مەترسی بە سیاسی کردنی دین
April 6, 2020
وتار و بیروڕا
کاتێک دەڵێم: مەترسی بە سیاسی کردنی دین مەبەستم دینێکی دیاریکراو نییە، چونکە دین بۆ دەستە و کۆمەڵێکی دیاۆیکراو نییە، بۆیە کاتێک دەستەو کۆمەڵێکی دیارکراو خۆیان بە نوێنەری دین دەزانن جیاکاری لەناو کۆمەڵگادا درووست دەکەن، بەو جیاکاریەش هەموو جوانی و خێرو چاکەیەک لە خۆیاندا کۆ دەکەنەوە و ناشیرینی و شەڕ و خراپەکانیش دەخەنە پاڵ بەشەکەی تری کۆمەڵگا.
دیارە سیاسەت و بەرژەوەندی دوو چەمکی لێکهاڵاو و لە هەموو قۆناغەکاندا کار لە یەکتری دەکەن و ئاراستەی یەکتری دەگۆڕن، لێرەوە مەترسی بە سیاسی کردنی دین دەردەکەوێ، چونکە زۆر جاران سیاسەت پێچەوانەی بەرژەوەندی ئەم حزب یان ئەو حزب ئاراستەی خۆی وەردەگرێ، ئەوکات هەموو ئەو حزبانەی کە دینیان بە ساسی کردووە ناچار دەبن لە درزی بەرژەوەندیەکانەوە بۆ دین بڕوانن و کەی پێویست بکات بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانیان هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن و تەنانەت بیانوو بۆ دەرچوون لە دینیش دێننەوە، ئەگەر هەڵوێستی دوو حزب یان زیاتر لەو حزبانەی دینیان بە سیاسی کردووە وەربگرین، دەبینین لە زۆر کات و لە زۆر قۆناغدا دژی یەکتری دەوەستن و دژ وەستانەکە تا ئاستی بەریەککەوتن و شەڕی خوێناوی تەشەنە دەکات، تەنانەت بۆ زاڵبوون بەسەر یەکتریدا ئامادەن لەگەڵ حزبە عەلمانیەکانیش بچنە جێژوانی هاوپەیمانی سیاسییەوە، لە کوردستانیش ئەو جۆرە هاوپەمانە سیاسیانەمان بینیون و رەواییشیان بە هاپەمانیەکەیان داوە.
لێرەدا مەترسی بە سیاسی کردنی دین کۆتایی نایات، مەترسییە گەورەکە ئەوکاتە سەر هەڵدەدات کە ئەو گرووپە دینیانە باڵادەست ببن، ئەوکاتە هەموو بیرکردنەوەیەکی دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆیان یاساغ دەکەن و بیر کردنەوەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن و لە باتی هەموو کۆمەڵگاش بڕیار دەدەن، بەوەش کۆمەڵگا دابەش دەکەن و رەوایی بە کوشتن و چەوسانەوەی بەشەکەی دەرەوەی خۆیان دەدەن.