حەشری کوردایەتی و بەهەشتی بەخەتەوەری و دۆزەخی مێژوو

حەشری کوردایەتی و بەهەشتی بەخەتەوەری و دۆزەخی مێژوو

ئەگەر رۆژێک حەشری کوردایەتی دابنرێ و رێبازی بارزانی نەمریش وەک پردی سیرات بەسەر دۆزەخی مێژوو رابێڵین، رێژەی ئەوانەی دەکەونە ناو دۆزەخی مێژوودا زۆر زیاترن لەوانەی بەسەر ئەو پردەدا دەپەڕنەوە و دەگەنە بەهەشتی بەختەوەری، دڵنیام دەپرسن: کێن ئەوانەی دەپەڕنەوە و دەگەنە بەهەشتەکە؟ ئەی کێن ئەوانەی ناتوانن بپەڕنەوە و دەکەونە ناو دۆزەخی مێژوودا؟
لیستی ئەوانەی دەکەونە ناو دۆزەخی مێژوودا
١ــ عێراقچیەکان و دژە سەربەخۆکان و ئەوانەی دژایەتی ریفرادۆمیان کرد.
٢ــ ئەوانەی بە بیاووی جیاواز بە ئاشکرا یان بە نهێنی لە قۆناغێکی دیاریکراودا خزمەتی یەکێک لە رژێمەکانی عێراقیان کردبێ و دژی شۆڕش و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد وەستابنەوە.
٣ــ دوورووەکانی کوردایەتی، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بەرگی شۆڕشگێڕی و خەباتیان بەسەر خۆیان هەڵکێشاوە و ژێر بە ژێریش پەیوەندیان بە یەکێک لە داگیرکارانی کوردستانەوە هەبووە.
٤ــ کۆنە بەعسی و کۆنە مستەشارەکان و هەموو ئەوانەی بەناوی کوردایەتییەوە بوونە هۆکاری روودانی ئەنفال و بیاووی کیمیاباران کردنی هەڵبجەیان دایە دەست بەعس.
٥ــ گەندەڵەکان و هەموو ئەوانەی پۆستی حزبی و حکومیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکار هێناوە.
٦ــ ئەوانەی بۆ مەرامی تایبەتی و گەیشتن بە پۆست و پلە و پایە یەکێک لە حزبەکانی کوردستانیان تووشی کەرتبوون کردبێ.
لیستی ئەوانەش کە لە پردەکە دەپەڕنەوە و بە بەهەشتی بەختەوەری شاد دەبن.
١ــ پێشمەرگە و ئەو شۆڕشگێڕانەی لە قۆناغە جیا جیاکاندا بەرگریان لە کوردبوون کردووە و کوردستانیان پاراستووە.
٢ــ ریفراندۆمچیەکان و ئەوانەی ژێردەستەییان رەتکردەوە و گوتیان: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
٣ــ بارزانی نەمر فەرموویەتی: (ئەگەر کوردایەتی گرانە، خیانەت نەکردن ئاسانە) کەواتە ئەوانەی کوردایەتیان نەکردووە و لەهەمان کاتدا خیانەتیشیان نەکردووە، بە پێی فەرموودەکەی بارزانی نەمر لە کەوتنە ناو دۆزەخی مێژوو دوور دەبن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: هەر کەس و بەرپرسێک سەر بە هەر جزب و لایەنێک بێ و بە هەر بیانوویەک گلابێتە گەندەڵی، یان یەکێک لەو خیانەتانەی سەرەوەی کردبێ، بنکڵەی دۆزەخی مێژوو دەگرێ، چونکە ئەوان دووجار دووڕوو دەردەچن.
Top