کوردایەتی و کۆرۆنایەتی

کوردایەتی و کۆرۆنایەتی

لەگەڵ درووست بوونی هەر قەیرانێک عێراقچی و دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستان، هەموو کێشە و جیاوازیە سیاسیەکانیان وەلا دەنێن و لە پرۆسەی خیانەت و وڵاتفرۆشی و دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێم و بەری رەنجی خوێنی شەهیدان و هاتوهاواری موزایەدەدا یەک دەگرنەوە، بەوەشەوە ناوەستن و دەنگ و هەڵوێستیان دەخەنە پاڵ دەنگ و هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد و لەوان توندتر دەکەونە دژایەتی کردنی بیری کوردایەتی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان.
ناگەڕێمەوە سەر ئەو رۆژانەی کە ئەوان چۆن بە دوای دەرفەت و قەیراندا دەگەڕن و لەگەڵ درووست بوونی هەر قەیرانێک چۆن پشتیوانی دوژمنانیان دەکرد و بە رێنماییەکانیان بەرچاویان روون دەکردنەوە، ئەوەی دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم ئەو ترس و قەیرانەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەر جیهانی هێناوە، مەترسی ئەو ڤایرۆسە لە هیچ وڵاتێک ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی نەهێشتووە و بۆ زڵبوون و رەواندنەوەی مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات چوونەوە پاڵ یەکتری، بەڵام لە کوردستان لەگەڵ زیاتر دەرکەوتنی مترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوژمنانی کوردایەتی کە زۆرینەیان هاوبەشی دەسەڵاتیشن، پەردەی دوژمنایەتی کردنی خەڵک و حکومەتی هەرێمیان لەسەر خۆیان لاداوە و وەک پیشەی هەمیشەییان داوا لە بەغدا دەکەن سیاسەتی قوت و مووچە بڕینی خەڵکی کوردستان دووبارە بکاتەوە، ئەوەی کە جێگای داخی ئەو دەستە و گرووپانەیە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەغدا لەسەر قوت و مووچە بڕین رازی بکەن، بۆیە بە ناچاری و بۆ دژایەتی کردنی بیری کوردایەتی هەوڵدەدەن هێز لە بیری کۆرۆنایەتی وەربگرن.
Top