شوێنی جوگرافی کوردستان و تێڕوانینی تیۆرە جیۆپۆلەتیکیەکان سەبارەت بە ناوچەکە.

شوێنی جوگرافی کوردستان و تێڕوانینی تیۆرە جیۆپۆلەتیکیەکان سەبارەت بە ناوچەکە.

شوێن بە گرینگترین ئەو ھۆکارە سروشتیانە دادەنرێت کەوا کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر ھێز و سیاسەتی ناوەخۆ و دەرەکی دەوڵەت ، لەھەمانکاتدا ھەر شوێنە بەرپرسە لە دیاریکردنی خاسیەتەکانی ئاوو ھەوا و ئەو چالاکیانی مرۆڤ بە ئەنجامی دەگەیێنێت.
شوێن لەسەر زەوی وەک ھەڵکەوتە ھەمیشە جێگیرەو ناگۆڕێت ، بەڵام بایەخ و بەھای سیاسی و ستراتیژی شوێن بەھۆی گۆڕانکاری لە بارودۆخە سیاسیەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا ھەمیشە لە گۆڕاندایە،بۆیە ھەندێ شوێن لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا بایەخێکی ستراتیژی و ئابووری گرینگیان ھەبوە ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئەم شوێنە ئەو بایەخ و گرینگیەی نەماوە ، یاخود بە پێچەوانەوە ھەندێ شوێن کە لە ڕابردوودا بایەخدار نەبوونە بەڵام لە سەردەمی ئێستا دا بایەخی سیاسی و ستراتیژی و ئابووری خۆیان ھەیە.
شوێنی جوگرافی کوردستان:
ھەرکاتێک باس لە بنەما جوگرافیاکانی ھەر شوێنێک دەکرێت سەرەتا باس لە شوێنی جوگرافی ناوچەکە دەکرێت، وە ھەرکاتێکیش باس لە شوێنی جوگرافیای ھەر ناوچەیێک دەکرێت ئەوا ئەم باسکردنە جۆرەکانی شوێن لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە:
اـ شوێنی ئەسترۆنۆمی(فەلەکی).
ب- شوێن سەبارەت بە وشکانی و ئاوی.
ج- شوێن سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ .
کوردستان لە ڕووی جوگرافیەوە کەوتۆتە بەشی باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، وە شوێنێکی ناوەڕاستی ھەیە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە {تۆمابوا} دەڵێت: کوردستان بە تەواوی لە دڵی ئاسیای بچوکدا ھەڵکەوتوەو بە بڕبڕەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکھێناوە، ئەم ناوچەیەش شوێنی بەیەک گەیاندنی جیھانی کۆن دادەنرێت و ڕێگایەکی سەرەکی پەڕینەوەشە بەرەو ناوچە جیا جیاکانی باکور و باشوور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا. کە شوێنێکی ھەڵکەوتوی وای داگیرکردوە بەجۆرێک دەشتەکانی میزۆپۆتامیا لەباشوور و بانی سوریا لە ڕۆژئاوا ئەنەدۆڵی ناوەڕاست لە باکور وئەرمەنستان و ناوچەکانی بانی ئێران لە ڕۆژھەڵات لەیەک جیادەکاتەوە .ھەر ئەمەشە وایکردوە کوردستان شوێنێکی ھەستیاری لەجیھان و ناوچەکەدا ھەبێت.
ڕ-شوێنی ئەسترۆنۆمی کوردستان (فەلەکی):
مەبەست لە شوێنی ئەسترۆنۆمی ھەڵکەوتنی شوێنی کوردستانە سەبارەت بە بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی ،لەم ڕوانگەیەوە کوردستان دەکەوێتە نێوان ھەردوو بازنەی پانی (٣٠:٦١ بۆ ٤٠:٣٩)ی باکوری گۆی زەوی ، وە نێوان ھەردوو ھێڵی درێژی (٣٦:٠٠ بۆ ٥٢:٦١)ی خۆرھەڵات ، بەم شێوەیە کوردستان زیاتر لە نۆ بازنەی پانی پێدا تێپەڕ دەبێت،کەئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر جۆراو جۆری ھەرێمەکانی ئاوو ھەواو جۆراوجۆری چالاکی ئابووری و سیاسی،بەم شێوەیە کوردستان دەکەوێتە چوارچێوەی ھەرێمی ئاوو ھوای مامناوەندی باکوورەوە بەشێوەیەک کوردستان لەنێوان ھەرێمی ئاووھەوای دەریای ناوەڕاست لە باکور بۆ ھەرێمی ئاوو ھەوای بیابانی گەرم درێژبۆتەوە ، کەئەمەش وای کردوە ھەرچوار وەرزی ساڵ لەم ناوچەیە بەڕوونی دەرکەوێت و وەرزی گەشەکردن تێیدا درێژ بێت کە ئەمەش کاریگەری باشی لەسەر جۆراو جۆری بەرھەمە کشتوکاڵیەکان و دواتر پڕکردنەوەی پێداویستیە خۆراکیەکان ھەیە. بەڵام سەبارەت بە ھێڵی درێژی ئەوا کوردستان زیاتر لە ١٦ ھێڵی درێژی پێدا تێپەڕ دەبێت کە ئەمەش تەنھا کاریگەری لەسەر جیاوازی کات لەنێوان بەشەکانی کوردستان ھەیە .
ب-شوێنی کیشوەری کوردستان :
شوێنی کیشوەری واتا دەوڵەت دوور بێت لەڕووبەرە ئاویەکان ، ئەو دەوڵەتانەی ناڕوانن بەسەر ھیچ ڕووبەرێکی ئاوی یان دەڕوانن بەسەر ڕووبەرێکی ئاوی داخراودا،بۆیە ئەم وڵاتانە بۆ بەھێزکردنی پێگەو ئابووری وڵات پشت بە وشکانی دەبەستن ،لە ڕووی بازرگانیشەوە لە ڕێگای وڵاتانی دراوسێوە بازرگانی لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا دەکەن کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سیاسەت و بەھێزی دەوڵەتدا دەبێت .کوردستانیش بەھۆی ھەڵنەکەوتنی بەسەر ھیچ ڕووبەرێکی ئاویەوە ،تەنھا ڕوبەرێکی بچووک نەبێت لەسەر کەنداوی ئەسکەندەرۆنا لە باکوری خۆر ئاوا ، ئەوا کوردستان وەک ھەرێمێکی کیشوەری بەدیار دەکەوێت ، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کوردستان دەبێت.چونکە پەیوەندیکردنی لەگەڵ جیھانی دەرەوە تەنھا لەڕێگای دراوسێکانیەوە دەبێت ، کە ئەمەش کارێکی ئاسان نیە بە تایبەتیش لە بارودۆخی ئێستادا کا کوردستان خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە . بۆیە کوردستان پێویستە بۆ ڕاییکردنی کار و بەرژەوەندیاکانی خۆیان سیاسەتێکی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی چواردەور بگرێتە بەر.
ج- شوێن سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ:
شوێنی دراوسێیەتی بەسەر ھەموو دەوڵەتاندا دەسەپێت تەنھا ئەو دەوڵەتانە نەبێت کە کەوتوونەتە سەر دورگەیەک و سنوری وشکانی نیە لەگەڵ ھیچ دەوڵەتێکدا وەک {ئایسلان ، ئوسترالیا ، مالدیف،....}.
شوێن سەبارەت بە دراوسێیەتی ئەو دەوڵەتانەی ھاوسنورن لەگەڵ دەوڵەتانێک کە چاویان بڕیوەتە خاکی وڵاتانی تر بە مەبەستی فراوانکردنی دەوڵەتەکەیان لەسەر حسابی وڵاتانی دراوسێ و بەپێی تواناو ھێزی خۆی.وەک لە تیۆری{ بواری ژیانەوە} باس لەوەدەکات کە دەوڵەت وەک بوونەوەرێک وایە بە قۆناغی {منداڵی و گەنجی و کامڵبوون و پیری}دا دەڕوات ئەگەر بەردەوامیش نەبێ لە خۆبەھێزکردن ئەوا دەمرێت ،بۆیە لە قۆناغی گەنجیدا چاو دەبڕێتە زەوی وڵاتانی دراوسێی بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی و فراوانکردنی خاکی وڵاتەکەی لەسەر حیسابی وڵاتانی دراوسێی.بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم فاکتەرە لەڕابردوودا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کوردستان ھەبووە. ھەربۆیەش کوردستان بەردەوام مەیدانی جەنگی نێوان وڵاتانی دراوسێ بوە. ھەر لەسەردەمی ھەردوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی کە ئەوکات کوردستانیان دابەش کردبوو بە دووبەش بەشێکیان لەژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانی، وە بەشەکەیتریان لەژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی سەفەوی، پاشان بۆ جارێکیتر لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی کوردستان بەسەر وڵاتانی ئێران و تورکیا و عێڕاق و سووریا دابەش کرایەوە، بەشە گەورەکەی بەر وڵاتی تورکیا کەوت و بەشێکیشی خرایە سەر وڵاتی سووریا و بەشەکەیتریشی کە بریتیبوو لە ویلایەتی موێل خرایە سەر عێڕاق و ئەو بەشەشی پێی دەوترێت ڕۆژھەڵات بەر ئێران کەوت.
شوێنی کوردستان لە دیدی تیۆرە جیۆپۆلەتیکیەکان:
لەبەر گرینگی شوێن و پێگەی کوردستان کە خاوەنی خاسیەت و سیفاتی ستراتیجی تایبەت بەخۆی بوە ھەربۆیە وای لە تیۆرە جیۆپۆلەتیکەکان کردوە کە گرینگی پێ بدەن و باسی بکەن. ئەمە لەکاتێکدا ئەو شوێنەی کوردستانی لێ ھەڵکەوتوە کەوتۆتە سەر ئەو ڕێگا سەرەکیەی کە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا بە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا دەبەستێتەوە، ھەربۆیە کوردستان بە دڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبەن،ھەر ئەمەشە وایکردوە لە کۆنەوە ئەم ناوچەیە ببێتە شوێنی چاوتێبڕین و ڕێگاو ڕێڕەوی وڵاتە داگیرکەرەکان کە ئەمەشیان بە زیانی میلەتی کورد شکاوەتەوەو وای لەم گەلە کردوە کە تاوەک و ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی خۆی نەبێت.
ھەر لەکۆنەوە ئیمپڕاتۆرو سوپا داگیرکەرەکان ئەو ڕاستیەیان زانیوە کە دەست گرتن بەسەر ئەم ناوچەیە واتا دەستگرتن بەسەر ڕێگا ستراتیجیەکانی ناوچە شاخاویەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی ڕێگا بازرگانیەکان.ھەر ئەمەشە وایکردوە کە داڕێژەرانی تیۆرە جیۆپۆلەتیکیەکان ئاماژە بەو ناوچەیە بدەن لەم بارەیەوە خاوەنی تیۆری دڵی زەوی ھالفۆرد ماکندەر کوردستان بە ناوچەیەکی پڕ بایەخ وەسف دەکات و دەیخاتە چوارچێوەی ئەو پردەی کەدڵی باکوور بە دڵی باشوور دەبەستێتەوە .
پاشان سبیکمانی ئەمریکی لەباسی تیۆرەکەی ماکندەردا دەڵێت کوردستان گرینگی لە خودی دڵی زەوی زیاترە چونکە ئەم ناچەیە گۆڕەپانی بەیەک گەیشتین وڵاتە زلھێزەکانی وەک یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ڕۆژئاواو وڵاتانی ھاوپەیمانە ،بۆیە ناوچەکانی باشوورو باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا کە کوردستان دەکەوێتە ئەم چوارچێوەیە بەشوێنی بەیەک گەیشتنی ئەم ھێزانەدانا ، بۆیە پێیوابوو ھەرچی دەست بگرێت بەسەر ئەم ناوچەیە ئاوا دەست بەسەر ئۆڕاسیاو پاشان جیھاندادەگرێت .
بەڵام شاول کوھین ناوچەی کوردستان دەخاتە چوارچێوەی ئەوناوچانەی کە بە ناوچەی جیاکەرەوەی زلھێزانی دونیادادەنرێت ، بۆیە ئەم ناوچەیە بە پشتێنەی شلۆق ناودەبات .
بەگوێرەی تیۆری ماھان کە گرینگی بە ھێزی دەریایی دەدات ئەوا کوردستان ناوچەیەکی داخراوە جگە لە سنورێکی کەمی نەبێت ئەویش لە کەنداوی ئەسکەندەرونە کە ئەمەش بە خاڵی لاواز دادەنرێت بۆ کوردستان .
بەڵام دی سیڤرسکی خاوەنی تیۆری ھێزی ئاسمانی کلیلی مانەوەو شوێنی کوردستان دەخاتە چوارچێوەی ئەو شوێنەی بە ناوچەی چارەنووس دادەنرێت ،کە بە گرینگترین ناوچە دادەنرێت لەڕووی ستراتیجیەوە.چونکە ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێرکاریگەری ھەردوو ھێزی ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا،دەست گرتن بەسەر ئەم ناوچەیە ئەوا چارەنووسی جەگە ئاسمانیەکان یەکلایی دەکاتەوەو دەست گرتن بەسەر ئاسمانی ناوچەکانیتر ئاسانتر دەکات.
بەگوێرەی بۆچونەکانی فوست سەبارەت بە دیاری کردنی دڵی زەوی دەڵێت ئەو دڵە ناوچەکانی کیشوەری ئاسیاو ئەوڕوپا و ئەفریقیا دەگرێتەوە و کوردستانیش دەکەوێتە ناوەڕاستی بۆیە ئەو پێی وایە ھەر لایەنێک دەست بگرێت بەسەر ئەو ناوچەیە ئەوا دەست بەسەر جیھاندا دەگرێت .ئەمانەو چەندین داڕێژەرانیتریش لە تیۆرەکانیاندا باسیان لە گرینگی ئەم ناوچەیە کردوەو بە ناوچەیەکی ستراتیجیان لە قەڵەم داوە، ھەرئەمەشە بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە کوردستان وەک نێچیرێک سەیربکرێت و ببێتە بە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی زلھێزەکانی جیھان.

Top