سیاسەتی نەشیش بسووتێ و نەکەباب
April 6, 2020
وتار و بیروڕا
سیاسەتی نەشیش بسووتێ و نەکەباب لە لایەن ئەو حزب و دەستە و گرووپانە دەگیڕێتە بەر کە خاوەنی ستراتیجێکی روون و نین و لە ناو رووداوەکاندا گەمەی نادیار دەکەن، ئەو حزبانە لە هەموو قۆناغەکاندا بەرژەوەندی کەسی و حزبییەکان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندیە گشتیەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەرک لە نێوان بەرپرسانی خۆیاندا دابەش دەکەن و هەر رۆژە هەڵوێستێک دەردەبڕن و هەر بەرپرسە و شتێک دەڵێ، ئەگەر سیاسەتی چەند حزبێکی کوردی لە چرای سیاسەتی نەشیش بسووتێ و نەکەباب بدەین، دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەو حزبانە رێک پەیڕەوی ئەو سیاسەتە دەکەن و بە موو لێی لانادەن.
هەر یەک لەو چەند حزبانە لە نێوان کێشە و ناکۆکیەکانی هەولێر و بەغدا گەمەی پاراستنی بەرژەوەندیە کەسی و حزبییەکانیان دەکەن، لە کوردستان کوردستانین و بەردەوام موزایەدەی کوردبوون و کوردایەتی دەکەن، لە عێراقیش بە شێوەیەک عێراقچین کە هیچ شۆڤێنییەکی عەرەب ناتوانێ شانیان لە شانی بدات، لەو گەمەیەش مەبەستیان ئەوەیە ئەگەر هەولێر سەرکەوت و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بەدیهێنران، ئەوا بەشە کوردستانیەکە سینگ دەردەپەڕێنێ و خۆی دەکات بە خاوەنی سەرکەوتنەکە، خۆ ئەگەر عێراقیش سەرکەوتوو بوو، ئەوا بەشە عێراقچییەکە دەمی خۆی دێنێتە پێشێ و دەڵێ: ئێمە دەمێک بوو پێشبینی ئەوەمان کردبوو، زۆرمان هاوار کرد و بە قسەیان نەکردین، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رووداوەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردووی نێوان هەولێر و بەغداش، زۆر هەوڵی وەک مووچە بڕینی خەڵکی کوردستان و کار کردن لەسەر دانە دادگای سەربەخۆخوازان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی (ئینفاز)، لە سیاسەتی دووڕاونەی ئەو حزبانەن کە بە میکانیزمی نەشیش بسووتێ و نەکەباب سیاسەتیان کردووە.