کەرکوک جێناهێڵین
April 11, 2020
وتار و بیروڕا
دەتانەوێ کەرکوک جێبێڵین! خەیاڵتان خاوە کەرکوک جێناهێڵین، ئێوە گوتتان: ریفراندۆم جیاخوازییە و ئێمەش بۆ رەزامەندی ئێوە دژی وەستاین، ئێمە میوانداریمان کردن و ئێوە بەبەر چاومانەوە ئاڵای کوردستانتان خستە ژێرپێ، ئێمە هێناماننەوە کەرکوک و ئێوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێتان گوتین: (لاتحچی بالکوردی)، ئێمە گوتمان کەرکوک شاری پێکەوە ژیانە و فەرموون وەرنەوە کەرکوک، ئێوە کوردەکانتان کردنە دەرەوە و عەرەبتان هێنانە شوێنیان.
لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی ئێوەی شیعە و پایەداری حەشدی شەعبی چیتان گوت قبوڵمان کرد و نەرمیمان نواند، کەچی ئێوە هەر رەق بوون و مادام رەقی ئێوە لە پێناو یەکپارچەیی خاکی عێراقە لای ئێمەی عێراقچیش هەر پیرۆزە.
دواجار ئێوەی عەرەب دەستدرێژیتان کردە سەر ژنێکی کەمئەندامی کورد، لە بەرامبەر ئەوەشدا بێدەنگیمان نواندووە، بەڵام مەسعود بارزانی هاتۆتە دەنگ، خۆشتان باش مەسعود بارزانی دەناسن و دەزانن لە هەر شوێنێک کورد لێی بقەمێ دێتە دەنگ و قبوڵ ناکات، خۆتان ئاگادارن و باش دەزانن کە بە بەرنامەی هاوبەش و پێشوەختە زۆرمان تۆمەتی ئەوە دایە پاڵ مەسعود بارزانی کە گوایە دۆستی تورکیایە، بەڵام کاتێ تورکیا هێرشی کردە سەر رۆژائاوای کوردستان، بینیتان کوردانە هەڵوێستی نواند و (محەمەد)ی سووتاوی گەیاندە وڵاتی فەرەنسا و ئەو جەستە هەڵقرچاوەی کردە نموونەی زوڵمی تورک، راستە مانەوەی ئێمە لە کەرکوک بەو زەلیلیەی ئێستا رێ خۆشکەرە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانتان، بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانن کە مەسعود بارزانیش هەیە و رێگرە لە بەردەم گەیشتانتان بە ئامانجەکانتان.