تاکەی پەرتەوازە و خۆ خۆر بین..!
April 27, 2020
وتار و بیروڕا
لە مێژووی حوکمڕانی عێراقدا ھەر لەسەرەتای سەدەی بیستەم تاکو ئێستا سەرجەم حوکمڕانییەکانی عێراق کاریان بۆ سڕینەوەی و دایر کردنی خاکی کوردان کردووە، تاوەکو کورد بکەنە ژێردەستەی حوکمە چەوتەکەی خۆیان.
لەھەر حوکمڕانییەکدا لە عێراق بەرپرسانی بەغدا لەکاتی لاوازیاندا، ھەوڵی بەدەستھێنان و ڕازیکردنی سەرکردە سیاسیەکانی کوردستانیان داوە، بەزۆربەی مەرجەکانی کوردیش ڕازی بوون تاکو خۆیان بەھێز کردووتەوە و دواتریش وەک ئەوەی ھیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردبێت، ھەر کاتێکیش کوردستان زۆر بەھێز بووبێت، ھەندێ کەس و لایەنی کوردیان بەجۆرێک ڕاکێشاوە بتوانن وەک (یاری مارەکە) کورد بگەڕێننەوە دواوە.
ئەگەر سەیرێکی ڕابردوو بکەین سەرکردە شۆڤێنیە عیراقییەکان بەھاوکاری بەکرێگیراوەکانیان لەناو کوردستاندا، بەمەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد لە عیراق و ناوچەکەدا، ھەمیشە ھەوڵی دووبەرەکی و تێکدانی ناو ماڵی کوردیان داوە،.
ئەگەر خائین و خاک فرۆش لەناو خۆماندا نەبێت ھیچ کات ھیچ ھێز و حوکمێکی عیڕاق نەیانتوانیووە پڕ بەچاوانیان سەیری کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن.
ھەرکات ھێزە کوردستانییەکان بەڕووی دەرەوەی ھەرێمدا یەک ھەڵوێست و بە یەک پاکێج بووبن، توانیوویانە ئەوەی داوای بکەن بەدەستی بھێنن، لایەنە عێراقییەکان ھیچ کات نەیانتوانیووە بەبێ بەشداری و حوکمرانی کوردی حکومەت دروست بکەن، ئەمەش بەھێزی کورد و لاوازی لایەنە عیراقییەکان نیشان دەدات.
وەک بینیمان لەساڵی ۲۰۱۷ دا بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی کوردستان، بەیەکگرتووی کورد و لەژێر ھەموو فشارێکی ئیقلیمی و دونیادا توانرا ئەنجامێکی زۆر مەزن بەدەست بھێنین، ئەگر خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەریش نەبووایە نەک عێراق بەڵکو وڵاتانی دراوسێش ناچار دەبوون پێداچوونەوە بەھەڵوێستەکاندیاندا بکەن و ئەنجامی گشتپرسی کوردستان قبوڵ بکەن.
ئەگەر بۆماوەی چەند ساڵێک کورد کێشە ناوخۆییەکانی بەلاوە بنێت و لەئاست دەرەوەی ھەرێمدا وەک یەک تیم بێت، بەدڵنیایەوە ئەوەی مەبەستی بێت بەدەستی دەھێنێت.
لەئێستادا کورد لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزییە بۆ دەرباز بوون لەقەیرانەکان و دەرچوون لەژێر دەستەیی بەرپرسە شۆڤێنیەکانی عێراق، چونکە ھیچ وڵاتێک لەکاتی پتەوی ھێزی کوردیدا، نەیتوانیووە زیان لە کورد بدات.
بینیمان لە داستانەکانی پردێ و سحێلا کە بەتەنھا ھێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە چۆکی بە دوژمن دادا، کە ھەموو ھێزی عێراق و خائینی ناوخۆ و سپۆنسەری تایبەتی ئێران و تورکیاشی ھەبوو، ئەی ئەگەر ھەموو ھێزی کورد لەیەک سەنگەر بوانایە، چی تریان بەو دوژمنانە دەکرد.