چۆن سەردەکەوین؟
March 22, 2020
وتار و بیروڕا
چۆن سەردەکەوین پرسیارێکە و پێویستە هەموومان بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین، وەڵامی دروستی ئەو پرسیارەش ئەوەیە کە بە یەکگرتن سەردەکەون، ئیرەیی بردنیش هەموو دەرگاکان بە رووی یەکگرتندا دادەخات، کەواتە ئیرەیی بردن گەوررترین نەخۆشی ناو کۆمەڵگای کوردەوارییە و دەیان ساڵە باجی ئیرەیی بردن دەدەین و ئەگەر بە خۆماندا نەچینەوە، دەیان ساڵی تریش باجدانی ئیرەیی بردن بەردەوام دەبێ، ئەوەش ئەو پرسیارە بە دوای خۆیدا دێنێ کە ئیرەیی بردن چۆن درووست دەبێ و چۆن چارەسەر دەکرێ؟
ئیرەیی بردن لە دوو حاڵەتدا درووست دەبێ، حاڵەتی یەکەم:ــ کاتێک درووست دەبێ کە کەسە بێهێز و بێ توانکان بۆ شاردنەوەی لاوازی و بێ توانایی خۆیان هەوڵبدەن کیشە بۆ کەسانی بەهێز و بە توانا درووست بکەن، حاڵەتی دووەم:ــ ئەو کاتە درووست دەبێ کە کەسە بەهێز و بە تواناکان دەست بۆ مافی کەسە لاواز و بێ تواناکان بەرن.
لێرەوە گەیشتینە سەرەداوی وەڵامی پرسیارەکە و ئەو راستییەی کە بە نەهێشتنی ئیرەیی بردن یەکگرتن درووست دەبێ و بە یەکگرتنیش سەردەکەوین، کاتێکیش ئیرەیی نامێنێ کە کەسە بەهێز و بە تواناکان بۆ درووست کردنی هاوسەنگی هێز لەناو کۆمەڵگادا، هێز و توانای خۆیان بە بێهێز و بێ تواناکان ببەخشن، بێهێز و بێ تواناکانیش شەرم نەیانگرێ و ئامادەبن بە شانازییەوە کەڵک لە هێز و توانای بەهێز و بە تواناکان وەربگرن.