شلۆقی بەغدا و هەڵپەی خۆفرۆشتن
March 31, 2020
وتار و بیروڕا
ئەحمەدی حاجی رەشید و سەرکەوت شەمسەدین و وشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد و هەندێ پەرلەمانتاری تریش، لە مەزادخانەی ناوچەی سەوزی بەغدا خۆیان هەراج کردووە و دەڵێن: کێ کڕیارە و ئێمە خۆمان خۆفرۆشین، خاک، شەرەف، نامووس، چیتان دەوێ هەمووی بە خەندەیەکی ئێوەی عرووبەخواز دەفرۆشین، بەڵام کێشە ئەوەیە بارودۆخی سیاسی بەغدا ئەوەندە شلۆق و ناجێگیرە کەسێک ئامادە نییە پێیان بڵێ نرخی خۆفرۆشیتان چەندە؟
بەبێ ئەوەی کڕیارێک لایان لێ بکاتەوە بانگەشە بۆ کڕیارەکانی شۆڤێنیزمی عەرەبی دەکەن و دەڵێن: ئێوە بەدەست کوردەوە گرفتار بوون، ئێوە خەمی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی عرووبەتان هەیە، وەرن نەخشەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی ئێوەی عووبەخواز لای ئێمەی تامەزرۆی خۆفرۆشییە، وەرن ئێمە پێتان دەڵێین: چۆن دەتوانن یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی خۆتان بپارێزن، ئێمە پێتان دەڵێین: چۆن خۆتان و عێراقە ئاوەدان و شەفاف و دیموکرات و خۆشگوزرانەکەتان لە تێکدەرانی کورد دەپارێزن، بەو حاڵەش کەس کڕیار نییە و دوو دیناری قەڵبیان پێنادات، دەی مادام هەر ئامادە نین بمانکڕن، ئێمە پێمان سپێردراوە هاوکاری ئێوە و دژی حکومەتی کوردی بین، بۆیە پێتان دەڵێین: مووچە و پارە مەنێرن بۆ ئەو تێکدەرانەی کوردستان و قوتی خەڵک ببڕن و خۆتان و ئێمەش بحەسێننەوە.