ئەم دۆخە خواستی شۆڕشگێڕانی راستەقینە نەبوو.

ئەم دۆخە خواستی شۆڕشگێڕانی راستەقینە نەبوو.
دوای نزیكەی شەش مانگ، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی عێڕاق. بەڵام تاكو ئێستا ئامانجی خۆپیشاندەرانی راستەقینە نەهاتۆتەدیی، دەبێت لەوەش دڵنیا بن خواستی ئەوان لە حكومەتی داهاتوو یاخود لە كاتێكی نزیك بەدی نایەت.
لە سەرەتای ئۆكتۆبەری 2019 هاووڵاتیانی عێڕاق دەستیانكرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر ئەو دۆخە خەرابە كەڵكە بووەی زۆرینەی دانیشتوانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەگوزەرێنن. رازی نەبوون لە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزرای.
داواكاری راستەقینەی خۆپیشاندەرانی شۆڕشگێڕ لەمافە سەرەتایەكانیان تێنەدەپەڕی، وەك باشكردنی دۆخی ژیانی گشتی لە رێگەی" دامەزراندن، ئاو، كارەبا و باشكردنی ژێرخان... چەندین داواكاری تر. بەڵام هەرزوو سیاسیەكانی عێڕاق، بەناوی خەمی گشتی خۆیان خزاندە ناو خۆپیشاندەرانەوە لەرێگەی ناردنی ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگر. ئەمەش وایكرد داواكاری خۆپیشاندەران لە خزمەتگوزرای بگۆڕێت بۆ گۆرینی حكومڕانی، ئەوە دۆخی عێڕاقی ئاڵۆزتركرد، لە ئەنجامدا دەنگی خۆپیشاندەرانی راستەقینە خامۆشكرا، دەنگی سیاسیەكان لەناو خۆپیشاندەران بەرزكرایەوە.
خۆپیشاندەران قوربانی زۆریاندا، بەڵام ئامانجەكانیان بەدی نەهات. لەلایەكی تر ئامانجی بەشێك لەوسیاسیانەش نەهاتەدی، هەوڵیاندا لە پەنای دەنگی خەڵك خۆیان بەدەسەڵات بگەیێنن، تاكو وای لێهات ململانێی وڵاتانی ناكۆكی وەك ئەمریكا و ئێران لە عێڕاق تۆخ ببێتەوە.
هەرچەند لە مێژوودا دەگمەنن ئەوانەی شۆڕش دەكەن، بتوانن بە دەسەڵات بگەن و ئەو مافەی بۆی تێدەكۆشن بە دەستی بهێنن. وەكو: راپەڕینی كۆیلەكان لە رۆمای كۆن، راپەڕینی جوتیاران لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاست و شۆڕەكانی سەدەی 17 و 18. لە هەموو ئەو ململانێ گەورانە چینی شۆڕشگێر لە چینی هەرە چەوساوەی كۆمەڵگە بووە. لە كۆتایدا ئەنجامی هەوڵەكان بەگۆڕینی كەمینەیەكی دەسەڵاتدار بۆ یەكێكی تر كۆتایی هاتووە.
بەهەمان شێوە لە چینی كۆن كۆمەڵێك شۆڕشی جوتیاری سەركەوتوو هەبوو، بەڵام لە كۆتایدا ئیمپراتۆرێكیان گۆڕی بە یەكێكی تر، هەروەها ئەوەی زۆرترین تێكۆشانیانكرد لە وڵاتی فەرەنسا (چەكداری رووت) یاخود چەكداری هەژاربوون. بەڵام لە كۆتایدا دەسەڵاتیان نەگرتە دەست بەڵكو ئەوانەی بوونە فەرمانڕەوا لە پیاوانی بانك و پیشەسازی بوون، لە بڕی پادشا حكومیانكرد.
بۆیە دوو هۆكار دەبینم لە شكەستی خۆپیشاندەر و شۆڕگێڕانی عێڕاق لە بەدی نەهاتنی مافەكانیان.
یەكەم: پێشكەوتنی كۆمەڵگە دابەشبوونی چینایەتی كردۆتە شتێكی زەروری. یاخود دەتوانین بڵێین ئاستی سامانی گشتی بۆ چینێكی دیاركراو دەچێت وەك پیاوانی مەرجەع، تاقمە چەكدارەكان و دەست و پێوەندەكانی. بەشێكی زۆری خەڵكی كەوتوونەتە هەژاری ئەمەش وادەكات ئەنجامی ململانێ‌ سود بینینی تاقمێكی تربێت لە دەسەڵات لەدەرەوەی ویستی خۆپیشاندەرانی شۆڕشگێڕ.
دووەم: سەختی ژیان لەچەند ساڵی رابردوو كەمی داهاتی تاكی دوور لە فەرمانڕەواكان، وایكرد چینی خۆپیشاندەر نەتوانن خۆیان ئامادە بكەن بۆ فەرمانڕەوایكردنی وڵات. جۆری بیركردنەوەیان تەنها بۆ داخوازی سەرەتایی بوو، لەسەروی ئەوەش ناكۆكی نێوان خۆپیشاندەران وایكرد بەسەربەرەی جیاواز دابەشبن، ئەمەش لە سودی سیاسیەكان كۆتایی پێهات تاكو بە ئاسانی داواكاری خۆپیشاندەران بگۆڕن و لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، هەروەها ئاسانتر رێككەوتن لە نێوان خۆیان بكەن بەو مەرجەی هیچ لایەنێكی سیاسی لە داهاتی وڵات پەراوێز نەخرێت.

نوسینی: گەردین ناوەندەیی.
Top