میوزیک لای سەرۆک بارزانی

میوزیک لای سەرۆک بارزانی

لە دیمانەکەی کەناڵی Mbc لەگەڵ سەرۆک بارزانی پێشکەشکارەکە لە سەرۆک بارزانی دەپرسێ: دەنگی تەقە لای تۆ چی دەگەیەنێ؟
سەرۆک بارزانی: میوزیک.
رەنگە ئەو وەڵامەی سەرۆک بارزانی و وێکچوواندنی دەنگی تەقە و ئاوازی میوزیک بۆ زۆر کەس و بە تایبەت ئەوانەی ژیانی ژێردەستەیی رەت ناکەنەوە و بە دوای سەربەخۆییدا وێڵ نین، جێگای پرسیار و مشتومڕ بێ، بەڵام بۆ کەسانێک کە ژیانی ژێردەستەیی رەت دەکەنەوە و ئامادەن ژیان بە سەربەخۆیی ببەخشن ئاسایی و جێگای شانازیش بێ، ئەوەش ئەو پرسیارەمان لای درووست دەکات کە میوزیک چییە و تەقە کەی دەبێتە مویزیک و کێن ئەوانەی دەنگی تەقە دەگۆڕن بۆ ئاوازی میوزیک؟
میوزیک ئەو ئالەتەیە کە میوزیک ژەن دەتوانێ دەنگێکی بە سۆزی پێ دەربێنێ و خەمی خەمبارانی پێ بڕەوێنێتەوە و ئەو جیهانەیان بۆ درووست بکات کە خۆیان دەیخوازن، بەڵام خەمی ژێردەستە و چەوساوان خەمێکی تایبەتییە و هیچ ئالەتێکی میوزیک و هیچ میوزیک ژەنێک ناتوانی ئەو خەمەیان بڕەوێنێتەوە، چونکە ژێردەستە و چەوساوان میوزیک ژەنی تایبەتی خۆیان هەیە و ئالەتی میوزیکی تایبەت بە خۆشیان هەیە، ئالەتی میوزیکی ژێردەستە و چەواساوان ئەو تفەنگەیە کە بەڕووی داگیرکار و چەوسێنەراندا دەتەقێنرێ، تاکە میوزیک ژەنی ئەو بوارەش ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانەن کە لە کۆلێژی کوردایەتی دەرچوون و بڕوانامەی بەرەنگار بوونەوەی داگیرکاران و چەوسێنەرانیان وەرگرتووە، بۆیە لەو کاتەدا تفەنگی شانی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان دەبێتە ئالەتی میوزیک و دەنگی تەقەش دەبێتە دەنگی بە سۆزی میوزیک و دەتوانێ خەمی ژێردەستە و چەوساوانی پێ بڕەوێنرێتەوە، کەواتە لای سەرۆک بارزانی دەنگی تەقە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان خۆشترین ئاوازی میوزیکە، باشترین میوزیک ژەنیش ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێرانەن کە بە تەقەی تفەنگەکانی شانیان ئاوازی سەربەخۆیی بۆ ژێردەستە و چەوساوانی کوردستان دەچڕن.
Top