بارزانی باوك چی بۆ بارزانی كوڕ جێهێشتووە؟
March 28, 2020
وتار و بیروڕا
من ناڵێم.. مێژوو دەڵێت: پیرۆزترین و بە بەهاترین سەرمایە كە وەك ئەمانەتی نەتەوەیی لە بارزانی باوكەوە بۆ بارزانی كوڕ مابێتەوە، بیری نەتەوەیی و بەگژدا چوونەوەی سیاسەتی داگیركاری و خواستی سەربەخۆیی و بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە، دەوڵەتی كوردی لە پارچەیەكی كوردستان نا، خواستی بارزانی باوك دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بوو لەسەر ئاستی كوردستانی گەوە، بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان لە یەكێك لە بەشە داگیركراوەكانی كوردستان بە كلیلی كردنەوەی بەختی كوردی زانیوە، هەر بۆیەش خەباتی ڕزگاری نیشتمانی بە شكاندنی سنووری دەستكرد دەست پێكرد و لە هەر بەشێك زەمینەی خەبات لەبار بووبێ، هێزی سیاسی و سەربازی گواستۆتەوە ئەو بەشە، چوونی بۆ پشتیوانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باكوور و كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵات باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، ڕەنگە كەسانێكی بێئاگا لە مێژوو یان بە مەبەستی سیاسی و شێواندنی ڕاستییەكان بڵێن: داواكاری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەركردایەتی بارزانی باوك، حوكمی زاتی (ئۆتۆنۆمی) بووە، جا ئەگەر ئەوە داواكاری بارزانی باوك بوو بێ بە كام بەڵگەی مێژوویی خواستی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەسەلمێنن؟ بە پێی ئەو بەڵگە مێژووییەی بارزانی باوك لە وەڵامی ئەو پرسیارەی مامۆستا هەژار موكریانی كە دەڵێت: لەبەر ئەوەی لە هیچ لایەكەوە ناچینەوە سەر دەریا ببینە دەوڵەتیش كێشەی زۆرمان بۆ دروست دەبێ، بارزانی نەمر دەفەرمووێ: هەژار تۆ بەلای خۆتەوە شەرەفنامەت وەرگێڕاوە، ئەی نابینی كوردستان لە ئەسكەندەرونەوە دەچێتەوە سەر دەریا، یان لە فەرموودەیەكی تردا دەڵێت: بەلامەوە گرنگە ئاڵای كوردستان هەڵبكەم، بەلامەوە گرنگ نییە هەڵكردنی ئەو ئاڵایە لە مهاباد یان هەولێر یان دیاربەكر دەبێ. ئەو دوو بەڵگە مێژووییە و بوونی هێزی سیاسی و سەربازی بارزانی باوك لە خەباتی ڕزگاریخوازی بەشەكانی تری كوردستان، بەسە بۆ بەئاگا هێنانەوەی بێئاگایان و بەرچاو ڕوونی ئەوانەی خۆیان لە ڕاستییەكان بواردووە و دەبوێرن، ئەگەرنا داواكاری حوكمی زاتی لای بارزانی باوك لە قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوودا، تەنها داواكارییەكی كاتی بووە و بۆ هەلومەرجێكی تایبەتی خەباتی بۆ كردووە، ئەوەتا بە پێی بەڵگە مێژووییەكان وەك دەبینین دوا خواست و ئامانجی بارزانی باوك یەكگرتنەوەی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بووە، بەڵام كاتێ لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول داوای حوكمی زاتی كردووە، وەك سیاسییەكی ئەزمووندیدە واقعیی سیاسی ئەو سەردەمەی لەبەرچاو گرتووە و وەك سەركردەیەكی نەتەوەیش هەرگیز پێویستی بەوە نەبووە موزایەدە بە ئامانجە نەتەوەییەكانەوە بكات، تا باس لە ئامانجێك بكات كە لەلایەن سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناهاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری نێوان كورد و دوژمنانیەوە ڕێگە پێنەدراو بووە. ئەوەی بەڵگە مێژووییەكان بۆمان دەگێڕنەوە بارزانی باوك لە پۆلێن كردنی ئامانجە نەتەوەییەكان و دابەش كردنیان بەسەر ئامانجی نزیك و دوورو لە نزیكیانەوە هەڵكشان بەرەو دوا ئامانج، خوێندنەوەی دروستی بۆ واقیعی سیاسی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی كردووە، چونكە ناكرێ سەركردەی ئەزمووندیدە لە خەباتی ڕزگاری نیشتیمانیدا كارلێكە سیاسیەكان لەبەرچاو نەگرێ و حساب بۆ كاردانەوە دوژمنكاریەكان و بەریەككەوتنی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەكان نەكات، بارزانی باوكیش لەو دیدگا و جیهانبینیەوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ڕوانیوە، ئەو ڕوانینەش بەلای دوژمنانی كورد و داگیركارانی كوردستانەوە بەزاندنی هێڵی سووری ساسەتی داگیركاری و خولیای خۆسەپاندنیان بووە و بەردەوام ئاستەنگیان بۆ دروست كردووە، ئەوە پوختەی وەڵامی ئەو پرسیارە بوو كە بارزانی باوك ئەمانەتێكی نەتەوەیی بۆ بارزانی كوڕ جێهێشتووە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە كە بارزانی كوڕ تا كوێ هەوڵەكانی لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەكانی بارزانی باوك چڕ كردوونەوە؟ وەك بەڵگە مێژووییەكان دەریانخست بارزانی باوك خواستی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی وەك دوا ئامانج لە كارنامەی خەباتی شۆڕگێڕیدا چەسپاندووە و وەك ئامانەتێكی نەتەوەیی بۆ بارزانی كوڕی جێهێشتووە، لەگەڵ هاتنە پێشی ڕووداوی تازە و ئەگەری ڕوودانی گۆڕانكاری نوێ، بارزانی كوڕ پەردەی لەسەر ئەو ئامانجە چەسپاوە لادا كە وەك ئەمانەتێكی نەتەوەیی لە بارزانی باوكەوە بۆی بەجێماوە، ئەوەی بە هەڵوێست و كار و چالاكیە سیاسی و دیبلۆماسیەكانی بارزانی كوڕیشەوە دیارە، لە بەرامبەر هێڵی سووری دوژمنان كە وەك بەربەست لەبەردەم گەیشتنی كورد بە سەربەخۆیی كێشاویانە، ئەویش هاوشێوەی بارزانی باوك كە لە پێناو بە هاناوە چوونی كوردانی بەشەكانی تری كوردستان بەرە بەرە هێڵی سووری دوژمنانی دەبڕێ و كورد لەو ئامانجە نزیك دەكاتەوە كە بارزانی باوك وەك دواخەون بۆی بەجێهێشتووە.