مادام دەسەڵات وادەڵی درۆیە
March 23, 2020
وتار و بیروڕا
هەندێ کەس و دەستە و گرووپی سیاسی کوردی وا راهێنراون هەرچی دەسەڵات بیڵێ، ئەوان بیدەنە بەر تانەو تەشەر و بە بانگەشەی درۆی دەسەڵات خەڵکی لێ دوودڵ بکەن، فەرموون ئێوە و چەند نموونەیەک:ــ
دەسەڵات گوتی: حکومەتی بەغدا دەستوور پێشێل دەکا و بەرەو دیکتاتۆریەت هەنگاو دەنێ، ئەوان گوتیان: دەسەڵات درۆ دەکات، لە بەغدا دیموکراتی و شەفافی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری هەیە، بەڵێ.. دیموکراتی و شەفافی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری ئێستای بەغدا دەریخست کە دەسەڵات درۆی کرد و ئەوان راستیان کرد.
دەسەڵات گوتی: داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی و مەترسیدارە، ئەوان گوتیان: دەسەڵات درۆ دەکات، دوایی دەرکەوت دەسەڵات درۆی کرد و ئەوان راستیان کرد، هەموو مەترسییەکانی داعیشی تیرۆریست سەربڕینی پیاو و بە کەنیزە کردن و کڕین و فرۆشتن بوو بە ژن و کچانەوە.
دەسەڵات گوتی: حەشدی شەعبی میلیشیایە و بۆ کورد مەترسیدارە، ئەوان لە پەرلەمان بە یاساییان کرد و گوتیان: حەشدی شەعبی پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراقە و ئارامی و ئاسایشی بۆ کەرکوک گێڕاوەتەوە، دەرکەوت دەسەڵات درۆی کرد و ئەوان راستیان کرد، ئێستا کەرکوک لە ئارامی دایە و هیچ کێشەیەک لەو شارە نییە.
ئێستا دەسەڵاتی کوردی و هەموو جیهان دەڵێن: ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارە، ئەوان دەڵێن: دەسەڵات درۆ دەکات و مەبەستی ئەوەیە مووچە نەدات بە فەرمانبەر و مووچەخۆران، پێدەچێ لەوەشدا دەسەڵات درۆ بکات و ئەوان راست بکەن، چونکە لە هەموو ئەو نموونانەی سەرەوە دەسەڵات درۆی کرد و ئەوان راستیان کرد، با چاوەڕوان بین و داهاتوو پێمان دەڵێ کامیان درۆ دەکات و کامیان راست دەکات.