خۆڕاگری حکومەتی هەرێم لە هەمبەر پیلانەکان پەرجووی سیاسی بوو

خۆڕاگری حکومەتی هەرێم لە هەمبەر پیلانەکان پەرجووی سیاسی بوو

ئەو پیلانگەلەی دژ بە حکومەتی هەرێم بەڕیوە چوون و شکستیان هێنا، ئەگەر بڵێم: جگە خوڵقاندنی پەرجووی سیاسی هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ زێدوڕۆییم نەکردووە، خوڵقاندنی ئەو پەرجووە سیاسییەش دەرئەنجامی خۆڕاگری و ژیری و دیبلۆماسیەتی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم و وەفادارانی خوێنی شەهیدان و رەنجی شۆڕشگێڕان بوو، فەرموون ئێوە و بەشێک لەو پیلانانە و شکست هێنانیان:ــ
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و دوای ئەوەی شیعە دەسەڵاتی گرتە دەست، زۆرترین پیلان لە بەرگی جیاواز و بە شێوەی جیاجیا دژ بە حکومەتی هەرێم و دەستکەوتەکانی راپەڕین گێڕدراون، هاوکات لەگەڵ زیاد بوونی هەژموونی ئێران گوشارەکان بۆ سنووردار کردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و پیلانەکانی زیادیان دەکرد، کاتێک پیلانەکان بەر بەرگریەکانی کوردپەوەران دەکەوتن، کۆرۆنا ئاسا خۆیان دەگوڕی و بە شێوەی تر و لە بەرگی تردا دەردەکەوتن، ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیار بوو لە هەموو پیلانگێڕیەکان کەس و دەستە و گرووپی کوردی، یان پێشنیارکار و نەخشەڕێژ بوون، یان جێبەجێکار, وەکوو:ــ
لە ساڵی ٢٠١٣ بەرهەم ساڵح داوای لە نوری مالیکی کردووە هێز بۆ کەرکوک بجوڵێنێ، ئەوە قسەی نوری مالیکییە، ئەوەبوو ئەو داوا و پێشنیارەی بەرهەم ساڵح درووست کردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و هەڕەشەکانی نوری مالیکی بۆ هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆکی لێکەوتەوە، ئەو پیلانە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی پوچەڵ کراوە، دوای ئەوە و بۆ ناوەی دڵەڕاوکێ و بۆ خافڵگیر کردنی خەڵکی کوردستان دەیانگوت: مەسعود بارزانی کێشەی شەخسی لەگەڵ نوری مالیکی هەیە.
دوای شکست پێهێنانی ئەو پیلانە لەسەر پێشنیاری عادل مورادی یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بودچە و مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان بڕدرا و حکومەتی هەرێم تووشی گەروترین قەیرانی دارایی کرا، بەغدا لەلای خۆیەوە ناردنی بودجە و مووچەی بەستەوە بە ملکەچ بوونی حکومەت و ئەوانیش بۆ کاریگەری پیلانەکە کەوتنە تۆمەت هەڵبەستن بۆ پارتی و خەڵک هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی، لەوەشدا سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و نێچێرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت و وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەو پیلانەشیان پووچەڵ کردەوە.
لە گەرمەی هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەرکوردستان و دەرکەوتنی مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، هەندێ دەستە و گرووپ بەناوی ئۆپۆزسیۆن و بە درووشمی (عەبادی عەبادی)و (مووچەمان دەوێ و ئازادیمان ناوێ) لە شەقام وەک پاڵپشتی لە پەلامارەکانی داعش و سەرقاڵ کردنی حکومەت و بەشێک لە هێزەکان بە خۆیانەوە کەوتنە ئاژاوەگێڕی و فەوزا نانەوە، ئەو پیلانەش بە سەرپەرشتی راستەخۆی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگار بوونەوەی داعشدا پووچەڵ کرایەوە.
بۆ بڕیاردان لە ریفراندۆم لایەنەکان قاچێکیان وەک پشتیوانی لە ریفراندۆم لە هەولێری کوردایەتی بوو، قاچەکەی تریشیان وەک قاچی پیلانگێڕی لە بەغدای عرووبە بوو، کەرکوکیش دەکەوتە ناوگەڵیان، ئەوەبوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ پیلانی کۆتایی هێنان بە حکومەتی هەرێم لە کەرکوکەوە دەستی پێکرد، ئەو پیلانەش وەک هەموو پیلانەکانی تر لە داستانی پردێ و سحێلا لەسەر دەستی پێشمەرگە و بەرگریکاران لە کوردستان پوچەڵ کرایەوە.
دوای پووچەڵ کردنەوەی پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر قۆناغی دووەم وەک تەواوکاری قۆناغی یەکەم دەستی پێکرد، ئەویش بۆ جێگرتنەوەی حکومەتی هەرێم داواکاری پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز) بەرز کردەوە، لەوەشدا ئەوەندە بە پەلە بوون بە تاک و بە کۆ بەرەو بەغدا کەتنە راکەڕاک و کورد گوتەنی رێ بەر رێبوار نەدەکەوت، وەک بینیمان ئەو پیلانەش پووچەڵ کرایەوە و ئێستا بەغدا لە چارەسەری کێشە و فەوزا و قەرانە سیاسیەکاندا چاوی لە هەولێرە.
زۆر پیلانی تریش بە پشتیوانی ئەو دەستە و گرووپە کوردیانە دژ بە کورد و حکومەتی هەرێم بەڕێوە چوون، ئەو چەند بەڵگە بەسن بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە راستییەکان بگەن، بۆ ئەوانەش کە بڕیاریان داوە تێنەگەن، ئەگەر بڵێی ماست سپییە سوێند دەخۆن کە رەشە و سپیایی تێدا نییە، بۆیە نامەوێ بە هێنانەوەی بەڵگەی تر سەری خۆم و ئێوەی خوێنەریش بەوانەوە بێشێنم.
Top