حزب و کۆرۆنا
April 10, 2020
وتار و بیروڕا
ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک دوژمنێک چۆن یەخەی هەموو مرۆڤایەتی گرتووە، ئەوهاش یەخەی کوردی گرتووە، هەموو مرۆڤایەتیش یەک دەنگ و یەک هەڵوێست کەوتوونە شەڕی ئەو ڤایرۆسە نەگریسە، بەڵام لە کوردستان ئەو یەک دەنگی و یەک هەڵوێستییە نابینرێ، ئەوەتا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی و بۆ خستنی پارتی شەڕی کۆرۆناش بە شەڕی خۆی نازانێ و پێی وایە دەبێ پارتی بە تەنها ئەو شەڕە بکات، بۆ ئەو مەبەستە و بۆ خۆ بە دوورگرتن لە شەڕی کۆرۆنا، چۆن لە کاتی ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەرکی خۆیان دابەش کردبوو، بەشێکیان دژی ریفراندۆم و لەگەڵ حەشد شەعبی و سوپای پاسداران هاوهەڵوێست و هاوپەیمان بوون، بەشەکەی تریش خۆیان بێلایەن پیشان دەدا.
یەکێتی لە شەڕی کۆرۆناشدا هەمان رەفتار و هەڵوێستی دووفاقەی سەردەمی ریفراندۆم و شەڕی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانیان هەیە، ئەوەی بە سیاسەتی سایت و راگەیاندنەکانی بەشەکەی هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانەوە دیارە، جۆرێک لە خۆشەیستیان بۆ کۆڕۆنا هەیە و ئەگەر بزانن بە هۆی کۆرۆناوە وەک خۆیان دەڵێن: شکست بە حکومەتەکەی پارتی دێنن و بەو هۆیەوە بە خواستە دێرینەکەیان دەگەن، بێ سڵەمینەوە ئەو هەلەش لەدەست خۆیان نادەن و دەبنە هاوپەیمانی کۆرۆناش، بەشەکەی تریش کە لە شەڕی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بێلایەن بوون، تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان روون نەکردۆتەوە و لە شەڕی کۆرۆناش بێدەگن و خۆیان بێلایەن پیشان دەدەن.