یاسای كرچوكاڵ، رۆژنامەنووسی خەراب دروستدەكات.

یاسای كرچوكاڵ، رۆژنامەنووسی خەراب دروستدەكات.
یاساكان زۆرگرنگن بۆ یەكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتی و رێكخستنی كۆمەڵگە، راگەیاندنیش وەك بەشێكی سەرەكی لە پێویستی هاووڵاتیان بۆ زانین، تێركردنی ئاستی زانیاری تاك و ئاگاداربوون لەو هەواڵ و پێشهاتانەی رۆژانە دێنە پێشەوە پێویستی بەیاسای تۆكمە هەیە بۆ ئەوەی چوارچێوەی كاری رۆژنامەگەری رێكبخات.
هەڵەبەت دەبێ‌ ئەوە بڵێین پیشەی رۆژنامەگەری و دەرچوونی كەناڵی راگەیاندن لە كوردستان بەراورد بەو وڵاتانەی یاسای رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسی باشیان هەیە مێژووێكی كۆنی نیە، دەرچوونی رۆژنامەی(كوردستان) لە رێكەوتی( 22نیسانی1898) واتە (122)ساڵ بەرلە ئێستا، ئەوە دەگەیێنێت دەرچوونی رۆژنامە و گۆڤار و پیشەی رۆژنامەگەری لەكوردستان كاتێكی دوورنیە.
هەرچەند لەو ماوەیەدا راگەیاندنی كوردی لە هەموو بەشەكانی(بینراو،بیستراو، نوسراو) لە رووی تەكنیك، روخسار و زمانی نوسین بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، لە ئێستاشدا رۆژنامەگەری كۆمەڵایەتی(سۆشیال میدیا) دەورێكی كاریگەر و بەرچاوی هەیە لە ئاراستەكردنی جەماوە ر و گەیاندنی زانیاری.
بەڵام لە رووی پەیڕەوكردنی ئاكاری ڕاگەیاندن(ئیتیك) رۆژنامەگەری كوردی بەرەو پێشچوونی بەخۆیە وە نەبینیوە، بەڵكو لە هەندێك كاتدا دەتوانین باسی گەڕانەوە بەرەو دواوە بكەین، ئەوەش دەتوانم بە چەند هۆكارێك لێكی بدەمەوە.
یەكەم: سەرەتای كاری رۆژنامەنووسی تەنها بۆ هۆشیاركردنی تاك بوو، بە پێدانی هەواڵ و زانیاری دروست ئامانج هۆشیاری كۆمەڵگە و بەرەوپێشچوونی خەڵكی كوردستان بوو. بەڵام ئێستا پێشەی رۆژنامەگەری بە مەبەستی داهات و پارەپەیداكردنە، راگەیاندن بازرگانی و پیشەسازی پێوەدەكرێت.
دووەم: یاسای رۆژنامەگەری ژمارە(35)ساڵی 2007 بۆ ئێستای راگەیاندن تۆكمەنیە، بەتەواوی نەپڕژاوەتە سەرهەموو جومگەكانی راگەیاندن، زیاتر بایەخ بە رۆژنامە و گۆڤار دراوە، سەندیكای رۆژنامەنووسان دایڕشتوە، لە بنەڕەتدا دەبێت یاسا لە لایەن خەڵكی پسپۆڕو شارەزای ئەوبوارە دابڕێژرێت، چونكە خەڵكی پسپۆڕ باشتر دەزانێت خەرابیەكانی رۆژنامەگەری لە یاسا باشبكات و ئەرك و مافی رۆژنامەنووس بەدروستی دیاربكات.
سێیەم: ئەوانەی سەرەتا خەریكی پیشەی رۆژنامەگەری بوون، خەڵكانێكی خوێنەر، نوسەر و ئەدەب دۆست بوون، خاوەنی پێگەی كۆمەڵایەتی بەرز و رێز لێگیراو بوون، كۆمەڵێك كەسی دیاربوون لە كۆمەڵگە، رێگەیان بەخۆیان نەدەدا پێشێلی رەوشتی راگەیاندن بكەن. بەڵام لە ئێستادا ئەوانەی سەرقاڵی پیشەی رۆژنامەگەرین لە كوردستان، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە رۆژنامەنووسی باش و خەراب تێكهەڵ بووە، بەم هۆیەوە رۆژنامەنووسی باش خەریكە دەستەمۆدەبێت.
چوارەم: زۆری كەناڵەكانی ڕاگەیاند وایكردووە پێشبڕكێی توند دروست بێت، كەمتر بایەخ بە رەوشتی راگەیاندن بدرێت، لە پێناو پڕفرۆشی رۆژنامە و گۆڤارەكان و راكێشانی بینەر بۆ تەلەفزیۆنەكان، تاكو زیاتر قازانج لە رێكلامەكان بكەن، هەرچەند راگەیاندن لە كوردستان بەرێكلام بەڕێوەناچێت، بەشێكی زۆریان داهاتیان نادیارە.
پێنجەم: پیشەی رۆژنامەگەری زۆربەی بۆتە ئیشكردنی بە پارچە یاخود پاداشت(فریلانس) ئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكردووە، رۆژنامەنووس لە پێناو دروستكردنی هەواڵ یان راپۆرتێك بۆ ئەوەی پاداشت وەربگرێت كەمتر بایەخ بە ئاكاری راگەیاندن دەدات، هەروەها زیاتر هەوڵدەدرێت رۆژنامەنووسی خەراب ئارستە بكرێت لەلایەن كەس و حزب بۆ ئەوەی بەناوی پیشەی رۆژنامەنووسی دژی لایەن و كەسیتر بنوسن، بەتایبەت لە ئێستای راگەیاندنی كۆمەڵایەتی(سۆشیال میدیا) بەشی هەرەزۆری رۆژنامەنووسی خەرابن بێگوێدانە رەوشتی راگەیان و تێكچوونی رەوشی كۆمەڵگە، والێكی دەدەمەوە كاربۆ هەندێك لە دەزگا هەوڵگریەكان دەكەن ئەمەش بۆتە هۆی لەكەداربوونی رۆژنامەگەری.
شەشەم: بەشێك لە رۆژنامەنووسان، ئەرك و مافی خۆیان بە تەواوی نازانن، باش سەردەرناكەن لە رەوشتی راگەیاندن، ناتوانن بەرامبەر بەدروستی بخوێننەوە، گوێ‌ بە رەوشی كۆمەڵایەتی نادەن، ئامانج تەنها بەدەستهێنانی پارەیە، ئەوەش رەوشی راگەیاندن بەرەو ئاقارێكی باش نابات لەرووی ناوەرۆك.
حەفتەم: پێشبڕكێی نێوان رۆژنامەنووسان لە گەیاندنی هەواڵ، وایكردووە كەمتر بایەخ بە ناوەڕۆك بدرێت و بابەتیبوون پشتگوێ‌ بخەن، هەرچەند گەرمی گرنگە بۆ هەواڵ، بەڵام بەتەنها نابێتە هۆكاری دیاریكردنی بەهای هەواڵ. دەبێت بایەخبدرێت بەڕاستی و دروستی، هەروەها پێویست ناكات رۆژنامەنووس خۆی بكات بە شیكەروەی سیاسی، ئەوە زۆر بەرچاودەكەوێت لە رۆژنامەگەری كوردی و راگەیاندنی كۆمەڵایەتی.
هۆكاری تریش هەن رەنگە من وەك ئەوانەی باسمكردووە بەلامەوە گرنگ نەبووبێت یاخود دركم بە گرنگی هەندێكیان نەكردبێت. بەڵام ئەوەی پێویستە تاكو پیشەی ڕۆژنامەگەری لە رۆژنامەنووسی خەراب دوربخرێت، دەبێت كۆمەڵێك خەڵكی شارەزای بورای راگەیاندن و مامۆستای زانكۆ لە زانستی راگەیاندن، بە خوێندنەوەی رەوشی كۆمەڵگە و سودبینین لە ئەزموونی یاسا سەركەووتەكانی ئەم بوارە لەو وڵاتانەی راگەیان تێیدا پێشكەوتووە و بۆتە هۆی پێشكەوتنی كۆمەڵگە، پرۆژە یاسایەكی باش ئامادەبكرێت بە رەچاوكردنی گشت بەشەكانی(بینراو، بیستراو، خوێنراو) بە راگەیاندنی كۆمەڵایەتی(سۆشیال میدیا)شەوە، هەروەها ئەرك و مافی رۆژنامەنووس لە راگەیاندنی كۆمەڵایەتی دیار بكرێت، چاوبخرێتە سەر رۆژنامەگەری زەرد(یەلۆپرێس) چونكە لەكوردستان بەبێ‌ یاسا بەشێك بەنائاگایی سیفەتی رۆژنامەی زەردیان هەڵگرتووە.


Top