لەوەدا لەگەڵ سەربەخۆخوازان نیم
April 10, 2020
وتار و بیروڕا
سوورە مەرگەیی
زۆرم بەلاوە سەیرە کاتێک سەربەخۆخوازان لەسەر عێراقیبوون گلەیی لە هەندێ حزب و پەرلەمانتاری هەڵەوەڕ و رۆشنبیری دەمامک بەسەر دەکەن، ئاخر گلەیی لە کەسێک دەکرێ کە کاڕێکی نەشیاو لە دەستی بقەومێ و ئەوەندە ژیر و پاکیش بێ کەس چاوەڕوانی کاری وای لێ نەکردبێ، ئاخر عێراقیبوون لە کەسانێک عەیبە کە خۆیان بە کوردستانی بزانن و لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا قوربانیان دابێ، عێراقیبوون لە کەسانێک عەیبە ئاڵا و ئەی رەقیب و مێژووی بەرگری لە کوردستان بە شکۆی نەتەوەیی بزانن.
ئاخر ئەوانە دەستبەردای کوردستانیبوونی خۆیان بوون و سەربەخۆیی کوردستانیش بە خیانەت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەزانن و، پڕ بە گەرووشیان هاواری عێراقیبوون دەکەن و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیش بە ئەرکی خۆیان دەزانن، ئەوانە بەبەر چاویانەوە وەک سووکایەتی کردن ئاڵای کوردستان دەخرێتە ژێرپێی عرووبەخوازی و غیرەتی کوردایەتی نایانگرێ و موچوڕکەی کوردبوونیان بەلەشدا نایات، چڕینی ئەی رەقیب بە ئیهانەی خۆیان دەزانن و وەک بینیمان بە (مەوتنی مەتنی) وەڵامی ئەی رەقیب بێژانیان دایەوە، بەرگری کردن لە کوردستان بە تاوان دەزانن و خوازیاری ئەوەن کورستان هەر داگیرکراو و کوردیش هەر ژێردەستە بێ، چونکە نانیان لای دوژمنانە و ئەگەر کوردستان رزگار بێ و کوردیش سەربەخۆ بێ نان بڕاو دەبن، ئێ کەوایە ئێوەی سەربەخۆخواز مافی ئەوەتان نییە گلەیی لەوانە بکەن، ئەگەر گلەییش بکەن من لەگەڵتان نیم، چونکە گلەیی لە کەسێک دەکری کە شایانی گلەیی لێکردن بێ.