با راستگۆ بین

با راستگۆ بین

کەس ناتوانێ بڵێ دزی و گەندەڵی نییە، بەڵام ئەوەی لەسەر زاری بەشێک لە یەکێتیەکان و نووسەر و رۆشنبیرە دەمامکدارەکان باس لە دزی و گەندەڵی دەکرێ، شاردنەوە و پاشەکەوت کردنی بەشێکی کارای دز و گەندەڵکارەکانە، جا بە هەموو یاسایەک تاوانی ئەوانە هیچی کەمتر نییە لە تاوانی دز و گەندەڵکارەکان، بۆیە پێویستە بە راستگۆیی باسی دزی و گەندەڵیەکان بکرێ.
مەلا ئەبوبەکری رەحمەتی لە وتاری هەینیدا لەسەر دزی و گەندەڵی گوتی: کابرایەک (٣٠) شووتی دزیبوون، کابرای دزی لێکراو بە کابرای دزی گوت: شکم لە تۆیە و دەبێ سوێندم بۆ بخۆی، کابرای دز لەوەشدا دزی کرد و بە دزی خۆی گەیاندە مەلای گوند و رووداوەکەی وەک خۆی بۆ گێرایەوە، مەلاش گوتی: باشە (١٥) شووتی بۆ من بێنە و هەقت نەبێ، دوای ئەوە دزەکە (١٥) شووتیەکەی بۆ نەلا بردن، دز و دزی لێکراو چوونە لای مەلا.
مەلا داوای شاهیدی لە هەردوکیان کرد و هیچیان شاهیدیان نەبوو، مەلا بە دزەکەی گوت: وەرە سوێند بخۆ و بڵێ: بە هەقی ئەو قورئانە چەند شووتی دزراو لە ماڵی مەلادان هەر ئەوەندەش لە ماڵی مندان، مەلا بەو جۆرە کۆتایی پێهێنا و دزەکەی لە ئاشکرابوون رزگار کرد و (١٥) شووتی خۆی بەرکەوتن، جا مەلا ئەبوبەکر لە وتاری هەینی و لەبەردەم نوێژخوێنان گوتی: منیش دەڵێم: بە هەقی ئەو قورئانە پارتی دۆلارێکی لە یەکێتی زیاتر نەدزیوە.
ئەو گێڕانەوەیەی مەلا ئەبوبەکری رەحمەتی پێش رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو، بۆیە منیش دەڵێم: یەکێتی هەموو شتێکی لە پارتی قبوڵ کردبێ، مەحاڵە مەسەلەی زیادە دزی لێ قبوڵ کردبێ، بۆیە پارتی نەیتوانیوە دۆلارێک زیاتر لە یەکێتی بدزێ، بەڵام یەکێتی لە فرۆشتنی کەرکوک بەشی پارتی نەدا، کەواتە لە دزیدا یەکێتی بە فرۆشتنی کەرکوک یەکەمی بێ رکابەرە و زۆر پێش پارتی کەوتۆتەوە.
Top