کرانەوەی دەرگاکانی ئەو کۆشکەی پاسەوانی خەونی کوردەکانی لێ نیشتەجێیە

کرانەوەی دەرگاکانی ئەو کۆشکەی پاسەوانی خەونی کوردەکانی لێ نیشتەجێیە

شایستەترین پێناسە کە بۆ سەرۆک بارزانی کرابێ و شیاوترین ناساندن کە سەرۆک بارزانی ناساند بێ، ئەو پێناسە و ئەو ناساندنەیە کە پێشکەشکاری کەناڵی Mbc1 لە کاتی کرانەوەی دەرگاکانی بارەگای بارزانی بە روویدا وتی: دەرگاکانی ئەم کۆشکە کرانەوە کە پاسەوانی خەونی کوردەکانی لێ نیشتەجێیە.
پێناسە و ناساندنی سەرۆک بارزانی لەسەر زاری پێشکەشکاری کەناڵێکی بە ناوبانگی وەک کەناڵی Mbc1 زێدەڕۆیی نەکردوو، ئەو پێناسە و ناساندنەش لە خۆڕا نییە و دیارە سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی هەموو جیهان بە پاسەوانی خەونی کوردەکان ناسراوە، لێرەدا دەپرسین: خەونی کوردەکان چییە؟
دیارە خەونی کوردەکان لە ئێستادا پاراستنی دەستکەوتەکان و لە داهاتووشدا رزگار بوونیەتی لە ژێردەستەیی و گەیشتنیەتی بە مافی سەربەخۆیی، بەرگری سەرۆک بارزانی لە دەستکەوتەکانی ئێستای کورد هەر لە گەف و هەڕەشەکانی نوری مالیکییەوە بگرە تا دەگاتە پیلانە هەمەلایەنەکەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو راستییە دەردەخەن کە پێشکەشکاری کەناڵی Mbc1 بە هەڵە نەچووە لەوەی کە سەرۆک بارزانی بە پاسەوانی خەونی کوردەکان ناو بردووە.
خەبات و قوربانی دانی زیاتر لە سەدەیەکی بنەماڵەی بارزانی نەمر هەر لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانییەوە بگرە، تا دەگاتە شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمر و ئێستای سەرۆک بارزانی، جارێکیتر ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە دووبارە پێشکەشکاری کەناڵی Mbc1 بە هەڵە نەچووە و سەرۆک بارزانی پاسەوانی بەدیهێنانی دوا خەونی کوردەکانە کە سەربەخۆیی کوردستانە, لێرەدا ئەوەی جێگای پرسیارە عەرەبێک ئەو راستییەی لا درووست ببێ و بزانێ کە سەرۆک بارزانی پاسەوانی خەونی کوردەکانە، بەڵام دەستە و گرووپی کوردی وا هەن خۆیان داوەتە دەست قەدەری دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان و نایانەوێ سەرۆک بارزانی پاسەوانی لە بوون و شکۆیان بکات.
Top