سەرۆک و سۆشیال میدیا

سەرۆک و سۆشیال میدیا

‎لە دوایین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان)دا، لەپاڵ باسکردنی بارودۆخی هەنوکەیی و پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە ڕوویەکی خەندەئامێز و دیدێکی ڕەخنەگرانەوە، باسی لە بابەت و شڕۆڤەکانی ناو سۆشیال میدیای کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "سۆشیال میدیا کۆنتڕۆڵ بکەن، هەموو شتێ بە باشی دەڕوا".
‎ئەم داوایەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا، کە خەڵک لەلایەنی دەروونیدا ماندووە٫ تێڕوانینێکی ڕەوا و تەواو لۆژیکییە. سەرۆک بە هەڵسەنگاندنی کۆی ئارێشەکان و ڕەچاوکردنی باری دەروونیی خەڵک، ئەم قسەیە دەکات و دەزانێ کە شڕۆڤەکارانی سۆشیال میدیا، بۆ هەموو ڕووداو و پێشهاتێک قسەی خۆیان هەیە و ئەم دەم گەرم کردن پرتە نوسینانەشیان بە ناوی شرۆڤەی زانستی و لۆژیکی بە خەڵک دەفڕۆشنەوە، بەو کارەیان دەبنە سەرچاوەی نیگەرانیی و دڵەڕاوکێ و نائارامیی دەروونی خەڵک و کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆی کۆمەڵگا هەیە.
‎بەدەر لەمە، ئەگەر میدیا و سۆشیال میدیا لە ڕەهەندێکی باش و بۆ خزمەتی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێت، ئەوا هیچ کەسێک هێندەی ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) بۆ گەشەی میدیای ئازاد و پێگەیاندنی میدیاکاری پڕۆفیشناڵ و لێهاتوو، هەوڵی نەداوە.کاتێک بەڕێزیان وەک سەرۆکی کابینەی پێنجەمی حکوومەت دەستبەکار بوو، شان بەشانی برەودان و پێشخستنی سێکتەری ئابووریی و خەمی بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار. بۆ یەکەم جار لە مێژووی حوکمڕانیی دوای ڕاپەڕیندا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئەودا، یەکەمین و باشترین یاسای ڕۆژنامەگەری لە ساڵی 2007 دەرچوو. یاسایەک، کە بەراورد بە دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاسایەکی دەگمەنە و بە وەچەرخانێکی گرنگی بواری ئازادیی ڕادەربڕین دادەنرێت. هەر لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەودا بوو، کە بەشی هەرە زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکان مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە، بەوانەیش کە گوایە سەربەخۆ و ئازاد و ئەهلی.
‎هەرچی باسی سۆشیال میدیاشە، ئەوا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە بەڕێزیان، لەسۆشیال میدیا پەیجی فەرمی هەیە و دیار و بەرچاو ولە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارێکی کارایە، هەر ئەم قسەیەی سەرەوەی خۆی، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە، کە ئەو خوێنەرێکی جیددی سۆشیال میدیایە، بەڵام بێگومان ئەو وەک سەرکردەیەک و کەسایەتییەکی سیاسیی کوردستان، باوەڕی وایە کە نابێ پرسی حوکمڕانی و بابەتە سیاسییەکانی نێوان حکومەت لە لایەک و حیزبەکان لە لایەکی تر، لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە ئاراستە بکرێن. بەتایبەت کە تێبینی دەکرێ بەشێک لە حیزب و کەسایەتییە سیاسییە تازە هەڵتۆقیوەکان، تاکە پێوەریان بۆ کاری سیاسی، دەنگۆ و واتە واتەکانی ناو سۆشیال میدیایە!

پیران ئەمیر
Top