پارتی لە دوو قۆناغی چارەنووسسازدا
March 28, 2020
وتار و بیروڕا
پرسی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، پرسێک بوو پەیوەندی بە هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان و تاک بە تاکی کورد و نەوەکانی داهاتووشەوە هەبوو، لە سەرەتای بڕیاردان و بانگەشەی ریفراندۆم هەموو حزبەکانی کوردستان سیاسەتی نە شیش بسووتێ و نە کەبابیان گرتەبەر، لەوەشدا تێبینی ئەوەیان کردبوو ئەگەر رێفراندۆم سەری گرت ئەوا خاوەنی رێفراندۆمن، خۆ ئەگەر سەریشی نەگرت ئەوا دژی ریفراندۆمن.
لەگەڵ پیلانەکەی سەر ریفراندۆم وەک بینیمان (پارتی)یان بە تەنیا بەجێ هێشت و هەموویان کەوتنە دژایەتی کردنی ریفراندۆم، بە دژاریەتی ریفراندۆمیش دڵیان ئاوی نەخواردەوە و بۆ راکێشانی سەرنجی داگیرکارانی کوردستان سەنگەریان لە ریفراندۆم و دەنگ و بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان گرت، بە سەنگەر گرتن و بە دادگا گەیاندی سەربەخۆخوازانیش نەوەستان و داوای نەهێشتنی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)یان دەکرد.
پرسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش پرسێکی ترسناک و گشتگیرە و هەڕەشەیە لەسەر ژیانی هەموو خەڵک و جیاوازی ناکات، لەوەشدا دوور لە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی (پارتی)یان بە تەنیا بەجێ هێشتووە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە ددان پێدانانی رێکخراوی تەنردووستی جیهانی حکومەتی هەرێم باشتر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان رێکارەکانی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسەی گرتەبەر، بە پێچەوانەوە لایەناکان وەک پرسی ریفراندۆم کەوتنەوە یاری کردن لەسەر دوو حەبل و ئەرکیان دابەش کرد، بەشێکیان باس لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن و بەشەکەی تریشیان کەوتوونە موزایەدە بە هەست و سۆزی خەڵک و چاوەڕوانی رووداوەکان دەکەن، جا رووداوەکان بە کاملادا کەوتن خۆیان دەکەن بە خاوەنی باشەکان و خراپەکانیش بۆ پارتی بەجێ دێڵن.