کۆمەڵکوژی بارزانیەکانیش هاوشێوەی کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کارەساتێکی نەتەوەیی بوو
March 18, 2020
وتار و بیروڕا
هەموو ساڵێک لە یادی ئەنفال و لە یادەوەری رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە وەک دوو کارەساتی نەتەوەیی یادیان دەکریتەوە، ئەو یاد کردنەوەیە کاتێک جێگای خۆی دەگرێ کە پەندی لێوەربگیرێ و بە دوای هۆکاری روودانی ئەو دوو کارەساتەدا بگەڕێی و خەبات لە پێناو دووبارە نەبوونەوەیان بکرێ کە گەیشتنە بە مافی سەربەخۆیی، نەک فرمێسکی تیمساحی بۆ بڕێژی و موزایەدەی سیاسی پێوە بکەی، لەولاشەوە ببیتە فریادڕەسی فرۆکەوانە هەڵەبجە خنکێنەکە و رەوانەی ئەوروپای بکەی.
چۆن ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دوو کارەساتی نەتەوەیین، گومان لەوەدا نییە کە کۆمەڵکوژی بارزانیەکانیش هاوشێوەی کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کارەساتێکی نەتەوەیی بوو، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە لە ساڵیادی ئەو کارەساتەدا حزبەکانی سلێمانی و رۆشنبیرە لغاوکراوەکان بە وشەیەکیش یادی ئەو کارەساتە ناکەنەوە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو حزب و رۆشنبیرە لغاوکراوانە بە شێوەیەک بە ڤایرۆسی رق دووگیان بوون، کە بارزانیەکان بە تاوانبار و رژێمی بەعس بە بێتاوان دەزانن، بە هەموو پێوەرێکیش بێتاوان مافی ئەوەی هەیە بە هەر رێگەیەک بێ تاوابار لەناوبەرێت، ئەوانیش لە بێتاوانی بەعس و تاوانباری بارزانیەکانەوە سەیری کۆمەڵکوژی هەشت هەزار بارزانی دەکەن و بە خەتای دەزانن یادی بکەنەوە.
بەڵگەیەکی تر کە تەمومژی سیاسی سەر هەموو گومانەکانی ئەو بەڵگەیەی سەرەوە دەڕەوێنێتەوە، ئەوەیە لە هەموو ئەو پیلانگێڕیانەی لەم دواییانەدا لە دژی کورد و حکومەتی هەرێم گێڕدراون و سەرۆک بارزانی لە دژیان وەستاوەتەوە، ئەوانە هاوشانی دوژمنان و پیلانگێڕان پەلاماری بارزانی و بارزانیەکانیان داوە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە تا ئێستاش دەستبەرداری ئەو عەقڵەی رابردوو نەبوون و ئێستا بەرگری سەرۆک بارزانی لە کورد و ئەزموونی کوردستان بە تاوان و بەغدای عرووبەش بە بێتاوان دەزانن، ئەوەش جیا لەوەی رەوایی دانە بە کۆمەڵکوژی بارزانیەکان، پشتیوانی کردنیشە لە کۆمەڵکوژییەکی تر.