خیانەتکارانی كورد له هەموو گەل و نەتەوەکانی جیهان مەترسیدار ترن
April 2, 2020
وتار و بیروڕا
بە درێژایی مێژوو خیانەت لەناو هەموو گەل و نەتەوەکانی دنیادا بوونی هەبووە و هەر بەردەوامیش دەبێ، کوردیش وەک گەلێکی ژێردەستە و چەوساوە لەو پیشە قێزەون و شەرم هێنە بێبەش نەبووە، بەڵام خیانەتکارانی کورد لە خیانەتکارانی هەموو گەل و نەتەوەکانی جیهان مەترسیدار ترن، زۆر جاران خیانەتکارانی گەلان بۆ رەوایی دان بە خیانەتەکانیان جۆرێک لە پۆزش و بیانوو بۆ خیانەتەکانیان هێناوەتەوە، کوردیش لەو جۆرە خیانەتکارانەی هەبووە و پۆزش و بیانوویان بۆ خیانەتەکانیان هێناوەتەوە، لە کاتێکدا خیانەت کردن هیچ پاساوێک هەڵناگرێ، بەڵام کورد جۆرە خیانەتکارێکی تری هەبوون و هەن کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونیان نەبووە، جا پێش ئەوەی بێمە سەر ناساندنی ئەو جۆرە خیانەتکارانە دەپرسم: خیانەتکار کێیە و ئامانج لە خیانەتکردن چییە؟
خیانەتکار ئەو کەسەیە کە لە ئیرادە و خواستی گەلەکەی هەڵدەگرێتەوە و لە سەنگەری داگیرکاری وڵاتەکەی و چەوسێنەری گەلەکەیەوە شەڕی گەیشتن بە سەربەخۆیی و بەدیێنانی ئامانجی گەلەکەی خۆی دەکات، ئامانجی خیانەتکار لە خیانەت کردن بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی و تایبەتییە لەسەر حیسابی دەستکەوتی گەل و نەتەوەکەی.
گوتمان: کورد جۆرە خیانەتکارێکی هەیە لە خیانەتکارانی هەموو گەلانی دنیا جیاوازتر مەترسیدار ترن، ئەوانیش ئەو خیانەتکارانەن کە ریکلام بۆ خۆشگوزەرانی ژیانی ژێردەستەیی دەکەن و سەربەخۆیی گەلەکەیان بە کارەسات و نەهامەتی دەزانن، خەبات و شۆڕشگێڕی سەربەخۆخوازان بە تاوان دەزانن و خیانەتی خۆشیان وەک هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری بە ژێردەستە و چەوساوەکان دەفرۆشنەوە.
مەترسی ئەو جۆرە خیانەتکارانە لەوەدایە خۆیان بە فریادڕەس دەزانن و منەتی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری و کوردستان ویستیش بەسەر خەڵکدا دەکەن، بەو هۆیەوە کۆمەڵە خەڵکێک دەخزێننە ناو زەلکاوی خیانەت کە بڕوایان بە خیانەت نییە و بە هۆی فێڵ و تەڵەکەبازی ئەوانەوە تووشی خیانەت دەکرێن،