سەرۆک بارزانی: ئەوەی زەڵمی لێکرابێ، ئەگەر بێتوو زوڵم بکات شایانی زوڵمی زیاترە
April 4, 2020
وتار و بیروڕا
سەرۆک بارزانی لە دیداری کەناڵی MBC1 فەرمووی: (ئەوەی زوڵمی لێکرابێ، ئەگەر بێتوو زوڵم بکات شایانی زوڵمی زیاترە)، ئەو فەرموودەیەی سەرۆک بارزانی زۆر هەڵدەگرێ و دەرس و ئامۆژگارییە بۆ هەموو زاڵم و مەزڵوومێک و پێویستە هەردوو لایان پەندی لێوەربگرن، چونکە نە زاڵم دەتوانێ هەتا سەر زاڵم بێ و نە مەزڵومیش هەتا سەر بە مەزڵومی رازی دەبێ و زوڵم قبوڵ دەکات.
کورد و شیعە لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ساڵی ٢٠٠٣و رووخانی رژێمی بەعس زوڵمیان لێکراوە، بۆیە وای بۆ دەچم سەرۆک بارزانی ویستوویەتی بۆ دواجار ئامۆژگاری شیعە بکات و پێیان بڵێ: ئێوە پێکهاتەیەکی مەزهەبی بوون و لە عێرقدا زوڵمتان لێکراوە، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس خۆتان بوونە زاڵم و دەتانەوێ زوڵم بکەن، بۆیە دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە چارەنووسی هەموو زاڵمێک چارەنووسی سەددام حوسێن و رژێمی بەعسی هەیە.
جارێکیتر فەرموودەکەی بۆ شیعە و سوننە ئامۆژگارییە و راستەوخۆ پێیان دەڵێ: کورد چۆن لە رابردوودا مەزڵومی قبوڵ نەکردووە و لە دژی زاڵمان جەنگاوە، لەمەولاش قبوڵی زوڵم ناکا و تا زاڵم هەبێ لە دژی دەجەنگێ.
لێرەدا دەمەوێ ئەوە بە بیر هەموو لایەک بێنمەوە کە سەرۆک بارزانی لە ساڵی ٢٠١٠وە زۆر جاران ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانی شیعەی کردووە، بەڵام بە شێوەیەک غروور بوون گوێیان لێ نەگرت و نەیانویست کەڵک لە ئامۆژگاریەکانی لێوەربگرن و عێراقیان بەو دۆخەی ئێستا گەیاند، کە بەس عێراقیەکان خاوەنی عێراق نین، ئێستاش ئەگەر شیعە ئەو ئامۆژگاریەی سەرۆک بازانی نەکەنە ئەڵقەی گوێیان، بە دڵنیاییەوە وەک سەرۆک بارزانی فەرموویەتی شایانی زوڵمی زیاتر دەبن.