کوردستان لە نێوان سفر و دوو

کوردستان لە نێوان سفر و دوو
ئوستن رەنی لە وەلامی ئەو پرسیارەی کە ئایا جیاوازی نێوان سیاسەتمەدار و دەولەتمەدار چیە؟ لە وەلامدا دەلێت دەولەتمەدار وێنەکە بە گەورەتر دەبینێت بە بەراورد بە سیاسەتمەدار چونکە سیاسەتمەدار تەنھا ھەوڵەکانی لە پێناو ئەوەیە کە ھەلوێستەکانی و جموجولەکانی خزمەت بە دەنگەکانی بکات لە ھەلبژاردنی داھاتوودا, بەلام دەوڵەتمەدار دەیەوێت ئایندەیەکی سەقامگیرتر لە رووی سیاسی و ئابوری و ئاسایشیشەوە بو نەوەکانی ئێستا و داھاتوو دەستەبەر بکات. ئەگەر ئێمە سەیری ئەزموونی ولاتانیش بکەین دەگەین بەو ئەنجامەی کە زۆر لە ولاتانی جیھان بە قۆناغی سەختی شەری ناوخۆ و و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری دا دا تێپەریون, بەلام دوای ماوەیەک ھەموو ئەو ململانێیانە خراونەتە خزمەت گەشەسەندن و بەرەو پیشبردنی ولات و ھەنگاونان بۆ دابینکردنی پەروەردەیەکی تەندروست سرینەوەی ئاسەوارەکانی رابردوو بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو لە پێناو یەکگرتووی ولات.
ئەزموونی رواندا یەکێک لە زیندووترین ئەو نموونانەیە کە تا سالی ١٩٩٤ ھەموو میدیا و ناوەندە جیھانیەکانی بەخۆیەوە سەرقال کرد کاتێک شەر لە نێوان ھەردوو ھۆزی (ھۆتۆ) کە زۆرینەیە و ھۆزی (توتسی) کە کەمینەیە لە ولات دا روویدا لە ماوەی ٣ مانگ دا نزیکەی ٨٠٠ ھەزار کەس جینوساید کرا و ململانێیەکی ھۆزگەرایی توند لە لایەن ھۆزی ھۆتۆ بەرامبەر بە ھۆزی توتسی کرا بەلام ئەوەی گرنگ بوو دوای ململانێیەکە بوو کاتێک ئاشتبوونەوە لە نێوان ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی ولات بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان کرا. لە ناوخۆی ولاتیش دا تەنانەت ھەموو ھەولەکان بۆ ئەوە بوون ئەو ململانێیە نەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو و لە ناوەندەکانی خوێندن بابەتی تایبەت دیاریکرا بۆ قوتابیان سەبارەت بە ھاوبەشی مێژووی نێوان ھۆزەکان و خۆشەویستی نیشتیمان و یەکگرتوویی رواندا ھۆکاری سەرەکیش لەمەدا بو ئەوە دەگەرێتەوە کە نەوەی داھاتوو تێکەل بە ململانێیەکانی رابردوو نەکرێت و رواندای رابردوو بە رواندای ئێستا و داھاتوو نەبەسترێتەوە.
لە راستیدا ئەزموونی رواندا یاخود ھەر ولاتێکی تر بە پێی جوگرافیا و جیوپۆلوتیکی دەولەت و ناوچەکە دەگۆرێت و ناکرێت ھەمان ئەزموون کۆپی بکرێت بەلام لەوانەیە لە زۆر روانگەش ھاوبەشی بەدیبکرێت لەگەل ھەرێمی کوردستان کە تا ئََستاش ھەندێک لایەن و کەسایەتی لافی دوو ئیدارەیی و جیابوونەوەیەک لێدەدەن کە خۆشیان لە ئایندەی ئەو رووداوە دلنیانین. ململانێیەکانی رابردوو کە شەری ناوخۆ بە زەقترین قۆناغی قولبونەوەی ئەو ململانێیە دادەنرێت تا ئێستاش لای ھەندێک کەس وەک قەوانێک لێدەدرێتەوە تەنانەت وەک ھەرەشەیەکیش کە لە راستیدا ئەم گوتارە جیا لەوەی کە خزمەت بە دۆزی سیاسی کوردستان ناکات لە دەرەوە دا. تەنانەت لە ناوحۆش دا جۆرێک لە نا دلنیایی و گومان و ترس لای خەلکی کوردستان دروست کردووە کە ھێشتاش سەرەرای مەترسیە دەرەکیەکان لە سەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان مەترسیە ناوخۆییەکانیش ھەرماون و خەلکێک ململانێیەکانی رابردوو وەک بیانویەک بۆ قۆستنەوەی ھەندێک ململانێی ئێستا بۆ دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو ئیدارەیی دەبینن. بە تاکە رێگا بۆ خوشگوزەرانی و سەقامگیری سیاسی ناودەبەن.
بەلام کێ بەرپرسیارەتی رووبەرووبوونەوەی ئەم گوتارە و تواندنەوەی ئەم گوتارەی ھەیە؟ لە راستیدا ئەو وتەیەی ئوستن رەنی کە جەخت لەسەر وێنە گەورەکەکەی دەولەتمەدار دەکات ئێمە دەتوانین لە کەسایەتی بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دا ببینین نەک لە ئێستای سەرۆکایەتی ھەرێم دا بەلکو پێشتریش کە ئەرکی یەکخستن و نزیک کردنەوەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی لە ئەستۆ گرت. سەرۆکی کوردستان بۆ یەکەم جار لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا چەمکی سفر ئیدارەی ھێنایە کایەوە. لە راستیدا ئەو چەمکە جیا لەوەی زۆربەی دەنگەکانی کپ کردەوە لە ھەمان کات دا قۆناغێکی تری ژیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھێنایە کایەوە کە وەک پەیامێک بۆ ھەموو لایەنەکان ئەگەر ئێمە بەردەوام بەو ئاراستەیە بیربکەینەوە ئەوا ئێمە دابەشی دوو جیھانی حوکمرانی نابین لە تەنیشت یەکتر بەلکو ئەمە ھەنگاوێکە بۆ سرینەوی ئەو ژمارەیە کە ئێمە لەسەر نەخشەکە ھەمانە. دەبێت ھەنگاوەکان بو بنبرکردنی ئەم گوتارە گەرموگورتر بێت چونکە ئەوەی تا ئێستا بە دەست ھاتووە ھێلی سورە بگەرێینینەوە بۆ دواوە. ئەم پەرۆشیەی سەروکی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێم لە سۆنگەی ھەست کردنە بە بەرپرسیارەتی پاراستنی یەکپارچەیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و یەکریزی ناوماڵی کوردی. ئەگەر ولاتێکی وەک رواندا نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەلگای نێودەولەتی رۆلیان لە ئاشتکردنەوە و یەکخستنی نێومالی روانداییەکان ھەبوبێت و ھەبێت ئەوا لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی ھەرێم و خودی سەرۆکی ھەرێم بەو ئەرکە ھەلدەست ناھێلن کێشەکان بگەنە ئاستێکی کۆنترۆل نەکراو. پەیامەکەی سەرۆکی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی کەسایەتی دەولەتمەدار روانێنێکی قول و دوور مەودا بۆ داھاتوویەکی گەش دلنیایی دانە بە خەلک کە گەرانەوە بۆ رابردوو مەحالە. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو پەیامەی دا ئەوەی درکاند کە ھەولەکان دەبێت بەردەوام بن بۆ تواندنەوەی ئەم گوتارە ئەگەر چەند کاتیشی پێویست بێت گرنگ نیە بەلام نابێت ململانێیەکانی ئێستا و رابردوو بۆ نەوەکانی داھاتوو بگوازرێتەوە ئەم گووتارە پێویستی بە ستۆپ کردن ھەیە.تەنانەت لە ناو زھنیەتی تاکی کوردیشدا دەبێت ھوشیاری سیاسی و نەتەوەیی بگات بەو ئاستەی کە چیتر نابێت ئەم گوتارە بەردەوامی پێبدرێت و دوو ئیدارەیی واتە خۆکوژی سیاسی.
Top