کورد لە نێوان زوڵمی دیکتاتۆری و تەرجومەی هەڵە و بە لاڕێدا بردنی دیموکراتی
March 24, 2020
وتار و بیروڕا
دەیان ساڵە کورد باجی دیکتاتۆری دەدات، ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کاولکردنی کوردستان بەشێک لەو باج و کارەسات و نەهامەتیانە بوون کە دیکتاتۆریەت بەسەر کوردی هێنان، لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانی کورد ببەزێنێ و دەستبەرداری ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی و بە ئازادی ژیانی گەلەکەی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی بکات، ململانێ و شەڕ و بەیەککەوتنی نێوان کورد و دیکتاتۆریەت زۆر قۆناغی سەخت و بەریەککەوتنی بەردەوامی بڕین و سەرئەنجام کورد سەرکەوت و دیکتاتۆریەت بەزی.
دوای سەرکەوتنی کورد و بەزینی دیکتاتۆریەت، هەندێ دەستە و گرووپی کوردی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و بە ئامانجی رشتنی کۆنەقین و بە مەبەستی بە لاڕێدا بردنی دەموکراتی کەوتنە شرۆڤە و بە هەڵە تەرجومە کردنی دیموکراتی، تا وای لێهات دیموکراتی بوو بە بەرەڵایی و مەترسییەکانی شوێنی مەترسی دیکتاتۆریەتیان گرتەوە، ئاخر کاتێک دیموکراتی بە حەز و خولیای هەندێ دەستە و گرووپی بەرژەوەندخواز پێناسە بکرێ لە سنوور دەرچێ و دەبێ بە بەرەڵایی، وەک ئەو دەستە و گرووپانە بە پیلان و نەخشەرێژی پێشوەختە کردیان، ئەو کاتەش مەترسیەکانی بەرەڵایی لە بەرگی دیموکراتیدا هیچ کەمتر نابن لە مەترسیەکانی دیکتاتۆری، چونکە ئەوکات وەک بینیمان دوژمن لە بن باڵی ئەو دەستە و گرووپانە و بە ناوی دیموکراتی و ئازادی بیروڕا دزە دەکات و ئەوەی بە دیکتاتۆری پێی نەکرا، لە پانا و پەسیوی بە هەڵە تەرجومەکردنی دیموکراتی زۆر بە ئاسانی دەیکات.
لە پەنای بەرەو پێش چوونی پرۆسەی دیموکراتی و ئازادی بیروڕا خیانەت حەڵاڵ کرا، کوردستان تونس و میسرە و (ارحل)، مووچەمان دەوێ و ئازادیمان ناوێ، عەبادی عەبادی، داهێنانی بایکۆت و بە تایبەتیش بایکۆتی سێکتەری پەروەردە و کەرتی تەنرووستی کە پەیوەنییان بە داهاتووی گەل و ژیانی خەڵکەوە هەبوو، پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و زۆر گوتن و درووشمی تر، لەو خیانەتانە بوون کە بە هۆی بە هەڵە تەرجومە کردنی دیموکراتی و بوونی ئازادی بیروڕا حەڵاڵ کران، بەو هۆیەوە دوژمنان توانیان دزە بکەنە ناو پرۆسەی سیاسی کوردستان، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەوەی بە خەبات و قوربانیدان لە دیکتاتۆرانمان ستاندەوە، ئەگەر وریا نەبین ئەو دەستە و گرووپانە لە دیموکراتی بە هەڵە تەرجومە کراو و ئازادی بیروڕای بار دەکەن و بۆ دوژمنانی دەبەنەوە.