(( حکومەتێک زیاتر لە حکومەت ))

(( حکومەتێک زیاتر لە حکومەت ))

لە تەواوی وڵاتانی جیهان، بە جیاوازی سیستەمە حوکمرانەکانیان، چ کۆماری یان پەرلەمانی و پادشایەتی، خاوەن دەزگایەکی فەرمین بە ناوی حکومەت.
ئەم حکومەتە ئەرکی رێکخستن و بەرێوەبردنی کاروباری وڵات دەگرێتە ئەستو، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان دەرەکی.
خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی ژیان و سەروسامان و دابین کردنی ژیانێکی بەختەوەر و شایستە، یەکێکە لە ئەرکە هەرە سەرەکیەکانی ئەم حکومەتانە، بە تایبەت لە کاتی رووداوە سروشتی و قەیرانەکان، یان هەر رووداوێکی ترى لە ناکاو، کە دەبێ حکومەت لە ئامادە باشی دا بێت و بەو پەری تواناوە بەرەنگاری ئەو رووداوانە ببێتەوە، ئەوەی لێی چاوەروان دەکرێت ئەنجامی بدات.
هاووڵاتیان بە چاودێری کردنی کارو چالاکیەکانی حکومەت متمانە دەبەخشن و لە کاتی تەنگانە و پێویست دا، چاوەرێی کرداری گەورە لەحکومەتەکانیان دەکەن.
لە رۆژگای ئێستامان تەواوی جیهان کەوتۆتە ژێر فشاری ئەو دۆخە نالەبارەی کە ڤایڕۆسی کورونا خولقاندویەتی.
تەواوی حکومەتەکان لە هەڵمەتی ئەوەدان بتوانن لە وڵاتانیان کۆنتڕۆلی ئەو پەتایە بکەن و هاووڵاتیان بپارێزن، هەروەها لەو فشارەی سەر حکومەت کەم بکەنەوە.
ئەوەی بینیمان لەم ماوەیەدا، نە هێز، نە ئابوری، نە باری دارایی، توانی وڵاتان رزگار بکات و ئاسودەییان پێ بەخشێت.
ئەمریکا بەهێزه گەورەیەی کە سەرکردایەتی جیهانی پێ دەکات، بەڵام ژمارەی توشبوانی لە سەروی لیستی جیهانی دایە، وڵاتانی ئەوروپا بەو سیستەمە پێشکەوتووەی تەندروستی کە هەیانە، نەیانتوانی وەکو پێویست و ئەوەی لێیان چاوەروان دەکرا بیکەن، بەلکو رێژەی قوربانیان یەکجار زۆرە لەو وڵاتانە.
ئایە کێشەکە لە چ دایە ؟.
ئایە ئەوەی ئەم حکومەتانە نەیانتوانی بیکەن، حکومەتی هەرێمی کوردسەان بەو واقعەی کە تێیدا دەرباز دەبێت، لە کەمی داهات، ئەگەر ئەوە بزانین تا ئێستا بەشێک لە بودجە و موچەی فەرمانبەران لە حکومەتی مەرکەزی یەوە دێت، ئاستی خزمەتگوزاری و تەندروستی لە ئاست وڵاتە پێشکەوتوەکان نیە، دەتوانێ چ بکات و چۆن رووبەروی ئەو دۆخە ببێتەوە ؟.
گرێ گوێرەکە، لە هەڵوێستی حکومەتەکان دایە، نەک لە هەبوونی بودجە و تواناکانی تر. لە وڵاتە سەرمایەدارییەکان دا زیاتر رەچاوی پاراستنی باری ئابوری وڵات دەکرێت نەک پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان، لێدوانی زۆربەی سەروک حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە، مایەی نیگەرانی بوون، ناخی هاووڵاتیانی خۆیان روخاند، لە ئاست ئەو متمانە نەبوون کە هاووڵاتیان بیریان لێ دەکردەوەو چاوەرێی بوون.
بە پێچەوانەوە، حکومەتی هەریمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، هەر لە سەرەتاوە، دەستیان کرد بە دانانی پلان و میکانیزمی گونجاو بۆ بەرنگاربونەوەی ئەو دۆخە، هەرچی رێکاری پێویست بو گرتیانە بەر، هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکان و دام دەزگا جۆراوجۆرەکان لەو پەری ئاست بەرزی دابوو، لە سەرەتاوە جەنابی سەرۆکی حکومەت، هاووڵاتیانی دڵنیا کردەوە کە ئەولەویاتی کاریان لە پێناو پاراستنی گیانیان و فەراهەم کردنی باشترین کەش و هەوای تەندروستی دەبێت، ئەوەی لە توانای حکومەت دا بێت درێغی ناکات، هەرچی لەبەردەست دا هەیە و لە توانای دا هەیە دەیخاتە خزمەت، تەنها لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان، ژیانی هاووڵاتیانی لەلا گرنگتر بو لە دەستهەڵات و داهات، بەلکو ئامادەبوون خودی حکومەت و مانەوەی لە دەستهەڵات بکەنە قوربانی پاراستنی گیان و ژیانی هاووڵاتیان، بەها و پیرۆزی تاکی کورد بەهەند وەرگیرا.
ئەم هەڵوێستەی حکومەت و هەنگاوەکانی لە پێناو زاڵ بوون بەسەر ئەو دۆخە، بوونە مایەی زیاتر متمانە، وورەی هاووڵاتیان بەرز کردەوە، ئارامی دەرونی و کۆمەڵایەتی بەخشی، بووە مایەی کە هاووڵاتیانیش هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ئامادە بن هاوکاری حکومەت بکەن لە رێی پابەند بوون بە رێنمایی و رێکارەکانی تەندروستی و خۆ پارێزی.
بێ گومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم تاقیکردنەوەدا، سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و لێهاتووی و ئەزمونی خۆی سەلماند و بەو پەری دلسۆزییەوە خزمەتی هاووڵاتیانی کرد، حکومەتێک هێزو توانای خۆی لە ناو خەڵکی خۆیدا دەبینێتەوە، جەنابی سەرۆک وەزیران و بە تەواوی ستافی حکومەتەکەی لە وەزیرە بەرێزەکان وەکو سەربازی وون لە رێزی پێشەوەی بەرگری بوون، بە کەمترین قسە و زۆرترین کردار هاتنە مەیدان.
حکومەتێک ئامادەبوو قوربانی بە خۆی بدات لە پێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی. ئەنجامەکان دیارن و توانییان جیاوازی پەیدا بکەن و جیهانی پێ سەرسام بکەن.
بە هەموو پێوەرەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکە کە زیاتر لە ئەرکی حکومەت خزمەت دەکات.
Top