراسته‌ی بارودۆخه‌كه‌ به‌لایه‌كدا روونده‌بیته‌وه‌.
٩- حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام له‌ ڕیگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بایه‌خ به‌هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌لك بدات به‌راشكاوی روونكردنه‌وه‌ی بۆ هاوڵاتیان هه‌بیت و ڕیوشوینی یاسایش بگریته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر هه‌رده‌نگێ كه‌ بیه‌وێ بۆ هه‌رمه‌به‌ستێك بیت باری سایكۆلۆژی هاولاتیان تیك بدات
Top