کۆرۆنا.. داعش و حەشد و عێراقچییەکان

کۆرۆنا.. داعش و حەشد و عێراقچییەکان

داعش هات و مەترسی خستە سەر شکۆی نەتەوەیی و مانەوەی کورد وەک نەتەوە و نامووسی تاک بە تاکی کورد، هەندێ کەس و دەستە و گرووپ غیرەتی کوردبوون نەیگرتن و موچوڕکەی پیاوەتی و کوردایەتیان بە لەشدا نەهات، هەر ئەوەنا! بەڵکو بۆ نانەوەی دڵەڕاوکێ و دابەزاندنی ورەی بەرگریکاران بانگەشەیان بۆ هێز و تواناکانی داعش دەکرد و پێشمەرگەش کە بە تاکە ئومێدی کوردپارێزی دەناسرا بە میلیشیایان ناودەبرد.
لە دوای ریفراندۆم وەک رێگری لە گەیشتن بو خواستی رەوای سەربەخۆیی کوردستان، کورد وەک هەموو جارەکانی رابردوو خرایە ناو بازنەی پیلانگێڕی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان، لە گەرمەی بەرگریەکانی پێشمەرگە و تۆمارکردنی داستانەکانی پردێ و سحێلا، کە خەونی داگیرکارانی و دوژمنانی زڕاند و خۆزگەی گەیشتنی خیانەتکارانیشی بە دەستەکەوتی تایبەتی کردە خوزگەیەکی بەدی نەهاتوو، ئەو کەس و دەستە و گرووپانە لە کەناڵەکانی میدیاکانیانەوە هەواڵی (بە پەلە)ی پێشڕەویەکانی حەشدی شەعبی و نزیک بوونەوە لە داگیرکردنی هەولێری پایتەختیان وەک موژدە و نوقڵانە دەبەشیەوە.
پەلامارەکانی داعش بە بەرگری پێشمەرگە و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی تێکشکێنرا و پێشمەرگە وەک هێزی داعش شکێن ناوی چووە ناو فەرهەنگی سیاسی و سەربازی جیهانی، بە دیبلۆماسیەتی سەرکەوتووانەی نێچیرڤان بارزانیش گەمارۆکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر خرانە ژێرپێی سەربەخۆخوازان، ئەو دوو رووداوە، واتا هاتنی داعش و پەلامارەکانی حەشدی شەعبی، کە داگیرکارانی کوردستان و دەستە و گرووپە عێراقچییەکان ئومێدی پاراستنی یەکپارچەیی عێراقیان لەسەر هەڵچنیبوو، وەک وەڵی قەڵب بەسەر خاوەنەکانیاندا درانەوە و پرسی کوردیش دوو هەنگاوی چاوەڕوان نەکراو چووە پێش.
ئێستا کۆرۆنا هەموو جیهانی راچڵەکاندووە و وڵاتان بە خۆپارێزی کەوتوونە رێگری لە بڵاو بوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە ترسناکە، حکومەتی هەرێم و بە تایبەتیش سەرۆکی حکومەت زۆر زوو هەستی بە مەترسی بوونی ئەو ڤایرۆسە ترسناکە کرد و بۆ خۆپارێزی کەوتە بڵاو کردنەوەی رێنمایی پێویست، ئەوەش وایکرد رێنماییەکانی سەرۆکی حکوموت و هەنگاوەکانی خۆپارێزی دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی وەرگرێ، هەر ئەو دەستە و گرووپانە بوونی ئەو ڤایرۆسەشیان بە سیاسی کردووە و کەوتنە بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ و لێدانی تانە و تەشر لە رێنماییەکانی خۆپارێزی، لێرەدە دەمەوێ بڵێم: چۆن داعش و حەشدی شەعبی و دەستە و گرووپە موزایەدەچی و عێراقچییەکان لەبەردەم بەرگری پێشمەرگە و ئیرادەی سەربەخۆخوزان بە چۆکدا هاتن، ئەمجارەش لەگەڵ هاوپەیمانە تازەکەیەیان کە ڤایرۆسی (کۆرۆنا)یە لەبەردەم رێنماییەکان و بەدەنگەوە چوونی خەڵک بە چۆکدا دێن و پرسی کورد هەنگاوێکی تر دەچێتە پێشێ.
Top