ئۆپۆزسیۆن و کۆرۆنا هاوپەیمانن
March 19, 2020
وتار و بیروڕا
لە هەموو دنیادا کاتێک مەترسی دەکەوێتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، یان وڵات دەکەوێتە بەر پەلاماری دەرەکی، بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسی و پەلامارە و یەکخستنی هەموو هێز و تواناکان و درووست کردنی هێزی نیشتیمانی، دەسەڵات و ئۆپۆزسین دەچنەوە پاڵ یەک، بەڵام ئۆپۆزیسۆنی کوردی رێژەی نەگۆڕە و لەو کاتە مەترسیدارانەدا هەڵوێستی خۆی توندتر دەکات و لە ئۆپۆزسیۆنەوە خۆی دەکات بە دوژمن.
لە رابردوودا و لە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد ببوونە هاوپەمانی بەغدا و بە هەموو شێوەک رەواییان بە هەڵوێستە دوژمنکاریەکانی بەغدا دەدا و، هەڵوێستی بەرگریکارانەی حکومەتی هەرێمیشیان لە بوونی کورد و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی بە تاوان دەزانین.
لە شەڕی داعش و لە گەرمەی پەلامارەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ سەر کوردستان و هەڵپەی بە کەنیزە کردنی کچ و ژنی کورد و هەوڵدان بۆ کڕین و فرۆشتن پێیانەوە، ئۆپۆزسیۆنی کورد بە ئاژاوەگێڕیەکانی سەر شەقام و بایکۆت هەوڵیدەدا هەڵوێستی بەرگریکارانەی کورد لە بەرامبەر هەڵوێستی داگیرکارانەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لاواز بکات، تەنانەت ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان لەوەدا دەدۆزیەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بیگوتبا: خۆا هەقە، حزبە ئیسلامیەکان وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن باوەڕیان نەدەکرد و دەیانگوت: مادام دەسەڵاتی کوردی وا دەڵێ گومانمان هەیە.
با لە رابردوو بگەڕێین و باسێک لە ئێستا بکەین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا هەموو مرۆڤایەتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و لە هەوڵی ئەوەدان چۆن پێش بەو ڤایرۆسە بگرن و چۆن رێگا چارەی خۆپاراستان بدۆزنەوە، لەوەشدا ئۆپۆزسیۆنی کوردی دژ بەو رەوتە جیهانیە بۆتە ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی کۆرۆنا و هەر ئەوە ماوە بڵێن:ــ
ئەی کۆرۆنا ئێمەی ئۆپۆزسیۆن و ئێوەی بکوژ هەردوو هاودەردین
هەردوو زەبوون و گرفتاری هاوپەیمانی نێوان دەسەڵات و خەڵکین